"کەوتنی ئەسەد و دۆخی ئێستای سووریا دەبنە مایەی کەمبوونەوەی ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە و عێراق"
03:35 - 21/12/2024
زەمەن ــ AA
شڕۆڤەکاری سیاسی، ڕابەر تەڵعەت ڕایگەیاند کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر و ڕووداوەکانی غەززە، ھەژموونی ئێران بەردەوام لە پاشەکشەدایە و تووشی شکستی ستراتیژیی و سەربازیی بووەتەوە، بۆیە ئەگەر ئەم ڕووداوانەی کە ئێستا دەستیان پێکردووە، بەم تەوژمە بەردەوامبن، ئەوە ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە و عێراق زیاتر پاشەکشە دەکات، ھاوکات شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی ئاماژەی بەوەدا کە بەھۆی کەوتنی ئەسەد و دۆخی ئێستای سووریاوە، ھەژموونی ئێران لە عێراق بەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو، بە ڕێژەی سەدا ٥٠ کەم دەبێتەوە.
ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارانی دژبەری ڕژێمی سووریا، شاری دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد-یان لەو وڵاتە ڕاگەیاند.
بە گوتەی شڕۆڤەکارانی سیاسی، لێکەوتەکانی دۆخی ئێستای سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، زیاتر کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە.
"ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە و عێراق زیاتر پاشەکشە دەکات "
شڕۆڤەکاری سیاسی، ڕابەر تەڵعەت لەبارەی لێکەوتەکانی دۆخی سووریا لەسەر عێراق لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "دۆخی سووریا لێکەوتەی لەسەر دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووریی و مرۆیی لە عێراق ھەیە، لە ڕووی ئەمنییەوە چاوەڕوان دەکرێت گرووپە چەکدارەکان بەتایبەتی داعش لە سەر سنوورەکان چالاک ببنەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لە ماوەکانی ڕابردوودا چالاکییەکانی داعش لە ناوچەکە زیادیان کردووە، ئەمەش مەترسیی لەسەر دۆخی عێراق دروست کردووە، بۆیە ئێستا سوپای عێراق لەسەر سنوورەکان ھەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە، هەروەها عێراق دەوڵەتێکی فشۆڵە لە ڕووی پێکھاتەی سیاسی و پێکھاتەی تائییفییەوە، چونکە کێشە و ناکۆکی و جۆرێک لە لێکتێنەگەیشتن یان هەندێکجار لێکتێگەیشتنی بەزۆر لەنێوان پێکھاتەکانە بە تایبەتی شیعە و سوننە یان شیعە و کورد، ئەمە خاڵی سەرەکیی دروستکردنەوەی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣یە، ئەم پێکھاتەی کە هەیە فشۆڵ و لاوازە، ھەمیشە لە ڕووی سیاسییەوە ڕێگەخۆشکەرە، بۆ ئەوەی کە ھەر لێکەوتەیەکی دەرەکیی بەتایبەتی لە وڵاتێکی گرنگی وەک سووریا ڕوودەدات، ببێتە ھۆی ئەوەی کە جارێکی دیکە ئەم ڕووداوانەی سووریا و کەوتنی ئەسەد، ھەروەھا لاوازبوونی ھەژموونی ئێران و ھێزە شیعەکان، بەجۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی لەسەر پێکھاتەی سوننە ھەبێت کە لەم سنوورە ئامادەیی گرنگیان ھەیە، بۆیە ھەر لە ڕووی سیاسییە لەوانەیە ئەم لێکەوتانە وا بکات کە جارێکی دیکە ناکۆکی و جۆرێک لە پێکدادانی تائییفی بە مۆدێلێکی دیکە لەناو عێراقدا دەست پێبکاتەوە".
ڕابەر تەڵعەت ھەر لەبارەی لێکەوتەکانی دۆخی سووریا لەسەر سێکتەری ئابووریی و مرۆیی لە عێراق گوتی: "لەوانەیە شاڵاوی کۆچی پەنابەران لە سووریاوە بۆ عێراق دەست پێبکاتەوە، ھەر وەک ئەو کۆچەی لە ساڵی ٢٠١١دا بینییمان، ھەموو ئەمانە لێکەوتەی بینراون لە ئاستی یەکەمدا".
ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە لەبارەی کاریگەریی دۆخی سووریا لەسەر لایەنە شیعەکان لە عێراق، گوتی: "ئەگەر باسی ئەو گرووپە چەکدارانە بکەین کە بەشێکن لە (بەرەی مقاوەمە) لە عێراق، ئەمانە بە کەوتنی سووریا، تووشی شکشتێکی گەورە بوون و یان لایەنی کەم پێویستیان بەوە ھەیە کە جارێکی دیکە خۆیان ڕێک بخەنەوە، چونکە دەزانین دابڕانێک لەو ڕێگایە دروست بووە کە ئەم گرووپانەی دەگەیەنێت بە دەریای ناوەڕاست و لوبنان و حزبوڵڵا، ئەو ڕێگایەی کە لە قوڵایی خاکی عێراقەوە درێژببووە تاکو سنوورەکانی ئیسرائیل، لە دوای کەوتنی ئەسەد و لە ڕۆژی ٨ی دێسەمبەرەوە ئەمە کۆتایی ھات، بۆیە گرووپە چەکدارە شیعەکان لەبەردەم دوو ئەگەردان، یەکەمیان ئەوەیە جارێکی دیکە بیر لە خۆسازادنەوە و ڕێکخستنەوەی ناوخۆ بکەنەوە، دووەمیان ئەوەیە بیر لە ئامادەکاریی بکەنەوە بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر ھێرشێک ئەگەر بکرێتە سەریان، چونکە لەبیرمان نەچێت ھەم ئیسرائیل و ھەم ھاوپەیمانان ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارە شیعەکانیان لە عێراق کردووە، تەنانەت ئیسرائیل نەیشاردووەتەوە کە ئەو ئامانجانەی لە عێراق دیارییکردووە کە ھێرشیان دەکاتە سەر، بۆیە ڕەنگە ئێستا ئەم گرووپانە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ڕووبەڕوونەوەی دۆخێکی ھەستیار".
ڕابەر تەڵعەت لەبارەی ئەوەی کە ئایا دۆخی ئێستای سووریا دەبێتە مایەی کۆتاییھێنان بە ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە و عێراق یان بەپێچەوانەوە بەھێزتری دەکات، گوتی: "ئێران لە دوای کەوتنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە، دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم ھەژموونەی خۆی لە ناوچەکە و عێراق خەرجکردووە، بەڵام لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر و ڕووداوەکانی غەززە، ھەژموونی ئێران بەردەوام لە پاشەکشەدایە و بەردەوام تووشی شکستی ستراتیژیی و سەربازیی بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا ئێران لە عێراق بەھێزە و کاریگەریی ھەیە لەناو دامەزراوەکانی حکوومڕانی، سەربازیی و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، هەرچەندە ئێران لە ناوچەکە لاواز بووە و چاوەڕوان دەکرێت بەرەو لاوازی زیاتر بڕوات، ئەگەری ھەیە ئەم ڕووداوانە ببینە ھەڕەشە بۆسەر ناوخۆی ئێران، تەنانەت بەپێی ڕاپۆرت و چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەر ئەم ڕووداوانەی کە ئێستا دەستیان پێکردووە، بەم تەوژمە بەردەوامبن، ئەوا ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە زیاتر پاشەکشە دەکات".
"بەراورد بە ڕابردوو هەژموونی ئێران لە عێراق سەدا ٥٠ کەم دەبێتەوە"
شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی ئاماژەی بەوەدا کە بەھۆی کەوتنی ئەسەد و دۆخی ئێستای سووریاوە، ھەژموونی ئێران لە عێراق بەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو، بە ڕێژەی سەدا ٥٠ کەم دەبێتەوە.
خالید دەبوونی لەبارەی لێکەوتەکانی دۆخی سووریا لە سەر عێراق لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "بێگومان ئەوەی لە سووریا ڕوویدا (ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد)، بۆ ئەم قۆناغە ڕووداوێکی سوپرایز بوو، بەڵام بەدرێژایی زیاتر لە ١٠ ساڵ ڕوودانی ئەم سیناریۆیە لە سووریا چاوەڕوانکراو بوو، ھەروەھا ئەوەی لە ناوچەکە ڕوویدا ھاوکات بوو لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی کە لە لوبنان و غەززە ڕوویاندا، بۆیە ئێستا ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانگارییەکی گەوەردایە کە لەم گۆڕانکارییەش ئێران دۆڕاوی یەکەمە".
گوتیشی: "دۆخی ئێستای سووریا زیاتر کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر، چونکە ئەگەر ئێستا سەیری دۆخی لوبنان بکەین، ئەوا دەبینین دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، بەڵام ئێستا دۆخی عێراق لەژێر نیشانەی پرسیاردایە، لەوەی ئایا کاریگەری دۆخی سووریا لەسەر عێراق چۆن دەبێت، نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کە پێشتر هەماهەنگی لەنێوان ڕژێمی سووریا و عێراق ھەبوو، ئەمە جگە لەوەی پێشتر ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە سووریا بوون، بەرگرییان لە ڕژێمی سووریا دەکرد، زۆربەیان عێراقی بوون، بۆیە بە گەڕانەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ عێراق، دۆخی عێراق ئاڵۆز دەکات و ململانێی نوێ لەسەر فراوانکردنی ھەژموونی لایەنەکان لە ناوچەکانی عێراق سەرهەڵدەدات".
خالید دەبوونی وای بۆ دەچێت کە ئێستا پڕۆسەی سیاسی لە عێراق پێویستی بە ڕیفۆڕم ھەیە، بۆ ئەوەی دۆخەکە لە عێراق ئاڵۆز نەبێت و گوتی: "پێویستە حکوومەتی عێراق لەم ھەلومەرجە سەختەی کە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، بەرژەوەندی عێراق لەبەرچاو بگرێت، ئەوەی ئێستا پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی عێراق لەم قۆناغە دژوارەدا دەرباز بێت ئەوەیە سیاسەتێکی ژیرانە و حکوومڕانییەکی باش پەیڕەو بکرێت".
ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە سەبارەت بە کاریگەریی دۆخی سووریا لەسەر لایەنە شیعەکانی عێراق نزیک لە ئێران، گوتی: "لە ئەنجامی دۆخی ئێستای ناوچەکە، ھەژموونی ئێران لە سێ وڵات کەم دەبێتەوە، ھەروەھا ھیلالی ئێرانی کە لە تارانەوە بەرەو لوبنان و دەریای ناوەڕاست درێژ بووەتەوە، چی دیکە بوونی نامێنێت، بەڵام گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران کە پێشتر لە سووریا بوون و کشانەوە، سەرجەم ئەو گرووپانە نوێنەرانیان لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا ھەیە، بۆیە ئێستا ئێران لە ھەمبەر لاوازبوونی لەناو ژمارەیەک وڵات، ھەوڵدەدات لە ڕێگای گرووپە چەکدارە شیعەکانەوە، ھێزی خۆی لە عێراق زیاتر بکات و لە کۆتاییدا کارەکە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئێران چ کاردانەوەیەکی دەبێت لەھەمبەر ئەو زیانە گەورەیەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، لەوەی ئایا ھەوڵدەدات ھەژموونی خۆی لە عێراق زیاتر بکات، یان بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی پاشەکشە دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ دواوە و دەست بە گفتوگۆ دەکات لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی".
خالید دەبوونی لەبارەی ئەوەی کە ئایا دۆخی ئێستای سووریا دەبێتە مایەی کۆتاییھێنان بە ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە و عێراق یان بەپێچەوانەوە بەھێزتری دەکات، گوتی: "بێگومان ھەژموونی ئێران لە پایتەختەکانی چوار وڵاتی عەرەبی کۆتایی ھاتووە وەک بەیروتی پایتەختی لوبنان و دیمەشقی پایتەختی سووریا، ئێستا بەیروت و دیمەشق لە دەرەوەی ھەژموونی و کۆنتڕۆڵی ئێراندان، ئەوەی دەمێنێتەوە یەمەنە، بەو پێیەی مەودای یەمەن لە ناوچەکەوە دوورە، بۆیە ئەو وڵاتە لە دەرەوەی ھاوکێشەی سیاسی و ھەژموونی ئێراندایە، کێشەکە ئێستا لە عێراقە و من پێموایە کە ھەژموونی ئێران لە عێراق بەراورد بە پێشتر، بە ڕێژەی کەمتر لە سەدا ٥٠ کەم دەبێتەوە".
ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە، ئێستا ئێران لە بەردەم دوو بژاردەیە، یەکەمیان ئەوەیە ھەوڵبدات ھەژموونی خۆی لە عێراق زیاتر بکات و دووەمیان ئەوەیە پاشەکشە بکات و بگەڕێتەوە بۆ دواوە، ھەر وەک دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی ھەشت ساڵەی لەگەڵ عێراق، کاتێک کشایەوە و چاوەڕوانی ئەوەی کرد کە تا دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی ھێور بوویەوە و دووبارە بە بەھێزییەوە گەڕایەوە گۆڕەپانەکە و گوتی: "لەوانەیە ئێران بژاردەی دووەم بگرێتەبەر و بکشێتەوە تا پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی خۆی بکات کە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو بەدەستی ھێناوە، بەتایبەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی".
ڕۆژێک بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە میدیاکاندا ئەوە بڵاوکرابوویەوە کە دوو ھەزار سەربازیی سووریا لە دەروازەی قائیم سنووری عێراق لەگەڵ سووریا خۆیان ڕادەستی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد و وەک پەنابەر ھاتنە ناو عێراقەوە و تا ئێستا چارەنووسی ئەو سەربازانەی سووریا لە عێراق نادیارە.
خالید دەبوونی لەو بارەیەوە گوتی: "لە ڕاستییدا دوو ھەزار سەرباز نەبوون، بەڵکو ھەزار و ٦٠٠ ئەفسەر و سەرباز و ٥٠ فەرمانبەری مەدەنی بوون کە لە سووریاوە ھاتوونەتە ناو عێراق، کاتێک ئەو ئەفسەر و سەربازانەی سووریا ھاتنە ناو عێراقەوە، چەک و تەقەمەنییەکان لێ وەرگیرا و بە پەنابەر ھەژمار کران و ڕۆژی دواتر حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند کە ئەو ئەفسەر و سەربازانەی سووریا بەھۆی داخستنی ڕێگاکانەوە لە ژمارەیەک ناوچەی سووریا، بە فڕۆکە دەگەڕێنەوە بۆ دیمەشق، بۆیە تا ئێستا ھیچ زانیارییەک نییە لەوەی ئایا گەڕێندراونەتەوە بۆ سووریا یان نا، بەڵام وەک ژمارە ئەو ئەفسەر و سەربازانەی سووریا ھیچ کاریگەرییان لەسەر دۆخی عێراق نابێت و لەوانەیە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، بگەڕێندڕێنەوە بۆ سووریا یان وەک پەنابەر لە عێراق ھەژمار بکرێن و بمێننەوە".