122وتار

سیحرەکانی سەرکەوتنی ژیانی هاوسەری

11/7/2024 12:12:00 PM
دکتۆر هێمن خورشید

ژیانی هاوسەری گرێبەستێکی خۆویستانەیە لەنێوان دوو کەسدا، کە بەر لەو گرێبەستە دوو کەسی ئازاد و لەیەکتر دوورن و هیچ مافێکیان بەسەر یەکەوە، وەلێ دوای گرێبەستەکە دەبن بە نزیکترین کەسی یەکتر و هەریەکە کۆمەڵێ ماف و ئەرکیان بەرانبەر ئەویتر دەکەوێتە سەر.

گرنگترین خاڵی هێشتنەوەی ئەو گرێبەست و پەیوەندییە بە پتەوی، ڕێزگرتنی هەریەکە لەو دوو کەسەیە لەویتر.

هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی یەکێک لەو دووانە بێڕێزی بەویتر بکات.

پیاو نابێت ڕێگە بە خۆی بدات دەست لە ژن بەرز بکاتەوە، ئەگەر جارێکیش لە دەستی دەرچوو، باش وایە جڵەو بۆ خۆی شل نەکات و نەیکات بە خوو هەر جارێک شتێکی بە دڵ نەبوو پەلاماری هاوسەرەکەی بدات. هیچ ئازایەتییەک نییە بۆ پیاو لە ژن بدات، بەپێچەوانەوە ئازایەتیی ئەوەیە لە کاتی تووڕەبووندا جڵەوی خۆی بکات و هەڵنەچێت.

ناشیرینترین شتێک کە ژن ناشیرین دەکات و لەبەرچاوی مێردەکەی سوکی دەکات دەمشڕییە. هەر ئافرەتێک لە کاتی هەڵچووندا دەرکەی زاری خۆی پێ نەگیرا و هەرچی لە هەناویدا بوو هەڵیڕشت، قەدر و بەهای لەبەرچاوی مێردەکەی و هەرکەسێکیشی بیناسێت لە دەست دەدات و وردە وردە بە دەستی خۆی ماڵی خۆی وێران دەکات. زارشڕی یان زارپیسی سەرەتای لەبەریەکهەڵوەشانی خێزانە. هەر ژنێک بێباکانە جنێوی بە مێردەکەی دا، بەر لەوەی ئیهانە بە مێردەکەی بکات ئیهانەی بە خۆی کردووە، هەر ژنێک بە لە شکۆی مێردەکەی دا و لەبەرچاوی منداڵەکانیدا قسەی نابەجێی ئاراستە کرد، تووک و دوعای لێ کرد، قسەی خراپی بە کەسوکارەکەی وت، پیتێک لە ئادابی  ژیانی هاوسەری حاڵی نەبووە هیچ، ڕێزی خۆیشی نازانێت، چونکە بە دەستی خۆی ئاگر لە ماڵی بەردەدات و کۆڵەکەی خانووەکەی دەڕووخێنێت.

ئەو ماڵانەی ژن تێیاندا سوکایەتی بە مێردیان دەکەن، منداڵەکانیان هیچ ڕێزێک بۆ باوکیان دانێن و دوور نییە لە پیریدا لە ماڵیش وەدەرنانی بنێن.

بۆ پیاو شتێک لە جنێودانی سەختتر مەگەر ئەوە بێت ژنەکانیان لە باوەشی پیاوێکی تردا ببینن.

هەر مێردێک هاتبێتە لام و باسی ئەوەی بۆ کردبێتم ژنەکەی جنێوی پێ دەدات، نەمتوانیوە لێی نەپرسم: ئەی لەپای چی لەگەڵی ماویتەوە؟ ئەگەر یاسای باری کەسێتی بدرێتە دەستی من، لە بابەت جیابوونەوەدا بڕگەیەک زیاد دەکەم: هەر ژن و مێردیان جنێویان بە یەکتر دا، بێ یەکودوو تەڵاقیان کەوتووە و لە یەکتر حەرامن!

هیچ شتێک وەک قسەی خراپ بە یەکترگوتن ژیان ناشێوێنێت. پێم وایە هێشتا لێدان ئاسانترە، عەرەب دەڵێن برینی خەنجەر خۆش دەبێتەوە، لێ ئەوەی زمان ببڕێت خۆشبوونەوەی نییە.
جراحاتُ السّنانِ لها التئامُ
ولا يُلْتامُ ما جَرَحَ اللسانُ

بەو هیوایەی هەر ژن و مێردێک نیازی جنێودان و سوکایەتی بە یەکترکردنیان هەیە، بەر لەوەی ڕێ بە خۆیان بدەن ئەوە بکەن، هەنگاوێکی تر هەیە بینێن: بە ڕێزەوە ماڵئاوایی لە یەک بکەن و هەریەکەیان بچن بە لای کاری خۆیانەوە. چونکە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نەدراوەتێ بێڕێزی بە کەسێکی تر بکات، با ئەو کەسە نزیکترین کەسیشی بێت.

قورئانی پیرۆز لە بابەتی مانەوە یان جیابوونەوەدا باسی چاکەکاری دەکات، دەفەرموێت: "الطَّلَاقُ مَرَّتَانِ ۖ فَإِمْسَاكٌ بِمَعْرُوفٍ أَوْ تَسْرِيحٌ بِإِحْسَانٍ ۗ ". البقرة: ٢٢٩
تەنانەت دوای جیابوونەوەیش داوا دەکات باشەکانی یەکتریان لەبیر نەچێت: "  وَإِن طَلَّقْتُمُوهُنَّ مِن قَبْلِ أَن تَمَسُّوهُنَّ وَقَدْ فَرَضْتُمْ لَهُنَّ فَرِيضَةً فَنِصْفُ مَا فَرَضْتُمْ إِلَّا أَن يَعْفُونَ أَوْ يَعْفُوَ الَّذِي بِيَدِهِ عُقْدَةُ النِّكَاحِ ۚ وَأَن تَعْفُوا أَقْرَبُ لِلتَّقْوَىٰ ۚ وَلَا تَنسَوُا الْفَضْلَ بَيْنَكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ" البقرة: ٢٣٧.

پزیشکی پسپۆڕی ئاریشە دەرونیەکان

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