86 کوردستان

بافڵ تاڵەبانى بۆ سودانى: دەمانەوێت هاوبەشێکى راستەقینەبین لە بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان

09:21 - 13/11/2024

زەمەن - کوردستانى

 

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى هەولێرى کرد و دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ پارتى و کۆمەڵى دادگەرى و چەند لایەنێکى سیاسى، سەردانى سلێمانى کرد و لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە پێشوازى لێکرا، دواتر لە دەباشان کۆبوونەوە.

 

دەقى راگەیەندراوى کۆبوونەوەى سودانى و بافڵ تاڵەبانى:

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق كرد و رایگەیاند، یەكێتی پەرۆشی پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەر و دوور لە جیاكارییە لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا.

لەدیدارێكدا گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێكران، جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنەکانی هەرێم و عیراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، هاوبەشیی راستەقینە و رێککەوتنە سیاسییەکان كرایەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان بەتایبەت پرسی موچە و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە.

 

لەدرێژەی دیدارەکەدا سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار كردەوە كە پرەنسیپی راستەقینە و هاوبەشیی تێدا پەیڕەو بكرێت، ببێتە مایەی سەقامگیری و وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەك بێت.

 

لەو رووەشەوە بافڵ تاڵەبانى رایگەیاند، "یەكێتی پەرۆشی پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەر و دوور لە جیاكارییە لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا، دەمانەوێت هاوبەشی راستەقینە بین لە بەڕێوەبردنی هەرێمەكەمان و هەمووان بە رۆحێكی بەرپرسیارانەوە كار بۆ خزمەتی خەڵكەكەمان و بەهێزتركردنی هەرێمەكەمان بكەین".

 

لەبەشێکیتری دیدارەکەدا پرسی سەرژمێری و راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و چارەنووسسازەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و گرنگی دیدی هاوبەش بۆ سەرجەم پرسەکان و بەردەوامیی دیالۆگ و راوێژی نیشتمانیی نێوان لایەنەکان جەختی لەسەرکرایەوە لەپێناو پاراستنی ئارامی و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن