ئایا توركیا و ئێران دژی كوردەكانی عێراق یەكدەگرن؟
12:15 - 31/08/2023
وەرگێڕانی زەمەن
سەرچاوە: رۆژنامەی عەرەب
11ی ئاب، تورکیا زنجیرەیەک هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سنوور کوردستانی عێراق دەستیپێکرد گوایە بۆ سەر ئامانجە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە گروپێکە لە ناوچە سنوورییەکان مۆڵگەیان هەیە . هێرشەکانی ئەم دواییە ئاماژەن بۆ لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران، هەروەها ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نهێنی نوێ هەیە بۆ هاوکاریکردن لە تێکدانی ئۆتۆنۆمی کورد لە عێراق.
هاوتەریب لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، تورکیا لەم دواییانەدا هێرشەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سنووری ناوچەی سلێمانی، بە تایبەتی نزیک لە سنووری ئێران چڕتر کردەوە. لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ ئەنقەرە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کردە ئامانج لە هێرشێکی بێپێشینەدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشەکانی ئەم دواییە ئەو شوێنانەشیان کردە ئامانج کە خەڵکی سڤیل بە شێوەیەکی زۆر بەکاریان دەهێنن.
لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، کوردستانی عێراق لە ڕووی سیاسییەوە لە نێوان دوو پارتی دەسەڵاتداری ڕکابەریدا دابەش بووە، ئەوانیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
پارتی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بە تایبەت لە شەڕی ناوخۆی کورد لە ساڵی 1994 تا 1998، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەنقەرە دامەزراند و لە بەرامبەریشدا یەکێتی نیشتمانی لایەنی تاران بوو، هەرچەندە ئەم پەیوەندیانە بۆ مێژوویەكی دوورتر دەگەڕێنەوە.
لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆ، ئەنقەرە و تاران کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر سیاسەتی کورد لە عێراقدا هەیە. سلێمانی کە لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدایە، بووەتە جێگای سەرنج، چونکە تاران لەمێژە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی نفوزی ئەنقەرە دەدات لە ناوچەکەدا. هاوکات ئەنقەرەش لە ڕێگەی پارێزگاکانی دۆهوک و هەولێر کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندان، هەمان کار دەكات.
هەرچەندە تورکیا و ئێران ڕکابەرن، بەڵام ڕکابەرییەکانیان هەرگیز نەگەیشتووەتە ململانێی ڕاستەوخۆ، بەڵکو هەردوو وڵات بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی هێزی بە وەکالەت و لە ململانێی ناڕاستەوخۆدا شەڕیان کردوە.
هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا بەوە ناسراون بە پشتیوانیکردن لە بریکارە دژبەرەکان لەو وڵاتانەی كە ململانێ و شەڕی ناوخۆیان تێدایە، نفوزی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەكەن.
ئەنقەرە بە پاڵنانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەدژیان، هەوڵی شەڕی چەکدارانی پەکەکە دەدات لە کوردستانی عێراق.
دوایین نموونەی ئەمەش لە ١٣ی ئابدا بوو کە هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک لەگەڵ چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان تێکهەڵچوون، پارتی دەستبەجێ پەکەکەی بە بەرپرسیاری ئەو شەڕە زانی.
پەکەکە سەردەمانێک دەروازەیەكی گوشار بوو بۆ سەر تورکیا، بەهۆی ڕێککەوتنێکی نافەرمی لە نێوان گروپێکی لایەنگری ئێرانی کە بە پژاک ناسراوە. بەڵام پێدەچێت ئەوە ئەمڕۆ کەمتر پەیوەندیدار بێت، چونکە هێرشەکانی ئەنقەرە لە کایەی نفوزی تاراندا شاهیدی زیاتری ئەو ڕاستییەی کە بەهێزی کێبڕکێی ناوچەیی نێوان ئێران و تورکیا لەگەڵ گەشەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لاواز بووە.
پێویستیی وزەی تورکیا و سەرچاوەی بەرفراوانی نەوت و گازی سروشتی ئێران بزوێنەری گرنگی زیادبوونی هاوکارییەکانی تورکیا و ئێران بوون لە دەیەی ڕابردوودا. بە سەرنجدان بە پشتبەستنی بە وزەی ئێران و بەتایبەتی گازی سروشتی، ئەنقەرە هەوڵ دەدات تا ڕادەیەک سیاسەتی نەرمی خۆی بەرامبەر بە ئێران بپارێزێت.
تورکیا بەرژەوەندییەکی جددی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، بۆ ئەوەی بیانوویەک بە تاران نەدات بۆ زیادکردنی پشتیوانییەکانی بۆ پەکەکە. لە لایەکی دیکەوە ئێران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە قوڵایی پارێزگای هەولێر كردووە، کە کایەی نفوزی ئەنقەرە کە لە ناوچەی دهۆك درێژدەبێتەوە، لەوێ کۆتایی دێت.
لە ساڵی ٢٠٢٢ هێرشەکانی ئێران شایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدار بوون. شرۆڤەکاران دەڵێن زەحمەتە بتوانین ئەو دوو زلهێزە ناوچەییە بەبێ هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک بە ئاشکرا دەستوەردان لە ناوچەیەکی کێشە لەسەر وەک کوردستانی عێراق بکەن.
لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢دا سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی مووشەکیی بۆ سەر هەولێر دەستپێکرد و بارەگاکانی گوایە مۆسادی ئیسرائیلی لە پارێزگاکە کردە ئامانج.
لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، سوپای پاسداران دیسانەوە چەندین هێرشی کردە سەر شارۆچکەی کۆیە لە هەولێر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری زۆری لێکەوتەوە.
بەرپرسانی ئێرانی چەندین جار حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمیان لە پێویستی چەکداماڵینی گروپە کوردییەکانی ئێران ئاگاداركردوەتەوە، هەروەها هەڕەشەی ئەوەشیان کردووە، ئەگەر هیچ هەنگاوێک نەگیرێتەبەر، هێرشی سەربازی دەستپێدەکەن.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دابەشکراودا، شتێک کە ئێستا زۆربەی دەوڵەتە ناوچەییە ڕکابەرەکان لەسەری کۆکن ئەوەیە کە کوردستانی سەربەخۆ بیرۆکەیەکی خراپە. ئەمەش بە تایبەتی بۆ تورکیا ڕاستە، کە ژمارەی دانیشتووانی کورد کە ١٥ ملیۆن کەسە، لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ لە سەدی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
لە ئێستادا ئەنقەرە و تاران گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دامەزراندنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی کوردی لە هەر شوێنێکی جیهان، بە تایبەتی لە شوێنێکی وەک عێراقدا، بزووتنەوە کوردییەكان لە هەموو شوێنێک بوێرتر دەکات. هەردوو وڵات کاردانەوەکانی دەوڵەتێکی کوردی عێراقی لەو شێوەیە بە قبوڵنەکراو دەزانن.
تورکیا و ئێران لە ئێستاوە ڕووبەڕووی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە کوردییەکانی تایبەت بە خۆیان دەبنەوە کە بەشێکیان چەکدارن وەک پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. هەردوو گروپەکە ژمارەیەکی زۆر بنکەیان لە خاکی کورستانی عێراق هەیە.
تاران حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەو ناڕەزایەتییانەی بۆ ماوەی چەند مانگێک بە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سەریانهەڵدا دەستی هەبوو.
ساڵی ڕابردوو جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە چەک لە ناوچەی کوردی عێراقەوە بە قاچاخ هێنراوە بۆ لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئێران، ئەو تۆمەتەش دواتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەتکرایەوە.
چاودێران دەڵێن هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردی دەبێتە مۆدێلێک بۆ ئەو هێزانەی شەڕ دەکەن بۆ ڕزگارکردنی بەشە رزگارنەبوەكانی ئەو شوێنەی کە بە کوردستان ناسراوە، کە لە مێژە لە نێوان عێراق و ئێران و تورکیا و سوریادا دابەش بووە.
حکومەتەکان تائێستاش ترسیان لەوە هەیە هەرچەشنە سازشێك بۆ داواکارییەکانی کورد ببێتە هۆی داواکردنی زیاتر بۆ سەربەخۆیی،هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئەنقەرە و تارانەوە دەبێت هەرێمێکی کوردی عێراقی وابەستە یان لاواز بەدی بهێنرێت.