ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى مەزڵوم عەبدى لەگەڵ نوێنەرەکەى بارزانى
07:03 - 13/01/2025
زەمەن - کوردستانى
هێزەکانى سوریاى دیموکرات بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سوریاى دیموکرات پێشوازى لە دکتۆر حەمید دەربەندى نوێنەرى مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین بەرەوپێشچوونەکانى گۆڕەپانى کوردستان وڵاتانى ناوچەکە تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى هەسەدە، نوێنەرەکەى مەسعود بارزانى پشتیوانى بارزانى گەیاندووەتە مەزڵوم عەبدى و جەختى لە گرنگیى یەکڕیزى کورد و باشترکردنى هەماهەنگییەکان کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو ئاڵەنگارییانەى لە سوریا هەن.
مەزڵوم عەبدى نامەکەى بارزانى و پاڵپشتیکردنى لێیان بەرزنرخاندووە و جەختیکردووەتەوە، ئەم قۆناغە پێویستى بە هەوڵى هەموو لایەنە کوردییەکانە بۆ بەدیهێنانى سەقامگیریى و زامنکردنى ئاسایش و بەرژەوەندییەکانى گەلى کورد.