گۆڕان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە.. داوا دەکات پشتگیری رۆژئاوای کوردستان بکرێت
08:48 - 04/12/2024
زەمەن - کوردستانى
لەسەر دۆخی رۆژئاوای كرودستان، بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: پشتیوانی سیاسیی و مەعنەوی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارە و قوربانیانی شەڕ دەکەن.
لە بڵاوكراوەیەكدا بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی سوریا سیناریۆی جیاوازی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە، لەو چوارچێوەیەدا پرسی کورد لەناو ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەدا، لەبەردەم مەترسی و دەرفەتدایە، بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان دەرگیری پیلانی مەترسیدار و گۆڕانکاری دیموگرافیە.
ئەوەیخستوەتەڕو، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، بانگەواز لە هەمو هێزە کوردستانیەکان دەکەین، بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و دوورخستنەوەی گەلەکەمان لە ئاگری شەڕ و ماڵوێرانی؛ بە هەڵوێستێکی هاوبەش پشتیوانی سیاسیی و مەعنەوی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارە و قوربانیانی شەڕ بکەین.
بزوتنەوەی گۆڕان داواكارە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ چاودێری دۆخەکە بکەن، بەتایبەت کە پرسی کورد پێویستی بە چارەسەرە لەڕێگەی دانوستان و دیالۆگی دیموکراتی، نەک گرتنەبەری ڕێگەچارەی چەک و سەپاندنی هێز.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە:
بزوتنەوەی گۆڕان: بە نیگەرانیەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەین
گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی سوریا سیناریۆی جیاوازی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە، لەو چوارچێوەیەدا پرسی کورد لەناو ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەدا، لەبەردەم مەترسی و دەرفەتدایە، بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان دەرگیری پیلانی مەترسیدار و گۆڕانکاری دیموگرافیە.
هەربۆیە، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، بانگەواز لە هەمو هێزە کوردستانیەکان دەکەین، بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و دوورخستنەوەی گەلەکەمان لە ئاگری شەڕ و ماڵوێرانی؛ بە هەڵوێستێکی هاوبەش پشتیوانی سیاسیی و مەعنەوی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارە و قوربانیانی شەڕ بکەین.
بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی بارودۆخ و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی سوریا و ڕەوشی کوردانی ئەو ناوچەیە چاودێری دەکات، هاوکات پشتگیری خۆمان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی شەهبا و تل ڕەفعەت دەردەبڕین، کە بە هەزاران هاوڵاتی گەمارۆدراون، ئەمەش مەترسی دروست دەکات بۆ ئەنجامدانی تاوان و کۆمەڵکوژی، لەو ڕوانگەیەوە داواکارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ چاودێری دۆخەکە بکەن، بەتایبەت کە پرسی کورد پێویستی بە چارەسەرە لەڕێگەی دانوستان و دیالۆگی دیموکراتی، نەک گرتنەبەری ڕێگەچارەی چەک و سەپاندنی هێز.
بزوتنەوەی گۆڕان
٤ی ١٢ی ٢٠٢٤