دەرفەتێک بۆ چاکسازی بەر لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران"
1/12/2025 12:45:00 PM
سلێمان مستەفا حەسەن
هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی به گرنگیدانی جدی و به پەله هەیە کاتی بەردەست پەنجەرەیەکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانیە گرنگەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پارتە سیاسیەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕای گشتی. ئەمەش پێویستی بە دوو لایەنە هەیە: بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی و بەهێزکردنی دەستپاکی لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردن. دەستووری عێراق لە ماددەکانی 5 و 6 و 20 دا جەخت لەسەر بنەما بنەڕەتییەکانی سەروەری گەل و هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و نهێنی و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لەڕێگەی دیموکراسیەوە کردووە. مافی هەموو هاووڵاتییەک بۆ بەشداریکردن لە کاروباری گشتی، لەوانە مافی دەنگدان، هەڵبژاردن و خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستەکان دەستەبەر دەکات. پێویستە ئەم بڕگە دەستووریانە بپارێزرێن و بەهێز بکرێن بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و باوەڕپێکراو
"ئەم ساڵ هەڵبژاردن دەکرێت "
ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ٩ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢سوێندی یاساییان خوارد ،بەپێی ماددەی (٥٦) ی دەستور بڕگەی یەکەم ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران چوار ساڵی ڕۆژ ژمێریی دەبێت، ماوەكە لە یەكەم دانیشتنەوە دەست پێدەكات و بە كۆتایی هاتنی ساڵی چوارەم كۆتای دێت.
هەروەها بەپێی بڕگەی دووەمی هەمان ماددەو بڕگەی یەکەمی ماددەی ٧ ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دا هاتوە : هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ چل و پێنج ڕۆژ پێش بەرواری كۆتایی هاتن بە خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەن دەست پێدەكات.
بەپێی ئەم شیکاریە بێت پێویستە پێش ٩ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام درابێت ، بۆیە پێویستە وەک لە بڕگەی دووەمی ماددەی ٧ ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٠ ی هەموارکراودا هاتوە ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی کۆمسیاران (٩٠) رۆژ بەر لە رۆژی هەڵبژاردن وادەکە ربگێنن و لە هۆکانی راگەیاندن بڵاوی بکەنەوە ، بۆیە بەپێی ئەم شیکاریەبێت رۆژی هەڵبژاردن دەکەوێتە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ ، وەک لە برگەی دووەمی ماددەی ٥٦ دەستور و بڕگەی یەکەمی ماددەی ٧یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتوە .
"ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران "
دەبێت پابەندی بە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٤٩) دەستورەوە بکرێت ، کە تیادا هاتوە (ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەك ئەندام پێكدێت بە ڕێژەی یەك كورسی بۆ سەدهەزار كەس لە دانیشتوانی عێراق، نوێنەرایەتی گەلی عێراقی دەكەن بە گشتی. هەڵبژاردنیشیان بە ڕێگەی دەنگدانی ڕاستەوخۆو نهێنی دەبێت، ڕەچاوی نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عێراقیش دەكرێت).
لەخولەکانی پێشوو ئەم ماددە دەستوریە بەهۆی نەبونی سەرژمێری فرامۆشکرابوو ، بۆیە بڕیارێکی داداگای فیدرڵی کرایە بنەما بۆ دیارکردنی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە گەشەی دانیشتوانی ساڵانە بە (٢.٨) تەخمین کردوە ، لە ماددەی (١٣)ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران جەخت لەوە دەکاتەوە تا ئەنجامدانی سەرژمیری گشتی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن لە(٣٢٩ ) پێکدێت ، هەروەها لە ماددەی (٩ ) یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ هاتوە( ئەنجومەنی نوێنەران لە( ٣٢٩ ) ئەندام پێک دیت و خشتەی ژمارەی ئەندمانی هەر پارێزگاێکیش هاوپێچی یاساکە کراوە.
داوای ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەساڵی ٢٠٢٤ هیچ بەهانە و دەرچەیەکی یاسایی نییە کە ئەنجومەنی نوێنەران پێشێلی ئەم ماددە دەستوریە بکات ، بۆیە دەبێت لەبەر رۆشنایی دەرنجامی سەرژمێری گشتی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دیاربکرێت ، بێگومان ئەمەش پێویستی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانە.
"تۆماری بایۆمەتری کارتی نیشتیمانی بکرێتە بنەمای دروست کردنی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران "
بەپێی مادەی (٢٠) ی دەستور ،هەموو هاوڵاتیەك بە ژن و پیاوەوە مافی بەشداریكردنی لە كاروباری گشتی و شاد بوون بە مافە سیاسیەكان هەیە لەوانە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن ، بێ گومان دەستور مافی دەنگدانی بۆ هاوڵاتیان دەستە بەر کردوە ، کاری رێکخستنی تۆماری دەنگدەرانێش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سپێردراوە ،وەک لە یاسای کۆمسیۆن دا هاتوە، ئەنجومەنی نوێنەران مافی داوە بە کۆمسیۆن داتای وەزارەتی بازرگانی بکاتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەران ،لە بڕگەی دەیەمی ماددەی (١٠) ی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان دەسەڵاتی داوە بە کۆمسیۆن سود لە داتای کارتی نیشتیمانی وەربگرێت ، لێرەدا جێگەی خۆیەتی پێشنیاری ئەوە بکەین کە بۆ ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران دەسەڵات بدرێتە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وە کۆمیسیۆن پابەند بکرێت کە داتای کارتی نیشتیمانی بکاتە بنەمای ئامادەکردنی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران و کارتی نیشتیمانیش لەگەڵ کارتی دەنگدان تاگە بەڵگەبن بۆ ناساندی دەنگدەر ، بۆ رزگار بوون لە تۆماری ئێستا و گێڕانەوەی متمانە کارکردنە بەیاسای کارتی نیشتیمانی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٦ .
"بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و تەکنەلۆژیا لە داهاتوودا."
لە سەردەمی پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیادا، زۆر گرنگە بە ئەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بکەین. ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پێشوو مەترسییەکانی ئامێری جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی دەنگەکانی ئەلیکترۆنی نیشان داوە. بۆ پاراستنی متمانەی خەڵک و ڕێگریکردن لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا، پێویستە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا لە بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی ژماردنەوە و جیاکردنەوە دوور بخرێنەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: چی گرنگە و چی بکرێت؟ لە داهاتوودا، پێویستە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی بەهێزی ناسینەوەی دەنگدەران بکرێت. ئەمە دەتوانرێت بە دروستکردنی تۆماری بایۆمەتری لەسەر بنەمای داتای ناسنامەی کارتی نیشتیمانی و پەنجەمۆر وێنە و بەکارهێنانی ئەم تۆمارانە بۆ سەلماندنی دەنگدەران بەدەست بهێنرێت. ئەم شێوازە شەفافییەت بەرز دەکاتەوە و متمانەی خەڵک بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەگەڕێنێتەوە.
تەحەدایەکی تری گرنگ ماوە: چۆن دەنگەکان بە شێوەیەکی کارا و ورد بژمێرین بەبێ پشت بەستن بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان. دۆزینەوەی شێوازی جێگرەوە، پارێزراو و شەفاف بۆ ژماردنەوەی دەستیی زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و باوەڕپێکراو.
پرسیارێک حسابی و گرنگە ئەی چی بکرێت؟؟
ئایا چۆن بەبێ بەکارهێنانی ئامێری ئەلکترۆنی ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لەماوەی (٢٤ ) کاتژمێر ئەنجامە بەراییەکان ڕادەگێنرێن؟
ئەزموونی ولاتان و خوێندنەوەی شێواز و سیستەماکانی هەڵبژاردن ئەو ڕاستیەیان ساغ کردەوە ، کە هەر سیستەم و شێوازێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆیت هەیە ؟ کەواتە لەڕێگای هەمواری یاساوە دەکرێت شێووازی لست و سیستەمی هەڵبژاردن بگۆڕین ، خوێندنەوەی ئێمە بۆ ئەزموونی خولەکانی پێشوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستان ئەوەی دووپاتکردەوە ، عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەیرەوکردنی شێوازی لیستی نیمچەکراوە زەرەرمەندبوە
بۆیە "پەیرەو کردنی شێوازی لیستی داخراو "لەسەر بنەمای ١٩ بازنەی هەڵبژاردن باشترین بژاردەیە بۆ ئێستا و گێڕانەوەی سەنگ و قورسای بۆ ماڵی یاسا دانان ، بەمەش کار ئاسانی دەکرێت بۆ دەنگدەران ، کار ئاسانی دەکرێت بۆ کۆمسیۆن ، ئەنجامەکان لەماوەیەکی زۆر کەمدا را دەگێنرێن ، دەرفەتی تەزویر زۆر کەم دەبێتەوە ، کەسیاتیە خاون دەسەڵاتەکان دەگەرێنەوە ناو ئەنجومەنی نوێنەران ، کەسانی پسپۆرو شارەزا چانسیان زیاتر دەبێت ، بۆیە پەیرەو کردنی سیتەمی نوێنەرایەتی رێژەیی و ١٩ بازنەی هەڵبژاردن و لیستی داخراو ، بژاردەی سودمەند دەبن بۆ ئایندەی ئەنجومەنی نوێنەران ، هەر کاندیدێکێش ئازاد بە تەنها خۆی کاندی بکات ئەو مافەش فەراهەم کراوە .
دەرەنجام: ڕێگایەک بەرەو هەڵبژاردنی شەفاف
لەئێستاو کات بەردەستە بۆ چاکسازی لەرێگای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ، لەریگای تۆماری بایۆمەتری کارتی نیشتمانی و دوورخستەنوەی ئامێری ئەژمارکردن وجیاکردنەوەی ئەلکترۆنی ، پێداچونەوە بە ژمارەی کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیروکردنی شێوازی لیستی داخراو دابەشکردنی وڵات بۆ ١٩ بازنەی هەڵبژاردن.
خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی پرسە دێرینەکانی چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق. عێراق بە پابەندبوون بە بنەما دەستوورییەکان و بەرزکردنەوەی سیستەمی تۆماری دەنگدەران و یەکخستنی تەکنەلۆژیای گونجاو و پەسەندکردنی سیستەمی لیستی داخراو، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی شەفافتر و گشتگیرتر و دیموکراسیتر. ئەم ڕێوشوێنانە نەک هەر متمانەی گشتی دەگەڕێننەوە بەڵکو مومارەسەی ئاشتیانە و کاریگەرانەی دەسەڵات لە دامەزراوە دیموکراسیەکانی وڵاتدا مسۆگەر دەکەن، شاراوە نییە گۆرانکاریەکانی ناوچە دەخوازن پارتە سیاسیەکان بە حساباتی خۆیاند بچنەوە ، چونکە گۆرانکاریەکان خێران و هاوڵاتیان نیگەرانن لە ئەزموونی حوکمرانی و بەهەلە پەیرەو کردنی دیموکارسی و بنەماکانی دەولەتی یاسا و ماف .