43وتار

بەڵێ ستەم دەکرێ!

1/12/2025 12:41:00 PM
ئاریز عەبدوڵا

ئەمڕۆ سەرۆکی کابینەی دەسەڵاتی هەرێم لە میانەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و تیمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی گوتی: حکومەتی عێراق ستەم لە هەرێم دەکات. ئەوە ڕاستە دەیکات، هەتا دەستوریش بە تەواوی جێبەجێ نەکرێ ئەو ستەمە کەم تا زۆر هەر دەمێنێ، بەڵام ئایا دەسەڵاتی خۆشمان ستەم لە خەڵکی کوردستان ناکات؟

ئایا ئەگەر حکومەتی فیدراڵی ستەم بکات، دەبێ ئێمە ستەمەکانی ئێرە لە بیر بکەین؟
بێگومان نا.
یەکێک لەو خاڵانەی حکومەتی بەغدای پێ توومەتبار دەکرێ جیاکارییە. ئایا لە هەرێمی کوردستان جیاکاری ناکرێ؟
بەڵێ دەکرێ.
خاڵێکی تر نەدانی شایستە داراییەکانە.
ئایا لێرە شایستە داراییەکانی خەڵکی دەدرێت؟
نەخێر وەکو پێویست نییە.
خاڵێکی تر هاوبەشی پێ نەکردنی هەرێمە لە هەموارکردنەوەی یاسای بووجە و هەندێ بابەتی تریش. ئایا بەشدارەکانی کابینەی دەسەڵاتی هەرێم هاوبەشن؟
نەخێر نا.

بەڕێز کاک مەسرور
دیارە ئێمە هەرگیز بەستەمی بێگانە و فشاری دەرەوە ناڕوخێین، بەڵام دەبێ بزانین بەرگەی فشاری خەڵکی خۆمان ناگرین. ئێوە ئەگەر دەتانەوێ دەسەڵاتەکەمان بۆ پێشەوە هەنگاو بنێ و متمانەی کۆمەڵانی خەڵك و پشتیوانی حزبەکانی تریش لە بەرامبەر ستەمەکانی دەرەوە بەدەست بێنێ، دەبێ لانی کەم ئەو ڕێگایە بگرینەبەر، کە بەدەردی (ئەسەد) نەچین.

زۆر بە کورتی دەمەوێ بڵێم:
١- دەبێ خەڵکی کوردستان لە بڕ و داهاتی و خەرجی هەرێم دڵنیابن. ئەوەش کارێکی زەحمەت نییە و بە پەسەند کردنی یاسای بوودجە و کردنەوەی هەموو دەرگاکانی داهات و خەرجی بەڕووی پەرلەمانتاران، ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکرێ.
٢- دەبێ سیاسەتی دەسەڵات، سیاسەتێکی نیشتمانی گشتگیربێ، نەک هی حزبێک و دوو حزب. بەنموونە دەبێ لەبەرامبەر ئێران و تورکیا و عێراقیش یەک دەنگیەکی نیشتمانی هەبێ.
٣- دەبێ دەسەڵاتەکان بە تەواوی لە یەکتری جیابکرێنەوە و سەربەخۆ بن.
٤ دەبێ هەژموونی سەربازیی لەسەر کۆمەڵگە و سیاسەت هەڵگیرێ.
دەزانم ئێوە حەز دەکەن هەموو حزبەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن. ئەوەش کارێکی ڕەوایە، بەڵام ئەو کۆدەنگییە چۆن دەکرێ کاتێک ئەوانەی دی نەزانن چی لە نێوان ئێوە و تورکیا دەگوزەرێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن