444 کوردستان

جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو: پشتیوانی کاندیدانی لیستی 114ی گۆڕان دەبین بۆ سەرکەوتنیان

02:16 - 05/10/2024

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان، رایدەگەیەنێت: ژووری هەڵبژاردن بەرپرسیارە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کە دەستوری ناوخۆی دیاری کردووە و لە یەک کاتدا و بە یەک پاکێج ئەنجام ئەدرێت. جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کارکردنی جڤاتی نیشتیمانی لەسەر بنەمای دەستور و بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە و دەرگای دڵ و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەموو گۆڕانخوازان کراوە بۆ کاری پێکەوەی پاڵپشت بە دەستوری ناوخۆ.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداری کردن یان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە، بەڵام کاندیدەکانی لیستی 114ـی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێ و هاوسەنگەر و هەڵسوڕاوی دیاری ئێمەن، بۆیە پشتیوان و هاوکاریان ئەبین بۆ سەرکەوتنیان.

ڕاگەیەندراوی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو

‏‎ئەمڕۆ شەممە، 5ی 10ی 2024، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی نائاسایی لە گردی زەرگەتە، مەکۆی سەرەکی، ئەنجامدا. ئەم بڕیارانە دران:

‏‎1. دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بنەمای کاری یاسایی و ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕانە، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دایناوە، پێشێلکردنی دەستور رەتکراوەیە، هەمو ڕێکارێکی یاسایی و سیاسی دەگرینەبەر بۆ جێبەجێکردنی دەستور.

2. ژوری هەڵبژاردن بەرپرسیارە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کە دەستوری ناوخۆی دیاری کردووە، لە یەک کاتدا و بە یەک پاکێج ئەنجام ئەدرێت، هەر هەڵبژاردنێک لە ژێر هەر ناوێکدا ئەنجام بدرێت سەرلەبەری نادەستوری و ناقانونی و نادیموکراتییە.

3. کارکردنی جڤاتی نیشتیمانی لەسەر بنەمای دەستور و بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە، مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان گردی زەرگەتەیە، دەرگای دڵ و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەموو گۆڕانخوازان کراوەیە بۆ کاری پێکەوەیی پاڵپشت بە دەستوری ناوخۆ. 

4. سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداری کردن یان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرپرسیارێتی ئەمری واقیع هەڵناگرێ، ئاشکرایە کاندیدەکانی لیستی (114)ی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێ و هاوسەنگەر و هەڵسوڕاوی دیاری ئێمەن، بۆیە پشتیوان و هاوکاریان ئەبین بۆ سەرکەوتنیان.

جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن