45 کوردستان

گۆڕینی دیمۆگرافی کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق دەبێت"

11:45 - 08/12/2023

زه‌مه‌ن – هه‌ولێر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئەنجام بدات کە ماوەی ٢٦ ساڵە ئەنجام نەدراوە.

بڕیار بوو، سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق کە ھەرێمیش دەگرێتەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ئەنجام بدرێت و لە بوودجەی ٢٠١٩ زیاتر لە ١٠٠ ملیار دیناری بۆ تەرخان کرا، بەڵام وا بۆ ٢٦ ساڵ دەچێت، ھێشتا سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام نەدراوە.

لە زۆربەی وڵاتاندا، ھەر ١٠ ساڵ جارێک سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئەنجام دەدرێت، تا ئێستا لە عێراق ھەشت سەرژمێری گشتی ئەنجامدراون کە دوایین سەرژمێری لە ساڵی ١٩٩٧دا ئەنجامدرا، بەڵام بە ھۆی دۆخی سیاسی و ناسەقامگیری لە سەرانسەری عێراق کەمتر وەک بنەمایەکی زانستی پشتی پێ دەبەسترێت.

لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧، ھەشت سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجامدراون، ئەوانیش بریتیین لە سەرژمێرەکانی ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧.

بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە، ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٨٣ کەس.

سەرژمێری گشتی دانیشتووان بە پڕۆسەیەکی گرنگ دادەندرێت، چونکە لە ڕێگای ئەو پڕۆسەیەوە، نەخشەڕێگا و پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بونیاد دەنرێت و بنەمایەکی سەرەکیشە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونکە تا ئامار و سەرژمێری نەبێت ڕەنگە نەتوانرێت وەک پێویست ھەڵبژاردنێکی دروست ئەنجام بدرێت، ھەروەھا لەڕێگای سەرژمێرییەوە زانیاری پێویست لەسەر کۆی دانیشتووان سەبارەت بە ڕەگەز، تەمەن، نەتەوە، ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزان کۆدەکرێتەوە.

پێشتر وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبد زەھرە ھینداوی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاندبوو کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان، زنجیرەیەک ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر و ئاماژەی بەوەیشدابوو کە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق بە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت.

بە بۆچوونی ژمارەیەک سیاسەتمدار و شرۆڤەکاری سیاسیی لە عیراق، گۆڕینی دیمۆگرافی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە ھۆکاری جیاجیا لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار ڕوویانداوە، کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دروست دەکات کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، ئەنجام بدرێت.

لەمبارەیەوە، ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شێروان دووبەردانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە تا ئێستا بۆ چەندین جار، کورد داوای کردووە کە پرۆسەی سەژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرلەوەی پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت، پێویستە ڕەوشی ئەو ناوچانەی کە گۆڕینی دیمۆگرافی تیایاندا ڕوویداوە ئاسایی بکرینەوە، بە تایبەتیش ڕەوشی ناوچە کێشە لەسەرەکان و گوتی: "ھەندێک لایەنی سیاسی کۆسپ و تەگەرە دروست دەکەن، بۆ ئەوەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئەنجام نەدرێت، لە کاتێکدا ئەنجامدانی پرۆسەکە لە عێراق بۆ زانینی ژمارەی دانیشتووان، ئامادەکردنی بوودجە و بوارەکانی دیکە زۆر گرنگ و پێویستە".

شێروان دووبەردانی وای بۆ دەچێت کە بە ڕێککەوتنی سیاسی دەتواندرێت کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی چارەسەر بکرێت و گوتی: "بەداخەوە، ئەمڕۆ ھیچ ڕێککەوتن و تەوافوقێک لە عێراق جێبەجێ ناکرێت، ئەوەتا دەبینین لەسەر پشکی ھەرێم لە بوودجەی گشتی عێراق لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ڕێککەوتن کراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، تەنانەت ڕێککەوتن کراوە، بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور جێبەجێ بکرێت و لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا، دادگای باڵای فیدراڵیی بڕیاریدا کە ماددەی ١٤٠، ماددەیەکی دەستوورییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا ھیچکام لە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق نەیانتوانیووە ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بکەن".

ئاماژەی بەوەیشدا، ئەگەر پرسی گۆڕینی دیمۆگرافی چارەسەر نەکرێت، پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان سەرکەوتوو نابێت و ئەنجامەکەیشی دان پێدانراو نابێت، چونکە ئەمڕۆ زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان (لە ناوچە کێشە لەسەرەکان) لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراقدان و گوتی: "ئەمڕۆ دەبینیین، ناوچە کوردنشینەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕووبەڕووی تەعریب بوونەتەوە، بۆیە ئەگەر پرسی گۆڕینی دیمۆگرافی چارەسەر نەکرێت، ئەوا کورد لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوواندا، زەرەرمەند دەبێت".

شێروان دووبەردانی گوتیشی: "تاکە ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی پرسی گۆڕینی دیمۆگرافی، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوورە".

ھەر لەوبارەیەوە شرۆڤەکاری سیاسیی تورکمان، کازم یاوەر ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق بە مافێکی دەستووریی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند: "بەپێی یاسا، بڕیاربوو لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، دووجار پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق نەیتوانیووە پڕۆسەکە ئەنجام بدات".

کازم یاوەر لە بارەی کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژمارەیەک پارێزگای عێراق کە لەچوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووردا بە ناوچەی کێشە لەسەر ھەژمارکراون و لەسەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعسەوە گۆڕینی دیمۆگرافی تیایاندا ڕوویداوە، پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دەیانگڕێتەوە".

ئاماژەی بەوەیشدا کە بۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دوو دەستەواژە بەکار دەھێندرێت، یەکەمیان پێی دەڵێن "سەرژمێری" کە ئەو دەستەواژەیە پەیوەندیدارە بە زانینی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان، دەستەواژەکەی دیکەیش پێی دەڵێن "ئامار" و گوتی: "ئەگەر لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوواندا کە بڕیارە لە ساڵی داھاتوودا ئەنجام بدرێت، ' ئامار' تیایدا بەکار بھێندرێت، ئەوا کێشە دروست دەکات، چونکە لەوانەیە ژمارەی نەتەوەکانی وەک تورکمان لەو ناوچانەی کە گۆڕینی دیمۆگرافی تیایاندا ڕوویداوە، بە ڕاستی و دروستی نەزاندرێت".

کازم یاوەر گوتیشی: "ژمارەیەک زۆر لە کورد و تورکمان لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس و بگرە لە ساڵانی دوای دەسەڵاتی رژێمی پێشووی بەعسیشەوە لە ناوچەکانیان دەرکراون و دەستبەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیاندا گیراوە و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە گەنجی تورکمانیش بە ھۆکاری سیاسی، ئابووری و ئەمنی ناوچەکانیان جێھێشتووە و ڕوویان لە دەرەوە کردووە کە تا ئێستا ناویان تۆمار نەکراوە".

باسی لەوەیش کرد، ئەگەر پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئەنجام بدرێت، تەنھا پەیوەندیدار بێت بە ژمارەوە، ئەوا کێشە دروست ناکات و ڕاشیگەیاند: "ماددەی ١٤٠ی دەستوور، ھیچ کێشەیەک بۆ سەرژمێری گشتیی دانیشتووان دروست ناکات، چونکە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی بۆ زانینی ژمارەی دانیشتووان و پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان لە کەرتە جیاوازەکاندا ئەنجام دەدرێت".

