82وتار

چەند سەرنجێک دەربارەی مەنبەج

12/9/2024 1:33:00 PM
د.ئارام ڕەفعەت

یەکەم، 
مەنبەج خاڵی لاوازی رۆژاڤایە. دواجار زوو یان درەنگ تورکیا و چەتەکانی داگیری دەکەنەوە. پێویست ناکات رحژاڤا هێزی مرۆیی و سەربازی خۆی لەوێ بەهەدەر بدات.

خاڵە لاوازەکانی مەنبەج:

 - شارێکی عەرەبنشینە 
- تاکە بەشی رۆژاڤایە کە لە رۆژاوای فوراتە، 
- لە سێ لاوە لەلایەن تورکەکان و چەتەی عاڕەبەکان گەمارۆ دراوە. 
- تەنها بە پردێک بە کۆبانێ و رۆژاڤاوە گرێدراوە، ئەمیش لەلایەن تورکەکانەوە هێرشی کرایە سەر و لەکار کەوتووە.

دووەم،
مانەوەی کورد لەمەنبەج  دەکرێت لە هاوکێشەی خاکدا و دواتریش دانوسان لەسەر ئەو بنەمایە تەماشا بکرێت، بەڵام رۆژاڤا هەر لە کۆبانێ و رەققە تا ئەلبوکەمال هێندە خاکی بەردەستە کە پێویست بەوە نەکات قوربانی زیاد لە پێویست بۆ مەنبەج بدات.

سێیەم،
مەنبەج لە دوو روویترەوە بایەخی هەبوو. 

-لەروویەکەوە، مەنبەج وەک بەرەی پشتەوەی کۆبانێ و رەققە هەژمار دەکرێت تورکەکان و چەتە عاڕەبەکان بە بوونی مەنبەج ناتوانن راستەوخۆ هێرش بکەنە سەر ئەو دوو شارە و مەترسی لەسەر درووست بکەن. بەڵام، بوونی رووباری فوڕات و بەنداوی تەبقە وەک بەربەستی سرووشتی لە ئەگەری لەدەستدانی مەنبەج ، کاریگەرییەکانی ئەو مەترسییە کەمتر دەبێتەوە و بەتایبەت ئەگەر رۆژاڤا ئەو هێزە مرۆییەی بۆ پاراستنی مەنبەج بەهەدەر دەدات لە پاسەوانی روباری فورات تەوزیف بکات.

ـلەروویەکی ترەوە، تا پێش رووخانی رژێمەکەی ئەسەد، مەنبەج وەک پانتاییەک بۆ بەستنەوەی کانتۆنی عەفرین و کۆبانێ دەبینرا. بەنەمانی کانتۆنی عەفرین و  پاکتاوی رەگەزی کوردان لە عەفرین، مەنبەج ئەو بایەخەی نەماوە.

چوارەم، 
رۆژاڤا بێ مەنبەجیش هەموو پایە و بنەماکانی مانەوەی هەیە، چونکە:

-ئێستا کورد، تەواوی رۆژهەڵاتی فوراتی  لەبەر دەستدایە کە کوتلەیەکی جوگرافی تایبەتمەندە و بەربەستی سرووشتی لە سورای جیا دەکاتەوە

-ئەم یەکە ئیدارییە زۆرینەی سەرچاوە سرووشتییەکانی سوریای لەژێردەستدایە، واتە زۆرینەی سەرچاوەی ئاو و غاز و نەوتی سوریا. 

-ئەم یەکە ئیدارییە دەکاتە لەسەدا چلی خاکی سوریا، کە هەڵبەت جگە لەسەری کانیێ و گرێسپیی داگیرکراو، سنوورەکانی لەگەڵ باشور ی کوردستان و عێڕاقدا هەیە و لەداهاتووشدا هاتووچۆ  و پەیوەندی زەمینی لەگەڵ ئوردندا ئەگەرێکی بەهێزە. 

-ئەمریکا لانی کەم  پاسەوانی نیوەی ئەو  خاکە دەکات کەکورد تێیدا حاکمە. 

ئەم جوگرافیایە هەم لەرووی سەربازی و ئابووری و هەم سامانی مرۆیی و جیۆپۆلەتیکی توانای مانەوەی هەیە. بە لەدەست چوونی عەفرین، لانیکەم لە ئێستادا، هیوادارم رۆژاڤا هیچ وزە و هێزی خۆی لە مەنبەج و رۆژاوای فورات بەهەدەر نەدات، بە گەرەکە کوردنشینەکانی حەڵەبیشەوە. بە پێچەانەوە، پێویستە کوردانی شەهبا و حەڵەب و سەرجەم شارە سوورییەکان و رۆژاوای فورات هانبدرێن کۆچ بۆ رۆژهەڵاتی فورات بکەن.

هاوپێچ شەهید ئەبو لەیلا، قارەمانی ئازادکردنی مەنبەج

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن