88 کوردستان

ڕۆژئاوای کوردستان؛ هیوای کورد و نمونەیەکی واقیعی لە پێکەوەژیانی دیموکراسییانەی گەلان

12:29 - 13/12/2023

زەمەن_كوردستانى/ زمناکۆ خەسرەو

ئەوڕۆ، ١٢ی ١٢ی ٢٠٢٣، ڕۆژئاوای کوردستان دەستووری خۆڕێبەریی ڕۆژئاوای پەسند کرد. کاتەك لە سەرەتای دەیەی ڕابردوو شۆڕشەکانی بەهاری عارەبی دەستیان پێکرد، لە ٢٠١١ سەرهەڵدانەکانی ناو سوریاش دەستیان پێکرد. لە هاوینی ٢٠١٢، خۆڕێبەری (ئۆتۆنۆمی)ی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندرا. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژئاوا، هەر لە سەرەتاوە، خواست و ئامانج و پلانی دامەزراندنی بناغەکانی ئیدارە و بەڕێوەبردن و تەنانەت دەوڵەت وجودیان هەبوو، لۆیێ، ڕێك ساڵێك پاش ئەوە، لە ٢٠١٣ لێژنەی نووسینی دەستووریان ڕاگەیاند. ئەوڕۆیش، پاش دە ساڵ لە کارکردن و دەیان کۆبوونەوە، دەستوورەکەیان پەسند کرد.

بەپەلە گەڕام دەستوورەکە بخوێنمەوە. نووسخەیەکی ئینگلیزیم دیتەوە. سەرپێی چاوەکەم لە ماددەکانی دا. (ئاشکرایە کە پسپۆڕی و شارەزاییم لە یاسا و دەستووردا نییە)، کاتەك تەماشای ماددەکانی ١ تا ٤٤ دەکەین، لەوێندەر ئەوە دەبینین کە مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی ڕەگەزی، یەکسانی ژن و پیاو، مافی زمان و پارێزگاریلێکردن، بەیکەوەژیانی گەلان، ئازادی، ئازادیی نووسین و قسەکردن، ئازادیی ئایین، و تەنانەت مافەکانی زیندانیش تێیدا پارێزراون. ئەو دەستوورە دان بە هەموو نەتەوە، زمان، گەلان، و کەلتوورێکی ناو ڕۆژئاوا دەنێ. هەموو کەسێك مافی ئەوەی هەیە بە زمانی داکی خۆی بخوێنێ. ئەوەش گرنگە لۆ ئاخێوەرانی زمانی کوردیی ئەوێندەر.

ئەنگۆ دیقەت بدەن، ڕۆژئاوای کوردستان پشکی لە بودجەی سوریادا نییە، بەڵام بەداهاتی قنیات و کەمی ناوخۆی خۆیان، خۆیان بەڕێوە دەبەن. نە کێشەی مووچەیان هەیە، نەیش نەهاتنی بودجەی دیمەشق.

گرنگیی ڕۆژئاوا

بەندە، لە ماوەی تەمەنی ڕۆژئاوای کوردستان، لە دەیان وتاری شیکاریدا، پرسی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستانم شی کردیتەوە. دڵخۆشم کە دەبینم ڕۆژئاوا لەسەر ڕێگە درووست و ڕاستەکەیە. لەبەر ئەوەی ڕۆژئاوا گرنگیی بە ژێرخان و بناغەی ئیدارە و سیستەمی بەڕێوەبردن دەدا، لۆیێ، ئەردۆگان وەکی گای ئیسپانی هار بووە و خین بەری چاوی گرتییە. ئەوەی لەو قۆناغە گرنگە ئەوەیە کە چلۆن سەردارانی ڕۆژئاوا پارێزگاری لە سەربەخۆیی و دەستوورەکەیان بکەن کە بەرهەمی خوێنی خۆیانە. لێرەدا دەبێ چۆنییەتیی تەماعولکردن لەگەر ئەمریکا، ڕوسیا، ئێران، سوریا، تورکیا، وڵاتانی دیکە، و تەنانەت داعشیش بەوردی دیڕاسە بکرێ. بێگومان مانەوە و گەشەکردنی ڕۆژئاوا، لەسەر ئەو ڕێیەی لەسەری دەڕوا، کاریگەریی بەرچاو و ئەرێنی دەبێ لەسەر کۆی پرسی کورد، لە هەرچار پارچەی کوردستان.

گرنگیی دەستوور

لە ئەمریکا، لۆ نمونە، سەربەخۆیی لە ١٧٧٦ ڕاگەیێندرا. ساڵێك پاش هەنگینێ دەستووریان نووسییەوە و ساڵی پاشترێش، کە ساڵی ١٧٧٨ بوو، دەستوورەکە پەسند کرا. دەستوور بناغە و هێز و سەربەخۆیی و ڕێکخستنە. تەماشای دەوڵەتی ئێستا عێراقێ بکەن، بەهۆی ئەو دەستوورەی کە لە ٢٠٠٥ نوورایتەوە، هێز و دەسەڵاتی ناوەند، هەرێمی کوردستانی پێ لە پەلوپۆ خستییە. لە هەر بارودۆخ و حالەتێك بیانەوێ دژی هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنن، درێخی لێ ناکەن.

ئەدی لە باشوور؟

بەداخەوە، پشتی سی و دوو (٣٢) ساڵان لە هەبوونی ناوچەی ئۆتۆنۆمی و هەبوونی فیدڕالیش لە ٢٠٠٥ ەوە، تا ئێستا باشوور دەستووری نییە. ئەوەی لە باشوور هەیە، کەڵەگایی و حاکمییەتیی زۆرینەی پارتییە کە هەندێك یاسا، کە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتەکەی سەریڕەشە، لە پەرلەمانی کوردستان، پەسند کرایە. بەهۆی ئەو یاسایانەوە، دەیان جوامێری وەکوو شێڕوان شێڕوانێ لە حەپسێ کرایە و پێی سزا درایە. ئێستا، پاش ٣٢ ساڵان، حکومەتەکەی باشوور چاوی لە داهاتی بەغدایە تاوەکوو فەرمانبەرانی پێ بەخێو بکا. لەو ماوە درێژەدا، باشوور نە توانیویەتی سیستەمەکی خۆڕێبەریی و خۆبەخێوکەریی ئابووری هەبێ، نەیش دەستوورێك کە ڕێز لە مافی مرۆڤ و یەکسانی و ئازادیی هەمووان، بێ جیاوازی، بگرێ! لەبەرچی؟

پەسندکردنی دەستووری ڕۆژئاوای کوردستان لە کورد پیرۆز بێ! ڕۆژئاوای کوردستانم وەکوو جگەرگۆشەی خۆم خۆش دەوێ. ئەوە خۆستاییشکردن نییە، بەڵام هیوادارم ڕۆژەك لە ڕۆژان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە زانست و پسپۆڕییەکانم خزمەت بکەم!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن