62 کوردستان

ریفراندۆم؛ مافێکى رەوا لە زەمەنێکى هەڵەدا

02:06 - 25/09/2024

زه‌مه‌ن - راپۆرتی كوردستانی

١٠٠ ساڵ دەبێت کورد رێبوار و جەنگاوەریى سەربەخۆیی و ئازادییە، هەندێک ساتەوەختى گونجاویشى بۆ بەدیهێنانى ئەو خەونەى هاتوەتەپێش بەڵام خوێندنەوەى هەڵەى بۆیان هەبووە،  بەڵام لە ٢٠١٧دا لە زەمەن و رەوشێکى نالەباردا دەستى بۆ ئەم کارتە برد، کە لێکەوتەکانى بە زیان بۆ هەرێمى کوردستان شکانەوە.

بڕیارى ریفراندۆم لە دۆخێکى ئاڵۆزدا

له‌ 7ی حوزه‌یرانی 2017 لە سەڵاحەدین کە باره‌گای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان بوو، نوێنەری پارتە سیاسییەکانی ناو په‌رلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە هه‌ردوو (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی)، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچه‌ کوردستانیە دابڕێنراوەکان به‌ڕێوه‌بچێت و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمیش بە سەرۆکایەتی بارزانی پێکهێنرا.

ئەم بڕیارە دۆخی هەرێمی کوردستانی خستە قۆناغێکی نوێوە، بەشێک لە لایەنەکان بە تایبەت بزوتنەوەى گۆڕان داوای دەکرد کۆدەنگی لەسەر هەبێت، یان لەپەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و بەشێکیشیان پێیانوابوو لە ئێستادا کاتی ریفراندۆم نییە.

دوای سێ رۆژ یه‌کێتی و پارتی بڕیاریاندا په‌رله‌مانی کوردستان بۆ مه‌به‌ستی ریفراندۆم کارابکه‌نه‌وه‌، که‌ نزیکه‌ی دوو ساڵ بوو به‌هۆی ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کانى نێوان پارتى و گۆڕانەوە لەسەر پرسى سەرۆکایەتى هەرێم، بە ‌بڕیاری مه‌کته‌بی سیاسی پارتی په‌کخرابوو .

بڕیاری ریفراندۆم له مانگی ئه‌یلول‌ و له‌ په‌رله‌مان وه‌کو خۆی په‌سه‌ندکرا، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ئه‌و مشتومڕە بوو که‌ سێ مانگی خا‌یاند و بە ‌ئه‌نجامدانی ریفراندۆم کۆتایی هات.

جگه‌ له‌ گۆڕان و کۆمه‌ڵ که‌ پێیانوابوو زه‌مینه‌ی ریفراندۆم له‌بارنییه‌، ته‌واوی پارته‌کان پشتیوانییان له‌ بارزانی کرد، به‌ڵام جوڵانه‌وه‌ی "نه‌خێر له‌ ئێستادا"، پێکهێنرا، هه‌رچه‌نده‌ کاریگه‌ری ئه‌وتۆی نه‌بوو له‌سه‌ر پرۆسه‌که‌.
بەشدارى کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان جێگەى مشتوموڕبوو کۆتایی مانگی هەشت ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، به‌ زۆرینه‌ی دەنگ بڕیاریدا بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا بکات، ‌بێ گوێدانه‌ بایکۆتی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و تورکمان له‌ ئه‌نجومه‌نەکە.

کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەگەڵیدا نەبوو

 جگە لەوەى لە ناوخۆدا کات و ساتى ریفراندۆم بە نالەبار دەزانراو داواى دواخستنى دەکرا، بە هەمانشێوە وڵاتانى جیهانیش هەمان داوایان هەبوو، عێراق و وڵاتانى دراوسێ بە تەواوەتى نەیارى ریفراندۆم بوون.

ترافیکى دیبلۆماسى و وەفدەکان بۆ هەرێم لە رۆژانى پێش ریفراندۆمدا قەرەباڵغ بوو، مەسعود بارزانی له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ده‌یان کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریکا ئه‌نجامدا.

له‌ 14ی ئه‌یلول، که‌ ته‌نیا 11 رۆژی مابوو بۆ ریفراندۆم، شاندێکی باڵای هاوپەیمانان له‌ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و یان کۆبیچ، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لەعیراق و فرانک بەیکر، باڵیۆزی به‌ریتانیا لە سەنتەری سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە دهۆک لەگەڵ بارزانى کۆبوونەوەو تیایدا وه‌فده‌که‌ بەدیلێکیان لە جێگای بەڕێوەچونی ریفراندۆم خسته‌ڕوو.

له‌ کۆبونەوەکەدا ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یوئێن، پێشنیازیان کرد، پرسی کورد و ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم ببردرێته‌ کۆبونەوەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان. داواشیانکردبوو بۆ دوو ساڵ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دوابخرێت، بەڵام مەسعود بارزانى بە تەواوەتى داواکارییەکەى رەتکردەوە.

٢٥ى ئەیلول ریفراندۆم بەڕێوەچوو، له‌سه‌دای 92ی ده‌نگی به‌ڵێی به‌ده‌ستهێنا؛ هەمان رۆژ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى ئەوکاتى حکومەت وتی: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیى و دیاریکردنى سنوور نیە.

لێکەوتەکانى ریفراندۆم

 رۆژی 16- 8 - 2017 ئێران و توركیا رێکكەوتن لەسەر ئەوەی بەتوندی دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بوەستنەوە.

 ٢٥/٩/٢٠١٧ ئێران هەناردەكردنی هەموو جۆرە بەرهەمێكی نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان راگرت.

٢٧/٩/٢٠١٧ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، حەیدەر عەبادى سەرۆك وەزیرانی دەستكراوە كرد، هێز بۆ كەركوك بنێرێت.

رۆژی 1 / 10 /2017 ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەرێم بڕیاریدا گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێت بێ ئەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بەغدا داوای رەتكردنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكەی كرد.

دواى ریفراندۆم  رۆژانێکى پڕ لە دڵەڕاوکێ و ناجێگیرى سیاسى و ئەمنى بوون، دوای 21 رۆژ و له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، له‌ماوه‌ی شه‌وو رۆژێکدا، هێزه‌ عیراقییه‌کان بۆ ته‌واوی ناوچه کوردستانیە دابڕێنراوەکان گەڕانه‌وه و کە لە دواى ٢٠٠٣ەوە لە ژێر دەستى کورددا بوون، تائێستاش ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن.

بەهۆى لێکەوتەکانى ریفراندۆمەوە سەدا ٥١ى خاکى باشوورى کوردستان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە کۆنترۆڵکرایەوەو ئەو سنوور و جوگرافیایەى کە ئێستا لە ژێر دەستى حکومەتى هەرێمدایە هەمان ئەو رووبەرەیە کە لەپێش ٢٠٠٣ەوە واتە لە دواى راپەڕینى ساڵى ١٩٩١ەوە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت.

هەر لە کاردانەوەى ریفراندۆمدا دەستەی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق، سەرجەم گەشتە نێودەوڵەتیەكانی بۆ فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی راگرت و دەروازە سنورییەكان داخران.

بانكی ناوەندیی بەغدا سەرجەم مامەڵە داراییەكانی لەگەڵ هەرێم راگرت.

رۆژی 25 - 10 - 2017  حكومەتی هەرێم ئەنجامی ریفراندۆمەكەی سڕكرد، رۆژی 20 - 11 - 2017 دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەنجامی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکانى بە نادەستوریی دانا.

تا پێش ریفراندۆم هەرێمى کوردستان بەرامبەر بەغدا دەنگى دلێر بوو، لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش ناوەندێکى بەهێزى سیاسى، دیبلۆماسى، ئابوورى و وزە، ئەمنى بوو، موماسەرەى دەسەڵات و حکومڕانى هاوشێوەى دەوڵەتێک بوو، بەڵام ریفراندۆم بووە خاڵى گەڕانەوە بۆ سەردەمى "حوكومى زاتى" و هەرێمى کوردستانى بەرامبەر عێراق لاواز کرد و لەسەر ئاستى ناوچەکەش کردیە هەرێمێکى نا کاریگەر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن