کوردەبۆرە…
6/3/2024 2:55:00 PM
د.ئارام ڕەفعەت
ئەگەر کوردەبۆرە بییەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی کورددا بکات، دەبێت بزانێت حەوت پشتی دایک و باوکی کچە کێن و بەڕاست و چەپیشدا دەکەوێتە سۆراغی خانمە کورد نەکا رۆژێک لەرۆژان قاچێکی خوار دانابێت.
هەمان کوردەبۆرە، بێ پرسیار و وەڵام لەگەڵ ژنە عاڕەبدا زەواج دەکات و تەققەی سەریشی نایەت ئەگەر ئەو ژنە پێشتر حەوت دەنکی هەبووبێت یان ئەو مێردی یەکەمی ژنەکەیە بێت یان حەڤدەهەم.
ئەگەر کوردە بۆرە دوو دراوسێی هەبێت کە لەگوندەوە هاتبنە شار و پابەندی داب و نەریتی کوردەواری بن، کێچ دەچێتە کەوڵییەوە لەملاو لەولا گلەیی و گازندە دەکات و دەڵێت لادێیی شارییان تێکداوە و خەریکە دەچنە چاومانەوە.
بەڵام هەر ئەو کوردە بۆرەیە بەخەیاڵیشی دانایەت ئەگەر حەوت دراوسێی ئەملا و ئەولای عاڕەبی تەعریب بن تەنانەت ئەگەر ماڵە عاڕەب شەروگی و کاولی و بەدەویش بن و کۆڵانەیان پڕدەکرد لە دەگ و رەقس و نێرگەلە. کوردەبۆرە هەر زۆريش مەمنوونە ئەگەر، ئەبوو ئوسامە یان ئەبوو سەددام صەباحولخەیر یان مەسائولخەیرێکی لێبکات،
ئەگەر کوردە بۆرە بەشێوە زاری هەورامی یان بادینی یان فەیلی پرسیارێکی لێبکرێت، یەکسەر خۆی لێدەبێتە فەڕەنسی و لە بن لیچەوە وای نیشاندەدات کە هیچ لەوشێوەزارە نازانێت و هیچیشی لێتێناگات ودەبێت کابرا ناچار بێت بەزمانی کوردەبۆرە قسەبکات.
هەمان کوردەبۆرە ئەگەر عاڕەبێک پرسیارێکی لێبکات، خۆی ناچار دەکات بە زمانی عاڕەبی قسە بکات و بە عاڕەبییەکی شەق و شڕ خۆی دەکاتە مەزەی کاورای عاڕەب و هەست بەشانازیش دەکات کە دوو نیوە رستەی تێکشکاو لەگەڵ عاڕەبێکدا قسەی کردووە.
ئەگەر کوردە بۆرە باسی دەڵەتی سەربەخۆی کوردستانی بۆ بکرێت، یان لێدەبێتە چەپێکی ئینتەرناسیونال و ترۆتسکی ئاسا باسی کۆتایی دەوڵەت و سڕینەوەی سنوورەکانت بۆ دەکات، یان لێت دەبێتە ئیخوانییەک و سەید قوتب ئاسا دەوڵەتت بۆ دەخاتە خانەی کوفرەوە و باسی گەڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و یەکخستنەوەی هەموو ئوممەتت بۆ دەکات.
خۆ ئەگەر باسی دەوڵەتی فەلەستینی بۆ هەمان کوردەبۆرە بکەیت، کاورا ئینتەرناسیونالیستەکەت لێ دەبێتە هیتلەر و حەزدەکات ئەوەندە جووەی ماویشن بیانخاتە مەحرەقەوە و موتەدەیینەکەشت لێدەبێتە ئیمامی عەلی و هوتافی خەیبەر خەیبەر یا یەهودت بۆ دەڵێت.
باسی کوردەبۆرەیە و هی ئەو کوردە شکۆمەندانە نییە کە کەسایەتییان تێکنەشکاوە و ئەقڵییان داگیرنەکراوە.