82وتار

جۆناسان پاوەڵ و جۆلانیی و کورد

12/15/2024 12:10:00 PM
سه‌ردار عه‌بدوڵا

بەپێچەوانەی لای خۆمان، لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا، سەرۆک و ڕابەرەکان پێوەری بابەتییان بۆ هەڵبژاردنی ئەو کەسانە هەیە کە کار و ئەرکیان پێدەسپێرن. بەشێوەیەکی گشتی ئەو کەسانە هەڵدەبژێرن کە باوەڕیان بە سیاسەتەکانی هەیە، شارەزایی باشیان لە بوار یان کەیسێکی تایبەتدا هەیە. هەڵبەتە متمانەش پێوەرێکی گرنگە. لەوێ بەشێوەیەکی گشتیی ئەوە پێوەرەکانیانە، نەک وەک لای خۆمان، کە زۆر دەگمەن نەبێت ناچن بەلای ئەو پێوەرە بابەتییانەدا. دیوی دیکەی ئەم مەسەلە گرنگە لەوەدایە کە بەهۆی هەڵبژاردنی کەسەکانەوە، دەتوانین لە هێڵە گشتیی و زۆر جاریش تەنانەت پێشوەخت، لە وردەکارییەکانی سیاسەتی ئەو سەرۆکە تێبگەین.

ئەمە لە هەندێک وڵاتانی ناوچەکەدا کە بنەماکانی دەوڵەت بەکار و ڕەفتاریانەوە دیارە، بۆ نموونە میدیا و چاودێران دەیانتوانی لەڕێگەی کاندیدی شا حوسەینی ئوردن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، سیاسەتی داهاتووی ئەو وڵاتە سەبارەت بە عیراق پێشبینی بکەن.

 لەم ڕۆژانەشدا میدیا و چاودێرانی جیهان سەرقاڵی باسی کاراکتەری ئەو کەسانەن کە دۆناڵد ترامپ قسەی لەگەڵ کردوون و بۆ کارکردن لە ئیدارەکەی هەڵیبژاردوون.

ڕۆژی هەشتی نۆڤەمبەر، واتا ڕێک مانگێک بەر لە ڕاکردنی بەشار ئەسەد بۆ ڕووسیا، سێر ستارمەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، جۆناسان پاوەڵی وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵات دیاریی کرد. بەلەبەرچاوگرتنی هاوپەیمانیی کەم وێنەی بەریتانیا و ئەمریکا، کە لەگەڵ هاتنەوەی ترامپدا لەوانەیە گرفتی بۆ دروست ببێت ، هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی هەوڵەکانی بەریتانیا بۆ وەرگرتنی ڕۆڵێکی گەورەتر لە جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا. ڕاسپاردنی هەر کەسێک لە پۆست و پێگەیەکی لەو جۆرەدا بایەخ و دەلالەت و مانای تایبەتی هەیە، بەتایبەتیش کە ئەم کارە بەشێک نیە لە دامەزراندنی کابینەکەی ، واتا ڕاسپاردنێکی تایبەتە، بۆ دۆخ و ئەرکی تایبەت.

سەرۆکوەزیران، لە پاش ڕاسپردنیدا لەباسی پاوەڵ وێڕای ستایشی کار و ئەزموونەکانی، شارەزایی و بەشداریی کارای ئەم پیاوە لەچارەسەرکردنی هەندێک لە ئاڵۆزترین ناکۆکییەکانی جیهاندا، جەختی لە تایبەتمەندیی ئەم پیاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەداکانی ئایندە و پەیوەندیی لەگەڵ هاوپیشەکانیدا لە وڵاتانی جیهاندا کردەوە ، هەڵبەتە ڕاوێژکاری داهاتووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە پێش هەموویانەوەیە ، لە بەرامبەردا پاوەڵ باسی لە بەیەکداچوونی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتە ناوخۆییەکان کردەوە، پێداگریشی کردە سەر ئەوپەڕی ئامادەبوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدا چاوەڕوانکراوەکان ،  زۆر بەکورتی واتا کەسێکی دیاریکراو لەبەر توانا و تێگەیشتن و ئەزموونی دیاریکراوەوە، بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتیی دیاریکراو هەڵبژێردراوە، نەک وەک لای خۆمان لەبەر عەشرەتەکەی، یان تەمەنی، یان تەنانەت پێوەرە لابەلاکانی تری ئێرە.

ساڵی ٢٠٢١ ئاژانسی تاس لەزاری  سەرچاوەی ڕووسییەوە هەواڵی دیدارێکی پاوەڵی لەگەڵ جۆلانییدا لە ئیدلب بڵاو کردەوە ، ئەو دەمە ئینگلیزەکان کۆمێنتیان نەدا، بەڵام بەرپرسانی (هەیئەی ڕزگارکردنی شام) بە ڕەسمیی هەواڵەکەیان ڕەت کردەوە. هەواڵەکە باس لەوە دەکات کە پاوەڵ ئامۆژگاریی جۆلانیی کردوە کە کەناڵێکی هەمیشەیی لەگەڵ جۆلانییدا بکرێتەوە بەمەبەستی دەرکردنی ناوی خۆی و گرووپەکەی لەلیستی ڕێکخراوە تیرۆیستییەکاندا. ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاست بێت، ئەوا هەموو ئەوەی جۆلانیی کردویەتی لە گۆڕینی ڕوخسار و گوتار و کرداریشیدا و ئیستا هەموان دەیبینین، بەشێک بوە لە داوا و ئامۆژگارییەکانی ئەو دانیشتنەی جۆلانی و جۆناسان پاوەل.

