584وتار

رەوشی ٢٤ سەعاتی رابردووی رۆژئاوای کوردستان

10/10/2019 10:35:00 AM
د.ئارام ڕەفعەت

یەکەم:
دواجار ئەو شەڕەی کە پێنج ساڵە تورکیا ئامادەکاری بۆ دەکات، دوێنێ سەعات ٤:٢٠ ی دوانیوەڕۆ بەکاتی رۆژاڤا، بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی دەستی پێکرد.
دووەم:
ئەم شەڕە بە بەشداری زیاتر لە ٨٠ هەزار ژاندرمەی تورکی و ١٨ هەزار چەتە و تیرۆریستی سوری دەستی پێکرد.
ئەم شەڕە بەدرێژایی سەرجەم سنووری نێوان باکور و رۆژاڤا و لە ١١ بەرەدا تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
تورکەکان و چەتەکانی هەوڵیاندا لە هەر سێ بەرەی سەرێکانی و گرێسپی و دەرباسییە سنوور بببەزێنن. لەهەرسێ بەرەکەدا شکستیان هێنا.
سێیەم:
ئەم جەولەی یەکەمی هێرشەی تورکەکان بە گیانبازی پێنج شەرڤان و نزیکەی ٣٣ بریندار شکستی پێهێنرا و سەرجەم ٢١ سیڤیل شەهید و بریندار بوون.
چوارەم: ٤ تانک و فرۆکەیەکی ئیستیتلاعی تورکی تێکشکێنراون
پێنجەم: فرۆکە جەنگییەکانی تورک لەسنورێکی دیاریکراو و تەنها لە رۆژدا هێرشییان کردووە و ئاماژەکان وا نیشان دەدەن کە لەناوخۆی سنوری تورکیاوە هێرشەکانی ئەنجام دابن.
ئەمەش ئاماژەیە کە هەماهەنگی نێوان ئەمریکا و تورکیا نییە و ئەمریکا رەنگە نەتوانێ سنوری ئاسمانی سوریا، لانی کەم بەشەو، ببەزێنێت.
لەسەر ئاستی هەرێمی
یەکەم:
تاکە وڵاتێکی جیهان تەبەننی هێرشەکەی تورکییایان نەکردووە. بەڵام کەم وڵاتی دونیای خاوەن هێز و نەفوز هەن ئیدانەی ئەم هێرشەیان نەکردبێت.
دووەم:
وڵاتە عەرەبییەکان: هەر یەک لە میسر، سەعودییە، ئوردن، ئیمارات، بەحرەین و تەنانەت سوریاش بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی تورکییایان کرد.
سێیەم:
هەڵوێستی عێڕاق و بەتایبەتی سەرۆک کۆمار شەرمنانە بوو. تەنانەت هاوشێوەی وڵاتە عەرەبییەکانی تر ئیدانەی تورکەکانی نەکردووە.
چوارەم:
هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی فەرمی بێدەنگ و بێ هەڵوێستە.
پێنجەم:
هەڵوێستی بەکۆمەڵ؛ لەسەر خواستی میسر، ئەمرۆ ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکەی تورک کۆبونەوە دەکەن.
شەشەم:
عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەک ئاماژەیەک بۆ نارازی دەربرین سەردانەکەی ئەمرۆی بۆ ئەنقەرە رەتکردەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
یەکەم؛
ئەمرۆ ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی کۆبونەوەی تایبەت بە گفتوگۆی هێرشی تورکەکان دەکات. کۆبونەوەکە لەسەر خواستی پێنج وڵاتی ئەوروپین کە دوانییان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەکەن. پێنج وڵاتەکەش: بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا و پۆڵۆنیا.
دووەم: ئەنجومەنی سێناتی ئەمریکی ئەمرۆ بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای سزادانی تورکیا کە لەلایەن هەردوو سەناتۆر لێندسی گراهام (کۆماری) و ڤان هوڵ (دیموکراتەکان) ئامادەکراوە. ئەگەر پرۆژەکە پەسەند بکرێ و ترامپ ڤیتۆی نەکات زیانێکی زۆر گەورەی بۆ تورکەکان و ئەردۆغان دەبێت.
سێیەم:
زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان، لەوانەش سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپی، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و فینلەندا، سوید بەشێوازی جۆراوجۆر ئیدانەی ئەم هێرشەیان کرد. کەنەدا بەتوندی ئەم هێرشەی ئیدانە کرد.
چوارەم: هەندێک وڵات بە بەیاننامە رازی نەبوون و هەندێکییان بانگهێشتی سەفیری تورکیا لەوڵاتەکەیان کرد بۆ راگەیاندنی نارازی خۆیان، لەوانەش هۆڵەندا و سوید. فنلەنداش فرۆشتنی چەکی بە تورک راگرت.
پێنجەم:
لەسەرئاستی میدیایی زۆرینەی هەرە زۆری میدیا زەبەلاحەکانی جیهان بەبایەخەوە باسی ئەو هێرشە دەکەن و زۆرینەی هەرە زۆریشیان جۆرێک لە ئیدانەی تورک و پشتیوانی و هاوسۆزی کورد دەکەن.
لەسەر ئاستی تورکیا
یەکەم:
لەسەر ئاستی فەرمی و حیزبی و دینی هەموو تورکەکان پشتیوانی شەڕەکە دەکەن.
دووەم:
قەرارە ئەمرۆ بەیانی لەهەموو مزگەوتەکانی تورکیا سورەتی ئەلفەتح لە بڵندگۆکان بخوێنرێت.
سێیەم:
لە پەرلەمانی تورکیا پەرلەمانتارەکانی هەدەپە بەدەنگی دلێرەوە تورکیا بەداگیرکەر دەناسێنن و دژی ئۆپەراسیۆنەکەن و هەرچوار حیزبەکەی پەرلەمان (ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە و ئی پارتی) لەهەمبەر پەرلەمانتارەکانی هەدەپە یەک دەنگ و هاوپشتی یەکترین.
چوارەم:
شەقامی باکور تا ئێستا بێ دەنگە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن