ئەمڕۆ 240 ساڵ بەسەر دامەزراندنى سلێمانى؛ شارى هەڵمەت و قوربانیی تێپەڕ دەبێت
11:02 - 14/11/2024
زەمەن - هەرێمی كوردستان
ئه‌مڕۆ 240 ساڵ به‌سه‌ر بنیاتنانى شاری سلێمانیدا
تێپه‌ڕ ده‌بێت، ناوبانگ و کاریگەریی ئەم شارە زۆر زیاترە لەتەمەنەکەی. بەوپێیەی سلێمانی
شارێکە کە بەدرێژایی مێژوەکەی بوەتە مەڵبەندی خەبات و قوربانیدان و ئەدەب و رۆشنبیری
و شانازی بۆ تەواوی کوردستان.
مێژوی دروستبونی شارى سلێمانی
بەرلەوەی بنه‌ماڵه‌ی بابانییه‌كان بیر له
دروستكردنی شاری سلێمانی بكه‌نه‌وه، ئیماره‌ته‌كه‌یان له‌گوندی (قه‌ڵاچوالان) بو،
له‌گه‌ڵ به‌رفراوان بونی ئیمارهتهكهى، جموجوڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه و بونیاتنانی
شارستانی له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌ستی پێكرد، له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی بابانیەکاندا
ململانێ و توندوتیژیی له‌نێوان فارسه‌كان و عوسمانییه‌كاندا بەردەوام تاوی دەسەند،
بەوپێیەی شوێنی جوگرافیای قه‌ڵاچوالانیش نزیکی سنوری ئێران بو، واتە شوێنێك بو
ببوه مه‌ترسی شه‌ڕو پێكدادانی نێوان له‌شكری فارس و عوسمانییه‌كاندا، بۆیه هه‌ریه‌كه
له "نادر شا و سوڵتان مه‌حمودی یه‌كه‌م" له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بون ئیماره‌تی
بابان به‌لای خۆیاندا رابكێشن، كێشمه‌كێشی ناوخۆیش له‌نێو بنه‌ماڵه‌ی بابانییه‌كان
و ئیماره‌ته كوردییه‌كاندا بۆ كورسی و ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی دیكه مه‌ترسی له‌سه‌ر
ناوچه‌كه دروست كردبو، ئه‌مه‌ش وایكرد مه‌حمود پاشای بابان لەساڵی (1781)ی زاینی‌دا
بیری له‌وه بکاتەوە کە ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی ئەمارەتەکەی له‌قه‌ڵاچوالانه‌وه
بگوێزێته‌وه بۆ شوێنێكی دیکە.وەک یەکەم هەنگاو سه‌رای حكومه‌تی له نزیك گوندی
مه‌ڵكه‌ندی دروستكرد.
دواتر ئیبراهیم پاشای بابان له‌ساڵی (1783) دا فه‌رمانڕه‌وایی ئیماره‌ته‌كه‌ی
گرته ئه‌ستۆ و ده‌ستیكرد به دروستكردنی شاری سلێمانی. ئەوەبو لە رۆژی 14ی تشرینی
دووەمی ساڵی 1784دا دروستكردنی شاری سلێمانی كۆتایی هات، له‌هه‌مان ساڵیش‌دا بابانییه‌كان
پایته‌ختی ئەمارهتهكهیان لەقەلاچوالانەوە گواسته‌وه سلێمانی. بەمجۆرە بەردی
بناغەی شارێكی نوێ لە قەدپاڵی چیای گۆیژە دانراو بوە پایتەختی میرنشینی بابان.
هاوکات ئیبراهیم پاشای بابان بریاریدا لەسەر ناوی باوکی کەناوی سلێمان بو، شارە
ناوبنێت سلێمانی.
ئیدی لێرەوە سلێمانی جگە له‌وه‌ی بوە پایته‌ختی میرنشینی بابان، له‌هه‌مان
كاتدا بو بەمهڵبهندێكی گرنگی سیاسی و بازرگانی و رۆشنبیری و رێبازە ئاینییەکان و
بزووتنەوە سیاسییەکان لەناوچهكەو کوردستانی گەورەدا، هاوکات زاراوهیەکی نوێ کەناونرا
زاراوەی سۆران لەسلێمانییەوە لەدایک بو و دواتر پەرەی سەند، سەرئەنجام بوە زمانی
خوێندن و نوسین و ئەدەب، لێرەوە زمانی سۆرانی بەتەواوی ناوچەکەدا بڵاوبویەوە.
میرنشینی بابان ساڵی 1851 لەسەردەستی عوسمانیەكان
روخێندرا، لێرەوە سلێمانی كەوتە دەست خەلافەتی
عوسمانی تا ساڵی 1922. واتە تا ئەوکاتەی خەلافەتی عوسمانی لەجەنگی جیهانی یەکەمدا
روخا، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ هەوڵی مەلیك مەحمود بۆ دروستكردنی دەوڵەتێك كە سلێمانی پایتەختی پایتەختی دەوڵەتەكەبوو، بەڵام
سلێمانی بەدەر لەخواستی خۆیی و بەرێککەوتنی دەوڵەتانی ئیستیعمار، لەدەیەی دووەمی سەدەی
رابردوودا، بە دەوڵەتی تازە دروستكراوی عێراقەوە لکێندراو تائەمرۆش وەک بەشێك لەخاكی
عێراق هێڵدراوەتەوە.
جوگرافیا‌و ئاو هەوای سلێمانی
شاری سلێمانی ده‌كه‌وێته نێوان هێڵی پانی (34
– 36) پله له‌سه‌ر هێڵی كهمهرەیی و هێڵی درێژی (45 – 46) پله له رۆژهه‌ڵاتی هێڵی
گرینیجی گۆی زه‌وییه‌وه، واته ده‌كه‌وێته باشوری رۆژئاوای كیشوه‌ری ئاسیا و رۆژهه‌ڵاتی
باشوری کوردستانەوه.
له باكوری رۆژهه‌ڵاته‌وه به زنجیره شاخی ئه‌زمەڕ
(1700م) و گۆیژه (1525م) و قه‌یوان ده‌وره دراوه، له باشوریشه‌وه به چیای به‌رانان
(1373م) و له رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه ده‌شتی شاره‌زور ده‌ستپێده‌كات كه درێژییه‌كه‌ی
(45کم) و پانییه‌كه‌ی (15کم)ە.
شاری سلێمانی (853م) له ئاستی روی ده‌ریاوه
به‌رزه و ئاو و هه‌واكه‌ی به ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه كاریگه‌ره و له زستاندا
سارد و باراناوییه و هاوینیشی وشك و گه‌رم و بێبارانه، جیاوازییه‌كی زۆریش له نێوان
پله‌كانی گه‌رمای شه‌و رۆژ و وه‌رزه‌كانی ساڵیدا به‌دیده‌كرێت.
شوێنی سلێمانی به قه‌دپاڵی چیای گۆیژه‌وه هه‌ڵبژێراوه،
له دوره‌وه هه‌میشه چه‌شمه‌ندازی چیای به‌رزی پیرهمهگرونە كه (2670م) به‌رزه
و لای رۆژئاوایه‌وه چیای گڵه زه‌رده دیاره. شوێنی كۆنی سلێمانی له سه‌ره‌و لێژی
خوار گۆیژه‌دا هه‌ڵبژێردراوه، به‌ڵام ده‌وروپشتی شاری كۆن. كۆمه‌ڵێك گرد بو، كه
له سه‌رده‌می دامه‌زراندنی شاردا شوێنی كشتوكاڵ بون و ورده ورده هه‌ندێكیان بون
به گۆڕستان له‌گه‌ڵ گه‌وره بونی شاردا، زۆربه‌ی ئه‌و گردانه بون به خان‌و، ده‌توانین
بڵێین شاری سلێمانی ئێستا چوار ده‌وری به چیا ته‌ندراوه.
ئاو و هه‌وای ناوچه‌ی سلێمانی به زۆری له
ئاو هه‌وای ناوچه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌چێت، به‌گشتی پله‌ی گه‌رمای هاوین
ده‌گاته (40) پله‌ی سه‌دی و ئه‌گه‌ر به‌ره‌و رۆژئاوا ببیته‌وه تا (24)نزم ده‌بێته‌وه.
تێکڕای گشتی باران بارین لە ساڵێکدا لە نێوان
(٤٠٠-ـ٦٠٠ملم). بێگومان لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانیدا ئەگاتە ١٠٠٠ ملم
و ھەندێکجار زیاتریش.
سلێمانی بەردەوام، له‌هه‌رچوارلاوه بای بۆ دێت،
جاران له دوانزه مانگی ساڵدا هه‌شت مانگ بارانی تیادا ده‌باری، به‌ڵام ئێستا
وه‌ك به‌شێك له دیارده‌ی گه‌رمبونی زه‌وی ماوه‌و رێژه‌ی باران بارینی تێدا
كه‌م بۆته‌وه.
ته‌وژمی پاڵه‌په‌ستۆی هه‌وا و پله‌ی گه‌رما پێچه‌وانه‌ی
یه‌كترن. واته هه‌تا پله‌ی گه‌رمی به‌رزتر بێته‌وه، با یاخود هه‌وا، ئه‌كشێ و
بۆشایی تیا په‌یدا ئه‌بێت و قورسای كه‌م ئه‌بێته‌وه، به‌وه ته‌وژمه‌كه كه‌م ئه‌بێته‌وه
بۆیه گه‌رما كاریگه‌رترین شته له‌سه‌ر پاڵه په‌ستۆی هه‌وا هه‌ر ئه‌مه‌شه وای
كردوه سلێمانی به شاری "ڕه‌شه‌با" بناسرێت .
پێکهاتەی سروشتی شاری سلێمانی
رۆژنامه‌ی ژین له ساڵی 1955دا بەمجۆرە باسی
سنور‌و دیزاینی گەرەکەکانی سلێمانی کردوە: پانی روی شاری سلێمانی (20) ملیۆن و
(250) هه‌زار مهترەو نزیكه‌ی حەوت هه‌زار خانوی تێدایە، له چەند گەرەکێکی سه‌ره‌كی
پێكهاتوه ئه‌وانیش (كانی ئاسكان، گۆیژه، مه‌ڵكه‌ندی، سه‌رشه‌قام، چوارباخ، ده‌رگه‌زێن
و جولەکان).
بەنمونە گه‌ڕه‌كی گۆیژه، یه‌كه‌م گه‌ڕه‌كی سلێمانیه
له كۆنی و گه‌وره‌یدا به‌ناوی چیای گۆیژه‌وه ناونراوه، كه له‌گه‌ڵ
دروستكردنی شاره‌كه‌دا ئه‌م گه‌ڕه‌كه دروستكراوه .
ده‌رگه‌زێن دوه‌م گه‌ڕه‌كی كۆنی سلێمانیه و
هه‌ندێك سه‌رچاوه ده‌ڵێت دانیشتوانی یه‌كه‌می ئه‌م گه‌ڕه‌كه له گه‌ڕه‌كی (دهرگەزێن)ی
شاری هه‌مه‌دانه‌وه هاتون دو گه‌ره‌كی بچوكیش كه (سه‌رگۆل) و (كارێزی دایكی
پاشا)ن به‌ستراونه‌ته‌وه به گه‌ڕه‌كی ده‌رگه‌زێنه‌وه. هه‌روه‌ها سابونكه‌ران یه‌كێكه
له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی سلێمانی و هاوكات له‌گه‌ڵ دروست كردنی شاره‌كه‌دا
دروست كراوه و ناوه‌كه‌شی له‌وه نراوه كه پیشه‌ی دانیشتونی ئه‌م گه‌ڕه‌كه
دروستكردنی سابون بوه (به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی)، دوای ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه
له گه‌ڕه‌كه‌كانی كانی ئاسكان و سه‌رشه‌قام و جوله‌كان و گه‌ڕه‌كی سه‌رچیمه‌ن،
لەهەرە گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی شاری سلێمانین.
به دوری (60 كم) له شاری سلێمانی به‌نداوی
دوكان هه‌یه كه یه‌كێكه له به‌نداوه گه‌وره‌كانی عێراق و جگه له‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی
گه‌شتوگوزاری و هاوینه‌هه‌وارێكی دڵڕفێنه كه گه‌شتیاران له ناوخۆ ده‌ره‌وه
سه‌ردانی ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها چه‌ند هاوینه‌هه‌وارێكی دیكه‌ی سه‌رنجڕاكێش له
سنوری شاره‌كه‌دایه له‌وانه سه‌رچنار، ئه‌زمەڕ، قه‌ره‌داغ، ئه‌حمه‌دئاوا، هەورامان،
سه‌رته‌كی به‌مۆ، كونه‌ماسی و چه‌ندین هاوینه‌هه‌واری دڵڕفێی دیكه‌ش.
هاوکات، له‌ناو شاری سلێمانی دا به‌رزی و نزمی
و گردۆڵكه‌ی زۆر هەبون لەنمونەی (هه‌واره به‌رزه ـــ گردی عه‌لی ناجیـ گردی
ئه‌ندازیاران ـــ گردی سه‌رچنار و هتد) ئه‌مانه به‌شوێنی به‌رز داده‌نرێن، به‌ڵام
سلێمانی كۆن وه‌ك ده‌رگه‌زێن و چوارباخ و كانێسكان و سه‌رچنار و سه‌رشه‌قام تا به‌ره‌و
خوار ده‌بیته‌وه هه‌ردو چه‌می تانجه‌رۆ و قلیاسان نمونه‌ی ناوچه نزمه‌كانی سلێمانین.
لە سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی سلێمانی
بووە چوار باخی دروستکرد، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی.
لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە، سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخداری و سەوزکردنی
شار.
لەئێستاشدا ناوەندی شاری سلێمانی لە 470 كیلۆمەتر
چوارگۆشە پێكهاتووە، شارەكە لە 213 گەرەك پێكدێت و 8 پاركی سەوزایی گەورە و 523
باخی بچوكی هەیە و بەشێوەیەكی گشتی 13%ی رووبەری شارەكە سەوزایە. باخی گشتی یەکێکە
لە دیارترین باخەکانی شار، هاوکات چەندین باخچەو پارکی تر دروستکراون. لەنمونەی
پارکی ئازادی، پارکی هەواری شار و پارکی دایک.
ئاماری دانیشتوانی سلێمانی لەدوای دروستبونیەوە
میسته‌ر ریچ كه ساڵی (1820) هاتۆته سلێمانی
واته (26) ساڵ دوای دروستكردنی شاره‌كه، ژماره‌ی دانیشتوانی به (10) هه‌زار
كه‌س خه‌مڵاندوه. ریچ ده‌ڵێت: سلێمانی (2000) ماڵی ئیسلام. (130) ماڵه جوله‌كه
(نۆ) ماڵی دیانی كلدانی (پێنج) ماڵی ئه‌رمه‌نی تێدا بوه، كۆی ماڵه‌كان ده‌گاته
(2144)، ئه‌گه‌ر هه‌رماڵێك به پێنج كه‌س دابنێین ئه‌كاته (10720) كه‌س.
دواتر به‌گوێره‌ی ساڵنامه‌ی عوسمانی ساڵی
1907 دا ژماره‌ی دانیشتوانی سلێمانی 8702
کەسی موسڵمان و 360 کەسی نا موسڵمانی تێدابوە ئەمەش دەکاتە 9062 کەس.
سه‌رچاوه‌كانی تر له ساڵی (1913) دا ژماره‌ی
دانیشتوانی هه‌مو ناوچه‌ی سلێمانییان به (51600) كه‌س داناوه كه (48600) یان
موسڵمان و (900) یان دیان و (2100) یان جوله‌كه بون.
دواتر له‌سه‌رده‌می ئینگلیزدا به گوێره‌ی رۆژنامه
(پێشكه‌وتن) ساڵی (1920) ژماره‌ی خەڵکی
شارەکەیی به (62722) كه‌س داناوە. دواتر
ژماره‌ی دانیشتوانی شاری سلێمانی له ساڵی (1947) دا به گوێره‌ی تۆماری ره‌سمی
(23475) كه‌س بوه. دواتر ساڵی 1957 ژمارەی دانیشتوانەکەی گەیشتوەتە (48812) كه‌س.
لە ساڵی 1991دا، پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە،
گەرمیان، ڕاپەڕین و یەكە كارگێڕییەكانی دیکەوە ژمارەی دانیشتووانی ٩٥١.٧٢٣ كەس بووە.
دواتر لەساڵی ساڵی (1998) به‌گوێره‌ی ساڵنامه‌ی
سلێمانی ژماره‌ی دانیشتوانی سنوری پارێزگای سلێمانی (1127226) كه‌س بوە.
لەساڵی 2021دا ژمارەی دانیشتوانی سنووری پارێزگای
سلێمانی، بەپێى روپێویی کارگێری پارێزگای سلێمانی (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین)
و یەكە كارگێڕییەكانی دیکە بە 2 ملیۆن و 536 هەزارو 162 کەس خەمڵێندراوە.
لەئێستاشدا سلێمانی یەکێکە لەگەورە پارێزگاکانی
عێراقە لەڕوی ژمارەی یەكەی كارگێڕییەوە بەجۆرێک کەدابەشبوە بەسەر 16 قەزا و 46 ناحیە
و 2 هەزار و 248 گونددا.
بازاڕ و قه‌یسه‌رییه‌كانی شار
له دروستبونی سلێمانییه‌وه به‌رده‌ركی سه‌را
و ده‌وروبه‌ری ناوه‌ندی شاری سلێمانی بوه ، بۆیه دوكان و بازاڕ زیاتر ئه‌و ناوه‌ی
گرتۆته‌وه ، مێجه‌رسۆن له گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ناوچه‌ی سلێمانی له ساڵی (1908) باسی
(خانی عه‌جه‌م) و (خانی غهفورئاغا) و قه‌یسه‌ری وه‌سمان پاشا و قه‌یسه‌ری نه‌قیب
ئه‌كات، واته له پێش هاتنی مێجه‌رسۆنه‌وه ئه‌م خان و قه‌یسه‌رییانه له سلێمانی
هه‌بون، ئێستا ته‌نیا قه‌یسه‌ری نه‌قیب وه‌ك خۆی ماوه، به‌ڵام خان و قه‌یسه‌رییه‌كانی
تر نه‌ماون و شوێنه‌كانیان ئێستا دوكان و بازاڕه، له دوای ئه‌مانه‌وه كه سلێمانی
فراوان بوه و شه‌قامی تیا دروستكراوه له سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان و سه‌نته‌ری
شار و گه‌ڕه‌كه‌كاندا به سه‌ده‌ها دوكان و بازاڕی تیادا دروستكراوه.
لەدیارتین ئەو پیشەو کارانەش کەلەگەڵ دورسبونی
دوکان و بازار‌و قەیسەریەکانی شاری سلێمانیدا پەرەیان سەندو مۆرکی سلێمانییان لەگەڵ
خۆیاندا هەڵگرت بریتی بون لە: (ئاسنگه‌ری، جۆڵایی، موتابچیه‌تی، چه‌رخی م‌و رستن، كارگه‌چێتی، وه‌تراقچی
(كۆنه فرۆش)، چه‌خماخسازی، شیرگه‌ری، مسگه‌ری، خومچێتی، زین و كۆپان و بەرگدرو چەندان
پیشەی دیکەی رۆژانە. بەشێکی زۆری ئەو وەستایانەش کەبەم کارانە هەڵدەستان لەشارەکانی
دیکەی کوردستانەوە هاتبون و لەسلێمانیدا گیرسانەوەو پەرەیان بەکارەکانیاندا.
سلێمانی: پایتەختی هەستی نەتەوایەتی کوردستان
كریس كۆچێرا نوسەر و رۆژنامەنوسی دیاری فەرەنسی
دەربارەی تایبەتمەندی شاری سلێمانی دەڵێت:سلێمانی پایتەختی روحی ناسیۆنالیزمی كوردی
عێراقە.
ئەم بۆچونەی کریس کۆچێرا لەوێوە سەرچاوەی گرتوە بەوپێیەی سلێمانی نەچۆتە
ژێر باری پلانی ئینگلیزەكان کاتێک لەمیانی جەنگی جیهانی یەكەمدا هاتونەتە باشوری
كوردستان و ئەو پارچەی كوردستانیان بە دەوڵەتی عێراقەوە لکاندوە. بەدیاریکراوی لەوکاتەدا
دەنگی نارەزایەتی لەلایەن دانیشتوانی سلێمانیەوە بەرزوەوە. لێرەوە سلێمانی بوە یەكەم
شاری ژێردەستی بەریتانیا، لەساڵی ١٩١٩ دژی داگیركاری ئینگلیزەكان چالاکی مەدەنیی و
ناڕەزایی جەماوەرییان، ئەنجامدا.
گرژی پەیوەندی ئینگلیزەكان و سلێمانی بووە هۆی
ئەوەی ساڵی 1922 راستەوخۆ لەلایەن فرۆكەكانی
بەریتانیاوە شارەكە بۆردومان بکرێت، بەو هۆیەشەوە سەدان هاوڵاتی سلێمانی بونە
قوربانی.
پلانی دروستكردنی دەوڵەتی عێراق لەلایەن ئینگلیزەكانەوە
لەساڵی 1917 دارێژرا كاتێك لەبەسرەوە هاتنە عێراق، بەڵام پلانەكە پێچەوانەی خواستی
كورد بوو بۆیە مەلیك مەحمود لەسلێمانی دەوڵەتێكی راگەیاندوو خۆی بووە مەلیكی دەوڵەتەكە،
بەڵام ئینگلیزەكان جەنگیان دژی بەرپاکرد، سەرئەنجام كۆتاییان بەدەسەڵاتەكەی هێناو
خۆشیان دورخستەوە.
لەو بارەیەوە (ئی ئەف وێرسن) سەرۆكی لیژنەی لێکۆڵینەوەو راپرسی کۆمەلەی
گەلان کاتێک لەساڵی ١٩٢٤ بۆ مەبەستی راپرسی لەسەر چارەنوسی ویلایەتی موسڵ، دێتە سلێمانی،
دوای گەرانەوەی لەبیرەوەریەكانیدا دەنوسێت: مانەوە لەسلێمانی زۆر خۆش بوو مرۆڤ دەیتوانی
وێنەیەكی چاكی عەقڵیەتی نوێی كورد لەوێ ببینێت، لەسلێمانی هەوڵی رۆشنبیری كوردی بەدی
دەكرا و داهاتویەكی گەش لەوشارە چاوەڕوان دەكرێت.
شاری هەڵمەت و قوربانی له‌سەردەمی عێراقی نوێ‌دا
سلێمانی هەمیشە دژی دەسەڵاتە داگیركەر و دڵرەقەكانی
بەغداد بووە، لەوپێناوەشدا قوربانی زۆری داوە. ساڵی 1930 دەسەڵاتی داگیرکەری بەریتانیا
و دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراق گەیشتنە ئەوەی رێککەوتنی گەڕانەوەی سەرەوەریی بۆ
عێراق ئیمزا بکەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێككەوتنەكە باسی كوردی تێدانەبوو، دانیشتوانی
شارەكە بایكۆتی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 6ی ئەیلولی ساڵی 1930 یان كرد. نەك هەر ئەوەش
بەڵكو خەڵكی شارەكە بە هاندانی شاعیر و هونەرمەند و رۆشنبیرانی ئەو کات، لەبەردەرکی
سەرا کە شوێنی دەسەڵاتدارانی حکومەت بوو، کۆبونەوەو خۆپیشاندانێكی فراوانیان ئەنجامدا،
لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئەوکات پەنایان بردە بەر بەکارهێنانی هێز، ئەوەبو لە
ماوەیەکی کەمدا گٶرەپانی سەرا، بووە شوێنی شەهیدبونی 60 کەس و برینداربونی دەیان کەس،
جیا لەوەش هەر لەو ڕۆژەدا ڕەشبگیرو ڕاوەدوونانی چالاکوان و نوخبەکانی شار دەستی پێکردو
ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکرد.
لەسەردەمی حکومەتە یەکلادوای یەکەکانیشدا، بەتایبەتی
لەسەردەمی بەعسیەكاندا سلێمانی و شۆرشگێرەکانی پێشەنگی روبەروبونەوەی ستەمکاری رژێمی
بەعس بون، لەشۆرشی شاخ و شاردا. لەلایەکی دیکەوە شاری هەڵه‌بجە كە ئەوكاتە بەشێك
بوو لەپارێزگای سلێمانی لەساڵی 1988دا بەگازی كیمیایی هێرشی كرایەسەرو پێنج هەزار
هاوڵاتی بونە قوربانی، هاوکات چەند ناوچەیەکی سلێمانیش لەهەمان ساڵدا بەر شاڵاوەکانی
ئەنفال کەوتن و بەهەزاران هاونیشتیمانی بونە قوربانی. دواتر لە بەهاری ساڵی 1991یشدا
سلێمانی بوە پێشەنگ و دەستپێشخەری راپەرین دژ بەرژێمی بەعس.
لەدوای راپەرینیش سلێمانی لەبیری نوێ و رۆشنبیری
و رۆشنگەری پێشەنگ بووە، ئەگەرچی یەكێتی و پارتی شەڕی ناوخۆیان بەرپاكرد و هەموو دەرگاكانی
ئازادیان داخست، بەڵام هەموو ئەمانە نەیانتوانی رۆڵی سلێمانی لەفكر و ئەندێشەی نوێ
پەك بخەن.
رۆژی 5ى11 ساڵی 2000 و لەقۆناغێكی زۆر ناسك و هەستیاردا
كە هێشتا كاریگەریەكانی شەری ناوخۆ و ئاوارەیی بەرۆكی هەرێمی بەرنەدابوو یەكەم رۆژنامەی
ئەهلی لەسلێمانی دەرچوو كە رۆژنامەی هاوڵاتی بوو، هەروەها لە 25/7/2009 و لەسەردەستی
نەوشیروان مستەفا بۆیەكەم جار لەمێژووی كوردا ئۆپۆزسیۆنێكی پەرلەمانی لەشاری سلێمانیەوە
لەدایک بو.
سروشتی سلێمانی وایە، هەمیشە ناڕەزایەتییەکانی
دەباتە سەر شەقام، ئیتر بۆی گرنگ نییە کێ لەدەسەڵاتدایە. ئەمەش وایکردوە نزیکەی سەد
ساڵە ئەم شارە بۆ زۆر رووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەی بە چەک بە دەستی نەهێنابێ
پەنای بۆ چالاکی مەدەنیی بردووە. تەنانەت لە دوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی
کوردستانەوە، لە شاری سلێمانی، دەیان و بگرە سەدان خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژ بە دەرکردنی
یاسا لە پەرلەمانی کوردستان و خراپی سیستمی حوکمڕانی و پێشێلی ماف و ئازادی و قۆرغی
دەسەڵات و نەبونی خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەچون. واتە سلێمانی لەسەردەمی حکومرانی
کوردیش‌دا هیچ کات، بێدەنگ نەبوە. بەدرێژایی دو دەیەی رابردو هاوڵاتیانی ئەم شارە دەنگی
نارەزایاتییان بەرامبەر حکومرانی و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەرزکردوەتەوە، لەو پێناوەشدا
دەیان هاوڵاتی لەشاری سلێمانی و قەزاو ناحییەکان، بونەتە قوربانی و لەلایەن دەسەڵاتی
کوردییەوە شەهیدکران، لەنمونەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی رۆژانی 17ی شوباتی ساڵی
2011و خۆپیشاندانەکانی ساڵانی دواتر.
سلێمانی جگه له‌وه‌ی لانكه‌ی رۆشنبیر و تێكۆشه‌ران
بوه، مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵگیرسانی چه‌ندان شۆڕش و راپه‌ڕینیش بوه له مێژوی
كوردستاندا. هەر ئەمەش وایکردوە ئەم شارە لەنێو بزاڤی رۆشنبیری و شۆرشگێری کوردی‌دا
نازناوی شاری هەڵمەت و قوربانی پێ بدرێت.
سلێمانی پایتەختی هونەرو ئەدەب و رۆشنبیری
لەگەڵ دروستبونی شاری سلێمانیدا، لایه‌نێك هەیە
کەههرگیز ناتواندرێت فه‌رامۆش بكرێت ئه‌ویش ژیانی ئه‌ده‌بی و و هونەری رۆشنبیرییه. سلێمانی لەو بوارانەدا بەخشینێکی گه‌وره‌ی پێشكه‌ش به مێژوی رۆشنبیری
كوردستان كردوه، هه‌مو ئه‌و به‌رفراوانییه‌ش بۆ ده‌وری ئەمارەتی بابان و دامه‌زراندنی
شار و دواتر بۆ سەردەمی ده‌وڵه‌تی عوسمانی
و رۆڵی هه‌مو ئەو مه‌لا و زانا‌و شاعیر و نوسهرانەدەگەرێتەوە، کە لە مزگه‌وت و
حوجره‌کاندا وانەیان دەوتەوەو خوێندکارەکانیان پێدەگەیاند.
بەنمونە لەسەردەمەی ئەدەبی کلاسیکی کوردی‌دا، سێ
كوچكه‌ی بابان نالی و سالم و كوردی قوتابحانه‌ی شیعری بابان دروستده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر
ئه‌و قوتابخانه‌یه له روی ناوه‌ڕۆكه‌وه گه‌لێك دیمه‌نی له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مڕۆماندا
نه‌مابێت، بەڵام بێگومان فۆرمی ئه‌ده‌بیاتی
ئه‌مڕۆمان زادەی بهرەوپێشچونی فۆرمی ئه‌و ئه‌ده‌به‌یه، تەنانەت ئه‌و زمانی پێی ده‌نوسرێت
هه‌ر ئه‌و زمانەیە کە ئەوان لەنوسینی شاعیرانی کلاسیک‌دا بەکاریان هێناوە.
ئه‌م شاره له ڕێڕه‌وی دامه‌زراندن و په‌ره‌سه‌ندن
و چه‌سپاندنی خۆیدا له كۆڕی شارستانێتی و پێشڕه‌ویدا كۆمه‌ڵێكی زۆر له ئەدیب و
نوسه‌ر و شاعیری باشی تێدا هەڵکەوتوە، کەبونەتە سەرچاوەیەکی گەورەی مەعریفی بۆ شاری
سلێمانی و تەواوی کوردستان. لەنمونەکانی (نالی، سالم و کوردی، مه‌حوی، مه‌ولانا
خالیدی نه‌قشبه‌ندی، پیره‌مێرد، گۆران، بێخود، مەلا ساڵحی حەریق، زێوەر مەلا عەبدوڵلا،
شێخ مارفی نۆدێی، مەلا عەبدوڵلای بێتوشی، سەید ئەحمەدی نەقیب، شێخ حسێنی قازی، حاجی
مەلا ئەحمەدی دێلێژە، محەممەد فەیزی زەھاوی، جەمیل سدقی زەھاوی، ، ساڵح ئەفەندی
ئاھی، تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، عەلی بەردەشانی، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی
موفتی، جەمال عیرفان، ئه‌مین زه‌كی به‌گ، فایه‌ق بێكه‌س، زێوه‌ر، تۆفیق وه‌هبی، وه‌لی
دێوانه، كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و شێرکۆ بێکەس و سه‌دان نوسه‌ر و شاعیری دیکەی دوای ساڵی
پەنجاکان، کەهەمویان بون بە بەشێکی گرینگ لە ئەدەبی کوردی ھاوچەرخ لەتەواوی
کوردستاندا.
ئەم بوارە بەرفراوانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت سلێمانی
تێیدا پێشەنگە و ھەمیشە ئەو نووسەر و شاعیرانە ڕۆڵی بەرچاویان لە بزوتنەوەی کوردایەتیشدا
ھەبووە و بوونەتە داینەمۆی شۆڕشەکان، یەکێکی تر لە ئەو شتانەی کە سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری
ناساندوە ئەوەیە کە یەکەم چاپخانە کە لە کوردستان کەوتبێتەکار لە سلێمانی بوە، یەکەم
ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستان دەرچووبێت ھەر لەسلێمانی بووە.
هاوکات له‌م شاره‌دا ژنان رۆڵی دیار و به‌رچاویان
هه‌یه له دام‌و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كاندا به تایبه‌تی له رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی
مه‌ده‌نیدا، ئازادی راده‌ربڕین و زیندوێتی كار‌و جوڵه له‌م شاره‌دا سیما و خه‌سڵه‌ت
و پێناسه‌ی سلێمانیه.
بەهۆی رۆڵی ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیری ئەم شارەوە،
رۆژی سێی کانونی دوەمی ساڵی (2012) پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ یاساى به
پایتهختكردنى شارى سلێمانى به شارى رۆشنبیرى هه‌رێمى كوردستان- عێراق، پەسەند
کرد و بەپێی ئەو یاسایەش، سلێمانی بە فەرمی و یاسا بو بە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی
کوردستان و بڕیاردرا ساڵانە، لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری بودجەیەکی تایبەتی بۆ
پایتەختی رۆشنبیریی سلێمانی تەرخان بکرێت.
ئێستا، لە سلێمانیدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی
تێدایە و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەکی زۆریش ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی
تێدا پەخش دەکرێت، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگارکێش و هونەرمەندی
شێوەکار هەیە و جگە لە زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی سلێمانی چەندین زانکۆ و پەیمانگا و
قوتابخانەی بیانی تێدایە. ئەم شارە پڕە لە هۆڵی چالاکی و بەردەوام بەرنامەو ڤیستیڤاڵی
هەمەجۆری هونەری و میوزیک و سینەمایی و ڕۆشنبیری تێدایە. رۆژانەش لێرەو لەوێ چالاکی
هەنوری و ئەدەبی بەرێوەدەچن.
لەبەر رۆڵی دیاری ئەم شارە لەبواری رۆشنبیری‌دا،
له ساڵی 2019شدا، شاری سلێمانی بەفەرمی لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە بە شاری داهێنەر
لە بواری ئەدەب لەجیهاندا ناسێندرا.
بەمجۆرە شاری سلێمانی، به‌شاری زیندوی سیاسەت و
ئەدەب و رۆشنبیری و هونەرو ژیاندۆستی لای خه‌ڵكی شار‌و ناوچه‌كانی تری كوردستان وێنا
كراوه. سروشتی كه‌شوهه‌واو تۆبۆگرافیاو تایبەتمەندی پێکەوەژیانی دانیشتوانه‌كه‌ی
به‌جۆرێكه، خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دیکەی کوردستان و عێراق حه‌زده‌كه‌ن تێیدا بژین، لەئێستاشدا
لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە خەڵکێکی زۆر ڕو لەسلێمانی دەکەن.
سەرباری ئەم مێژوە پرشنگدارەی سلێمانی کە لێرەدا
باسکرا، بەڵام لەئێستادا ئەم شارە لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە برستی لێبراوەو
ماندوکراوە. حکومەتی هەرێم نەک وەک پێویست و بەراورد بەشارەکانی دیکە خزمەتی ناکات
و گەشەی پێنادات، بەڵکو سلێمانی رۆژ بەرۆژ زیاتر‌و زیاتر روبەروی ناعەدالەتی خزمەتگوزاری
دەبێتەوە، لەونێوانەشدا هێزە سیاسییەکانی
هەرێمی کوردستان و ململانێ بەردەوامەکانی نێوانیان، هێندەی دیکە بونەتە سەرچاوەی
ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم گەشەکردنی ئەم شارەداو رۆژ بەرۆژ سلێمانی و خەڵکەکەشی
ماندوتر دەکەن.
ئامادەکردنی؛ گەیلان عەباس