زۆر بەکورتیی: جۆناسان پاوەڵ لەدایکبووی ١٩٥٦. مێژووی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و پێنسلڤانیا خوێندوە. کاری میدیایی کردوە، لەوانەش (بی بی سی). لە ساڵی ١٩٧٩وە کاری دیپلۆماسی ل وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەست پێکردوە، لە پورتوگال و سوید و نەمسا ئەرکی پێ سپێردراوە. بەرپرسی ئۆفیسی دانوستاندن وتوێژەکانی گەڕاندنەوەی هۆنگ کۆنگ بۆ چین و دواتریش دانوستاندنەکانی یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا بووە. ١٠ ساڵ لەگەڵ تۆنی بلێر کاری کردوە، کە درێژترین ماوەی کارکردنی کەسێک لەوێ دادەنرێت. لەو ماوەیەدا گەورە دانوستانکاری بەریتانیا بووە بۆ کێشەی ئێرلەندا. ئەمساڵیش ڕۆڵی سەرەکی لە سەرخستنی دانوستاندنێکی سەخت لەگەڵ سیشیلدا کرد، کە بە ڕێککەوتن لەسەر مانەوەی بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیا لەوێ کۆتایی هات. داوای دیالۆگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی قاعیدە و تاڵیباندا کردوە. ماوەیەکیش لەسەر ڕاسپاردەی دیڤید کامێرۆندا کاری لە لیبیا کردوە. ڕێکخراوی (ئینتەر میدیەت)ی هەیە کە تایبەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێکانی جیهان.

کتێبەکانی تایبەتن بە ئەزموونی ئەم بوارەی. کتێبە بەناوبانگەکەی (دیالۆگ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا) کە ساڵی ٢٠١٧ وەرگێڕانە عەرەبییەکەی بڵاو بۆتەوە، باس لە جیهانبینی و تێڕوانینی تایبەتی خۆی سەبارەت بە تیرۆر و گرووپە چەکدارەکان دەکات. هاوکاتیش تێز و تیۆر و بۆچوونەکانی نووسەر و پسپۆڕ و سەرکردەکانی تر دەخاتە بەر شیکردنەوە و ڕەخنەوە. لەم کتێبەدا باس لە لایەنی سیاسی، پراگماتیکی، هاوکاتیش گرفتی ئەخلاقیی ئەم بابەتە دەکات.

لە کتێبەکەیدا باس لە باوکی دەکات کە لە کەمینێکی جەنگاوەرانی ئیرلەندادا بریندار کراوە. باوکی (جۆزیف فریدریک پاوۆڵ) کە مارشاڵێکی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی بوە، کاریگەریی لەسەر کاراکتەری کوڕەکەی هەبوە، تەنانەت ئەم ڕوداوە و دانانی ناوی برا گەورەکەی لە لیستی ئێرلەندییەکان بۆ تیرۆرکردنیان، وای لێکردوە کە لەیەکم جەولەی دانوستاندندا تەنانەت تەوقەش لەگەڵ وەفدی بەرامبەردا نەکات. لەمەش گرنگتر لەو کتێبەدا باس لە ئەزموونەکانی تری دانوستاندن لەو بوارەدا دەکات.

ئەم باسە زۆر دەخایەنێت، بۆیە زۆر بەکورتیی: لێرە بەدواوە چاوتان لەسەر کارەکانی ئەم پیاوە بێت، کە دەزانم ئەرکێکی ئاسان نیە. چونکە وەک هەر دیپلۆماتێکی شارەزا و خاوەن ڕۆحیەتی مەسئوولانە بایەخی ڕۆڵی دانوستاندنی نهێنی و کاری پشتی پەردە بەباشیی دەرک پێدەکات. ساڵی ٢٠١٠ لە وتارێکی گاردیاندا ڕەخنەی لە بڵاوکردنەوە بروسکە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەلایەن ویکیلیکسەوە گرت. ئەو پێی وایە ئەمجۆرە دیالۆگ و دانوستاندنانە لەسەر بنەمای متمانە دەکرێن و ئەگەری سەرگرتنیان هەیە، کاتێکیش کەسێک دێت بەو جۆرە وتووێژە نهێنییەکان بڵاو دەکاتەوە، ئەوا متمانە ناهێڵێت و ئەگەری بەرپاکردنی وتووێژی ڕاشکاو لەناو دەبات. ئەمەش بەوە دەشوبهێنێت، کە لەگەڵ هاوڕێیەکتدا لە باڕێکدا باسی کێشەکانی خۆت و دۆستەکەت بکەیت، بەڵام دواتر هەموو باسەکە بە ترش و خوێوە بە بڵاوکراوەیی ببینیت. بێگومان لەحاڵەتی وادا کاری وا ناکەیتەوە.

باسی ئەم پیاوە و تێگەیشتنە تایبەتەکانی بە وتارێک تەواو نابن، هەربۆیە، لەبەر بایەخی رۆڵی بەریتانیا لە ناوچەکەدا، و لەبەر ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەم پیاوە ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر بگێڕێت، ئەوا پێشنیار دەکەم، وەرگێڕانێکی باش بۆ کتێبەکەی بکرێت، مەرجە وەرگێڕانەکە لە زمانی ئینگلیزییەوە بێت. هاوکات چاوتان لەسەر جۆناسن پاوەڵ بێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن