308 کوردستان

ئەو کوردەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو جەنگ دەبات

01:27 - 01/11/2023

زەمەن _ شیکاری

 

خێزانەكەی لە هەرێمی كوردستانەوە كۆچیان بۆ ئیسرائیل كردووە، لەسەرەتای لاویەتیەوە لەناو پارت و رێكخراوە توندڕەوەكان چالاكی دەستپێكردووە، بەخوێنی سەری فەلەستینیەكان تینووە و دژی دامەزراندنی دەوڵەتە بۆیان، ئەوەندە توندڕەوە سەرۆكی ئیسرائیل لێی دەترسێت. ئەو كەسە ئیتمار بن غەڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلە و لە جولەكە كوردەكان بووە.

 

ئیتمار بن غەڤیر، لە ٥ی ئایاری ١٩٧٦ لە گەڕەکێکی شاری قودس لە دایک و باوکێکی جولەکەی هەرێمی كوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنێکی بچووکدا چالاکییەکانی لە بزووتنەوەی توندڕەوی جوولەکە “کاخ”دا دەستپێکرد، کە لەلایەن حاخام مائیر کاهاناوە دامەزرا.

 

بن غەڤیر، یەکێک بوو لە یاریدەدەرانی سەرۆکی بزووتنەوەکە، "کاخ" تاکە ڕێکخراوی سیاسی ئیسرائیلە کە لە ئیسرائیل و ئەمریکادا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە و قەدەغە کراوە. ڕەگەزپەرستی و توندڕەوی بزووتنەوەکە تەنانەت لەلایەن پارتی لیکودیشەوە قبوڵنەكراوە.

 

دوای ئەوەی کاخ قەدەغە کرا، بن غەڤیر، درێژەی بە چالاکییە توندڕەو و ڕەگەزپەرستییەکانی خۆی لە دژی فەلەستینییەکاندا و  هەشت جار بە تۆمەتی کردەوەی توندوتیژی دژی فەلەستینییەکان و هاندان لە دژی فەلەستینییەکان تۆمەتبار کراوە، لەوانە تۆمەتی هاندان بۆ ڕق و کینەی ڕەگەزپەرستی و پشتیوانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

 

بن غەڤیر، لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئۆردوگای کیریات ئەربەعە لە کەناری ڕۆژئاوا وێنەی ئارچ گۆڵد شتاینی هەڵیواسیوە، کە لە ساڵی ١٩٩٤ لە کاتی نوێژکردندا لە مزگەوتی ئیبراهیمی لە شاری خەلیل ٢٩ فەلەستینی کوشت.

 

بن غەڤیر، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا، وەک پارێزەر کاری کردووە و بەرگری لە کۆمەڵێک کەیسی دیار کردووە، دیارترینیان کەیسی ئۆردوگا ئیسرائیلیەكان.

 

ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٧ بە تۆمەتی هاندان بۆ ڕەگەزپەرستی سزا درا، چونکە لافیتەی هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو، "عەرەبە دوژمنەكان دەربکەن". بەڵام ئێستا دەڵێت، چیتر پشتگیری لە دیپۆرتکردنەوەی هەموو فەلەستینییەکان ناکات، بەڵکو پشتگیری لە دیپۆرتكردنەوەی ئەوانە دەكات كە ئەو بە "خائین و تیرۆریستیان" دەزانێت.

 

بن غەڤیر، سەرکردایەتی پارتی "هێزی جوولەکەکان" دەکات کە لەلایەن ژمارەیەک لە شوێنکەوتوانی کاهانەوە لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە.

 

پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥دا نەیتوانی بچێتە ناو کنێستەوە، پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩، پارتەکە چووە ناو هاوپەیمانی ماڵی جولەکەکان کە پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی تێدایە، هاوپەیمانییەکە توانی پێنج کورسی بەدەستبهێنێت، پارتەکەی بن غەڤیر، لە ڕووی ژمارەی دەنگەوە لە پلەی حەوتەمی هاوپەیمانییەكەدا بوو.

 

لە هەڵبژاردنی دووەمدا کە لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو، پارتەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆی کاندید کرد و تەنیا لە سەدا ١.٨٨ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و نەیتوانی بچێتە ناو کنێستەوە بەهۆی تێپەڕنەکردنی ئاستەنگی کە لە سەدا ٣.٢٥ی دەنگی دەنگدەران بوو.

 

لە ساڵی ٢٠٢١ بە هاوپەیمانی لەگەڵ ژمارەیەک هێزی توندڕەوی زایۆنی کە هاوپەیمانییەکەیان لەلایەن نەتانیاهۆ سپۆنسەر کرابوو لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری کرد و بن غەڤیر بۆ یەکەمجار چووە ناو کنێستی ئیسرائیلەوە واتە بوو بە پەرلەمانتار.

 

ناوبراو سەر بە ئاڕاستە توندڕەوەکانە کە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی جوولەکە ناسیۆنالیست و زایۆنیستی دەبینن و دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینن.

 

لە ٢٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٢ەوە وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی وەرگرتووە، توندڕەوی ئیتمار بن غەڤیر، بە ڕادەیەکە؛ سەرۆکی ئیسرائیل لێی دەترسێت, بۆیە لە کۆبوونەوەیەکی ڕەسمییدا، داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ کرد؛ هیچ پۆستێکی وەزاری پێ نەدات. 

 

لە هەمانکاتدا؛ زۆربەی وڵاتانی دۆستی ئیسرائیل، بە تایبەتی ئەمریکا زۆر دژی پێدانی پۆستی وەزاری بوون بە بن غەڤیر، تەنانەت هەندێک لە کۆنگریسمان و سیاسییەکانی ئەمریکا، داوایان لە سەرۆکی ئەمریکا کردوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ  نەکات. 

 

بن غەڤیر، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی وەزارەتەکەی پاراستنی ئۆردوگا ئیسرائیلەكانی ناو  خاكی فەلەستینە، ئەوەش، ترسێکی زۆری دروستکردوەە بن غەڤیر بە ناوی پاراستنی سەروماڵی نیشتەجێ ئیسرائیلییەکانەوە، کوشتوبڕی فەلەستینییەکان بکات.

 

ڕۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی، سەرکەوتنی بن غەڤیر و پارتەکەی لە هەڵبژاردنی کنێست کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو بە "ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی ئیسرائیل" وەسف کرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن