ئاگادارییەکی بەپەلە لە ئەوقافەوە
10:58 - 12/11/2024
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
وەزارەتی ئەوقاف ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ دوایین رۆژە بۆ ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە کە پارە رادەست بکەن، بەپێچەوانەوە کەسێکی دیکە دەخرێتە شوێنیان.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە رێگەی میدیاوە؛ هەروەها بە تەلەفۆنیش ئاگاداری هەموو ئەو کەسانە کراوەتەوە کە ناویان بۆ حەج دەرچووە، پارە بهێنن، بۆیە هەرکەس ئەمڕۆ نەیهێنێت مافی دەفەوتێت و کەسێکی دیکە دەخرێتە جێگەی.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوایین کات بۆ بردنی پارەی حەجی ساڵی ٢٠٢٥، کۆتایی دەوامی ئەمڕۆیە، بەهیچ جۆرێک کاتەکە درێژ ناکرێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف وتیشی: هەرکەسێک بچێت گوژمەی یەکەمی پارەکە بدات، دەبێت خۆی ئامادە بێت و پاسپۆرتەکەشی پێبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ نرخی حەجی ساڵی ٢٠٢٥ دیاری نەکراوە و هەرێمی کوردستان چاوەڕێی حکومەتی عێراقە نرخەکە دیاری بکات.