ھەر لەوباریەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق، ماردین تەحسین گۆگ قایا لەبارەی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان کە بڕیارە لە ساڵی داھاتوودا لە عێراق ئەنجام بدرێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر ئەوەمان دووپاتکردووەتەوە کە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان زۆر ئەستەمە لەم ھەلومەرجەدا ئەنجام بدرێت، چونکە گۆڕانکاری زۆر لە دیمۆگرافیادا ڕوویداوە، بە تایبەتی لە ناوچە تورکماننشینەکان لە کەرکووک، خورماتوو، دیالە، تەلەعفەر و مووسڵ، لەبەر ئەوە ئێمە پێویستمان بەوەیە دۆخی ئەو ناوچانە زیاتر سەقامگیر بێت و نوێنەرایەتیی تورکمان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ھەبێت، بۆ ئەوەی متمانە لای ھاووڵاتییانی تورکمان دروست بێت لەوەی حکوومەت یان دەوڵەتی عێراق، بوونی تورکمان لەو ناوچانە و دامەزراوەکاندا پشتگوێ و پەراوێز ناخەن، من وای دەبینم کە ئەستەمە سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لەم قۆناغەکەدا ئەنجام بدرێت".

گوتیشی: "ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق، پێویستی بە چەند ساڵێک ھەیە کە لە میانی ئەو چەند ساڵەدا، دۆخی ئەمنی سەقامگیر بێت و ستەمکردن لەسەر پێکھاتەی تورکمان ھەڵبگیرێت و ئاوارەکانیش بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان".

ماردین تەحسین گۆگ قایا لەبارەی کاریگەری گۆڕینی دیموگرافی لەسەر ناوچە تورکماننشینەکان گوتی: "بەدڵنیاییەوە، گۆڕینی دیموگرافی کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو ئەنجامدرا، کاریگەری زۆری لەسەر ناوچە تورکماننشینەکان دروست کردووە کە لە میانیدا تەعریبکردن لە ناوچە تورکمانشینەکان ڕوویدا، ھەروەھا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣یشەوە، گۆرینی دیموگرافی لە ھەمان ناوچە تورکماننشینەکاندا ڕوویداوە، بەڵام بەشێوازێکی دیکە کە ھاووڵاتییەکی زۆری کورد ھێنراون لە ناوچە تورکماننشینەکان جێگیرکراون کە ئەمەیش بە گۆڕینی دیموگرافی کورد لە ناوچە تورکماننشینەکان ھەژمار دەکرێت".

گوتیشی: "ھەروەھا ماوەی شەش ساڵە، پیکھاتەی عەرەبیش بەھەمانشێوەی کورد، گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچە تورکماننشینەکان پەیڕەو دەکات، بۆیە دەبینین کە گۆڕینی دیموگرافی لە زۆربەی ناوچە تورکماننشینەکان لە عێراق ڕوویداوە کە تا ئێستا بەردەوامە، ھەر ئەوەیش وایکردووە کە کەرکووک بەدەست کێشەکانی گۆڕینی دیموگرافییەوە دەناڵێنێت کە ھۆکارەکەیشی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرکوتکردنی پێکھاتەی تورکمان دەگەڕێتەوە، چونکە ڕێگا بە ھاووڵاتی تورکمان نەدراوە مامەڵەی گڕین و فرۆشتن بە خانوو و موڵکەوە بکەن".

ناوبراو پێی وایە کە ڕێگای چارەسەر بۆ پرسی گۆڕینی دیموگرافی لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق، بە تایبەتی لە کەرکووک، گەڕانەوەیە بۆ سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧، ھەروەھا ڕەخساندنی کەشێکی لەبارە بۆ سەرجەم پێکھاتەکان کە بتوانن بە ئاشتی بژین و گوتی: "ڕێگایەکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گۆڕینی دیموگرافی ئەوەیە، ئەو کەسانەی کە بە سیاسەتی تەعریبکردن ھێنراون و لەو ناوچانەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە کە گۆڕینی دیموگرافی تیایاندا ڕوویداوە نیشتەجێ کراون، بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان، ھەروەھا قەرەبووی ماددی بکرێنەوە، لەبەرامبەردا خانوو و زەوییەکانیش بگەرێندرێنەوە بۆ خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچانەی کە گۆڕینی دیموگرافی تیایاندا ڕوویداوە".

ھاوکات قایمقامی قەزای شنگال، نایف سیدۆ ڕایگەیاند، پێویستە بەرلەوەی ساڵی داھاتوو، سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام بدرێت، سەرەتا ڕەوشی ئەو ناوچانەی کە گۆڕینی دیمۆگرافی تیایاندا ڕوویداوە، ئاسایی بکرێنەوە، وەک لە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقدا ھاتووە.

نایف سیدۆ لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانەی کە گۆڕینی دیمۆگرافی تیایاندا ڕوویانداوە، پێویستە خەڵکی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دواتر بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن لە نێویاندا خەڵکی شنگال".

گوتیشی: "گۆڕینی دیمۆگرافی زیاتر لە سنووری قەزای بەعاج، ھەروەھا دەورووبەری قەزای شنگال ڕوویداوە لەناو قەزای شنگال ڕووی نەداوە، چونکە ئەوەی ئێستا لەناو قەزای شنگال نیشتەجێن، خەڵکی ڕەسەنی قەزاکەن، بۆیە بەجێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە سنووری قەزای شنگال و ناوچەکانی دیکەیش چارەسەر دەبێت".

ھەر لەوبارەیەوە قایمقامی قەزای تەلەعفەر، ڕایگەیاند، بێگومان بەھۆی ئەوەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە پارێزگای نەینەوا، بە تایبەتیش لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای نەینەوا ڕوویداوە، کێشە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دروست دەبێت و گوتی: "قەزای تەلەعفەر شارۆچەکەیەکی تورکماننشینە، ھەروەھا ناحیەی عیازییە کە سەربە قەزای تەلەعفەرە و شارەدێیەکی تورکماننشینە، لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی گۆڕینی دیموگرافی و وێرانکاریی بوونەتەوە، تەنانەت تا ئێستا بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ی دانیشتووانی ناحیەی عەیازییە ئاوارەن و نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی نەتوانراوە ژێرخانی ناحیەی عەیازییە کە پێشتر بە ھۆی شەڕەکانی دژبە تیرۆرەوە زیانی بەرکەوتووە، دووبارە بونیاد بنرێتەوە و خزمەتگوزاری پێشکەش بە دانیشتووانەکەی بکرێت".

نەشئەت سادق گوتیشی: "ھەروەھا تا ئێستا، بەڕێژەی لەسەدا ٢٥ی دانیشتووانی قەزای تەلەعفەر ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، ئەوەیش ھەر بەھۆی ئەوەی کە تا ئێستا نەتوانراوە ژێرخانی قەزای تەلەعفەر کە پێشتر بە ھۆی شەڕەکانی دژبە تیرۆرەوە زیانی بەرکەوتووە، دووبارە بونیاد بنرێتەوە و خزمەتگوزاری پێشکەش بە دانیشتووانەکەی بکرێت".

قایمقامی قەزای تەلەعفەر، نەشئەت سادق پێی وایە ئەگەر کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە پارێزگای نەینەوا بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای نەینەوا، بەر لەوەی پڕۆسەی سەژمێری گشتی دانیشتووان چارەسەر نەکرێت، ئەوە ئەنجامی پڕۆسەکە دانپێدانراو نابێت بە تایبەتی لەڕووی ژمارەکانەوە کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بۆ تەرخانکردنی بوودجە، دیاریکردنی ژمارەی کەمینەکان و نەتەوەکان، پشتی پێ دەبەسترێت و گوتی: "تا ئێستا ٢٥ گوند لە سنووری قەزای تەلەعفەر، چۆڵکراون و وێرانکراون، لەبەر ئەوە دانیشتووانی ئەو گوندانە لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان بێبەش دەبن، چونکە ئێستا یان لە دەرەوەی عیراقن یان لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانن یان لە ناوچەکانی عێراق نیشتەجێن".

نەشئەت سادق داوایشی کرد کە ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی بدۆزرێتەوە و گوتی: "ئومێد دەکەین کە حکوومەتی فیدراڵیی ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور بدۆزرێتەوە کە تایبەتە بە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کێشە لەسەرەکان، چونکە بەڕێژەی لەسەدا ٧٥ی ناوچەکانی قەزای تەلەعفەر، ھەروەھا ژمارەیەک ناوچەی دیکە، ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەیانگڕێتەوە".

لای خۆیەوە سیاسەتمەداری مەسیحی سەربەخۆ، زیا پترۆس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەداوە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، دووجار گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا بە تایبەتی ناوچە مەسیحینشینەکان ڕوویداوە کە یەکەمیان لە ساڵی ٢٠٠٩ و ئەوەی دیکەیشیان لە ساڵی ٢٠١٤ بووە و ڕایگەیاند: "وەک ھەمووان دەزانین، ساڵانێکی زۆرە سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام نەدراوە، بەو پێیەی دوایین پڕۆسەی سەرژمێری لە ساڵی ١٩٩٧ لە عێراق کراوە، بەڵام لەو کاتەدا گۆڕینی دیمۆگرافی لە زۆربەی ئەو ناوچانەدا ڕوویداوە کە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەیانگرێتەوە، بە تایبەتی لە شار و شارۆچکەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، ئەوەیش وایکردووە کە کێشە بۆ ئەو ناوچانە دروست بێت و دواتر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراقدا چەسپێنرا، بەڵام ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە، لایەنە شیعەکان لە ساڵی ٢٠٠٩دا، پڕۆسەی تەعریبیان لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا دەست پێکرد، کاتێک ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەدەچوو کە بە یەک شەو، دوو ھەزار و ٢٦١ خێزان لە مووسڵ دەرکران و بەشێکیان ڕوویان کردە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و بەشێکی دیکەیشیان ڕوویان کردە ھەرێم".

زیا پترۆس گوتیشی: " لە ساڵی ٢٠٠٩دا، ھەندێک گرووپی شیعە لەو گوندانەی دەورووبەری بەرتللـە کە شەبەکنشینن و شیعە مەزھەبن پێکھێنران، ھاتنە ناحیەی بەرتللـە، ئەو کات لەگەڵ ئەوەی ئەنجوومەنی ناحیەی بەرتللـە ھەبوو، بەڵام پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا بەردەوامبوو، بۆیە دیمۆگرافی ناحیەی بەرتللـە کە ناوچەیەکی مەسیحینشینە، گۆڕانکاریی بەسەردا ھات کە بەھۆیەوە زۆربەی خەڵکە ڕەسەنەکەی ڕوویان لە ھاندەران کرد".

سیاسەتمەداری مەسیحی سەربەخۆ، زیا پترۆس ئاشکراشی کرد: "ھێزەکانی شیعە لە چوارچێوەی پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، چەندین تەکییەی شیعە، ھەروەھا قوتابخانەکیان بەناوی خومەینی لە ناحیەی بەرتللـە دروست کرد کە ئەو کاتەیش ناڕەزایەتیی مەسیحییەکانی لە عێراق لێکەوتەوە، جگە لەوەیش ئەو کات ویستیان، پرسی تەشەیوع بەسەرۆکایەتی حەنین قەدۆ لە ناوچەکەدا بڵاو بکەنەوە".

زیا پترۆس گوتیشی: "ھەروەھا ھێزەکانی شیعە دوای ناحیەی بەرتللـە، ھەوڵێکی گەورەیان دا، بۆ ئەوەی دیمۆگرافی قەزای حەمدانییە بگۆڕن و دەستی بەسەردا بگرن، بەڵام خەڵکی حەمدانییە لەوان زۆر ژیرتربوون و ڕێگایان نەدا دیمۆگرافی قەزاکەیان بگۆڕدرێت".

ئەو سیاسەتمەدارە مەسیحییە باسی لەوەیش کرد کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر پارێزگای نەینەوا، جارێکی دیکە گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ڕوویدا و گوتی: " ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا، شاری مووسڵ، قەزاکانی شنگال و تەلەعفەر، ھەروەھا ناوچەکانی دەشتی نەینەوای کۆنترۆڵ کرد لە یەک شەودا، ١٥٠ ھەزار کەس لە تەلسقۆف، باتمایا، بەرتللـە، باشیک و حەمدانییە، ئاوارەبوون و ڕوویان کردە شارەکانی ھەرێم، بەڵام دوای گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لە ساڵی ٢٠١٧، دووبارە پڕۆسەیەکی گەورەتری گۆڕینی دیمۆگرافی لە بەرتلـلە ڕوویدا، ئێستا بەرتللـە کە دانیشتووانەکەی مەسیحیی بوون، بەڵام بەڕێژەی ٢٥ لەسەدا دانیشتووانەکەی مەسیحیین و ئەوانەی دیکە ھەمووی شەبەکی شیعە مەزھەبن".

زیا پترۆس نەیشاردەوە کە گۆڕینی دیمۆگرافی کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق دروست دەکات و گوتی: "ئەگەر ساڵی داھاتوو، سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە کەرکووک، خانەقین، کفری و دەشتی نەینەوا بکرێت، ئەوە گۆڕانکارییەکی گەورە لەڕووی دانیشتووانەوە دروست دەبێت، چونکە ئەو کاتە، خەڵکە ھاوردەکراوەکان بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانەی کە گۆڕینی دیمۆگرافی تیایاندا ڕوویدا، ھەژمار دەکرێن کە لە ڕاستییدا خۆیان خەڵکی ئەو ناوچانە نین، بۆیە سەرژمێرییەکە، سەرژمێرییەکی ڕاستەقینە نابێت".

گوتیشی: "باشترین تۆماری سەرژمێری کە ھەبێت، تۆماری سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧ە کە دەبێت پشتی پێ ببەسترێت، بۆیە ئەگەر سەرژمێری بەم شێوەی ئێستا کە پلانی بۆ دانراوە ئەنجام بدرێت، ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەرناخات کە گۆڕینی دیمۆگرافی تیایاندا ڕوویداوە".

سیاسەتمەداری مەسیحی سەربەخۆ، زیا پترۆس ڕاشیگەیاند کە باشترین ڕێگا چارە بۆ کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە و گوتی: " ئەگەر پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی دیمۆگرافی ئەنجام بدرێت، ئەوا ناڕەزایەتیی دەردەبڕین، ھەروەھا پێویستە سەرەتا ماددەی ١٤٠ی دەستوور جێبەجێ بکرێت، دواتر پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام بدرێت".

بە بۆچوونی شارەزایان لە عێراق، سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧، سەرکەوتووترین پرۆسەی سەرژمێرییە کە تا ئێستا لە عێراق ئەنجامدرابێت، ئەوەیش لەبەر ژمارەیەک ھۆکار لەنێویاندا، تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ پرۆسەکە لە رۆژی ١٤ حوزەیرانی ١٩٥٧، بەشداریکردنی نوێنەر و شارەزایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرۆسەکە، ھەروەھا ئەنجامدانی خولی راھێنان بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی ڕەگەزنامەی گشتیی و ھەڵمەتی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بانگەشەکردن بۆ بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە پرۆسەکەدا، دابەشکردنی فۆرمی سەرژمێرییەکە بەسەر ھاووڵاتییاندا، بۆ ئەوەی خۆیان فۆرمەکە، پڕ بکەنەوە.

ھەر لەبەر ئەوەیە، تا ئێستا لە عێراق کار بە سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧ دەکرێت.

لای خۆیەوە شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی، عەلی بەیدەر لەباری کاریگەریی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق لەسەر ئەنجامی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان ڕایگەیاند: "تا ئێستا گۆڕینی دیمۆگرافی لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق، کۆتایی نەھاتووە و بەردەوامە، تەنانەت بەھۆی گۆڕینی دیموگرافییەوە، خەریکە ژمارەیەک ناوچە دەکرێن بە پارێزگا و ژمارەیەک قەزایش دەکرێن بە شار، بۆیە بە دڵنیایییەوە گۆڕینی دیمۆگرافی بەجۆرێک کاریگەریی لەسەر ئەنجامی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دروست دەکات کە ناتوانرێت ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووان دیاری بکات و پڕۆسەی سیاسیش لە عێراق بگۆردرێت".

عەلی بەیدەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وا بۆ ٢٦ ساڵ دەچێت پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام نەدراوە، ئەو داتا و زانیارییانەیش کە ئێستا لەبارەی ژمارەی دانیشتووانەوە لەبەر دەستدان، ھەموو داتا و زانیاریی خەمڵێندراون، چونکە تا ئێستا ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە ژیاندا نەماون لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتی بازرگانیی نەسڕانەتەوە، بۆیە پێویستە بەرلەوەی ساڵی داھاتوو، پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام بدرێت، کێشەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسەکە چارەسەر بکرێن".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بەوەیشدا کە بە سازشکردن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵات، دەتواندرێت کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە عێراقدا چارەسەر بکرێت و گوتی: "دەبینیین ئەمڕۆ ھەریەک لە کورد، سوننە، شیعە و تورکمان باس لە دەستکەوتەکانی خۆیان دەکەن کە ئەویش دەبێتە مایەی سەرھەڵدانی قەیران و لەدەستدانی متمانە لەنێوان یەکتر، چارەسەری گونجاو بۆ کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی، ئەوەیە کە دەسەڵات بەکار نەھێندرێت و ناکۆکییەکانیش بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن یەکلایی بکرێنەوە، ھەروەھا بەرژەوەندی گشتی وڵات بخرێتە پێش ھەموو بەرژەوەندییەکی حیزبی و کەسییەوە، جگە لەوەیش پێویستە کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی لەسەر ئاستی خۆجێی چارەسەر بکرێت، بۆ نموونە پێویستە گۆڕینی دیمۆگرافی لە پارێزگای نەینەوا، لەلایەن لایەنە پەیوندیدارەکانی پارێزگاکەوە چارەسەر بکرێت و بۆ پارێزگاکانی دیکەیش بە ھەمانشێوەیە".

عەلی بەیدەر لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا بەجێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافی چارەسەر نابێت گوتی: "بەلای منەوە بوونی شەراکەتێکی ڕاستەقینە لەنێوان لایەنەکاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕینی دیموگرافی، ئەوەندەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور گرنگە، چونکە بوونی شەراکەتێکی ڕاستەقینە لەنێوان لایەنەکاندا، ڕەوشیکی سەقامگیر لەڕووی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە دێتە ئاوارەوە کە ھەمووان پێی ڕازی دەبن، جگە لەوەیش دەبێت مافی کەمینەکانیش دەستەبەر بکرێت".

ئەگەر چی ئەو سیاسەتمەدار و شرۆڤەکارانە لە بۆچوون و قسەکانیاندا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە گۆڕینی دیمۆگرافی کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دەبێت، ھاوکات لەسەر ئەو خاڵەش ھاوڕان کە بە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، دەتواندرێت گۆڕینی دیمۆگرافی چارەسەر بکرێت.

ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئەویش بە سێ قۆناغ کە بریتین لە ئاساییکردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و قەرەبووکردنەوەیان، ھەروەھا گەڕانەوەی عەرەبە ھاوردەکان لەو ناوچانە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی دیکە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ جێبەجیکردنی ماددەکە نەنراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن