59 کوردستان

ئەمریکا و ئێران: دانوستان بۆ دانوستان یان چاوەڕوانیی کۆتایی گەمەکە

12:45 - 13/04/2025

زەمەن:-

 

نوسینی: هەژار عوسمان

 

ئەمڕۆ شاندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، ناردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە مەسقەتی پایتەختی عومان "دانوستانێکی ناڕاستەوخۆ"یان کرد، وەزیری دەرەوەی حکومەتی مەسقەت نێوەندگریی کردن، میدیاکان دەڵێن، دوای تەواوبوونی "دانوستان"، ناردراوی هەردوو وڵات "سەرپێیی" چاویان بە یەکدی کەوتووە. 

چەند سەرنجێکی هەنووکەیی و مێژوویی بۆ تێگەیشتن لە "دانوستان"ـی ئێستای واشنتن و تاران:

 یەک: ئەوەی ئەمڕۆ لە عومان بەڕێوەچوو دانوستان بوو بۆ شێوازی دانوستان و دیاریکردنی ماوە و قۆناغ و "نیازپاکی". دوێنێ عێراقچی گوتی، کۆبوونەوەکەی عومان تەنها بۆ دەرکەوتنی نیازپاکیی ئەمریکایە و مەرج و بەندی تێدا نابێ. لە ئێستادا هەردوو لایان بە دوای کۆتایییەکی قبووڵکراوی گەمەکە و دروستکردنی متمانەدا دەگەڕێن، هیچ لایەکیشیان نیازیان بە جەنگ نییە، لەبەرئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانای بەرگەگرتنی جەنگێکی گشتگر و بەرواڵای لێ ڕانابینرێ و پێویستە ڕێڕەوێکی ئابووریی سەلامەت بۆ کەشتیگەڕیی جیهانی بەدی بهێنرێ. 

دوو: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەردەوام جەخت لە دانوستانی ڕاستەخۆ دەکەنەوە، بۆیە پێویستە عێراقچی، بە هەر لەونێ بووبێ لە نێوخۆی ئێراندا پاساو بۆ دانوستانی راستەخۆ بهێنێتەوە.

سێ: ویتکۆڤ بە "ئەرێنی و وتووێژی بنیاتنەر" و عێراقچی بە "بنیاتنەر و داهاتووبەخێر" پەسنی گفتوگۆکانیان دا.

چوار: ناوەندی یەکێتیی نەتەوەیی بۆ دیموکراسی لە ئێران سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەمڕۆی مەسقەت دەڵێ، تاران رێککەوتنێک ناکات لە بەرژەوەندیی گەلی خۆی و ئەمریکا و ئاشتی بێ. دەشڵێ، رژێم لە ئێران لە هەموو کات لاوازترە و دەیەوێ کات بۆ مانەوەی خۆی بسەنێ. 
پێنج: دامەزراوەی بەرگریی لە دیموکراسی (FDD) باسی لەوە کردووە، ئەگەر هەر چەشنە رێککەوتنێک بکرێ، ئاوێنەدانەوەی رێگەکەی ئۆباما و ستراتیجیی "ڕێککەوتنی درێژخایەنتر و بەهێزتر"ـی بایدن دەبێ. ئەوەش ڕێ بۆ خامنەیی خۆش دەکا ژێرخانێکی ئەتۆمیی بەهێزتر دابمەزرێنێ و بەخێرایی و هەرکات ویستی ببێتە خودان بۆمبی ئەتۆمی.

شەش: مارک دوبۆویتس، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی بەرگرییە لە دیموکراسی-تینک تانکێکە بنکەکەی لە واشنتن دی سییە- دەڵێ، حاشاهەڵنەگرە کە بەرجام کارەسات بوو بۆ ئیسرائیل، بەڵام کشانەوەی ئەمریکا لێی [لە ساڵی 2018] کۆمەکێکی چاکی بە تەلئەڤیڤ کرد. بەڵام هیچ جووڵەیەکیان دژبە ئێران نەکرد تاوەکوو حەوتی ئۆکتۆبەر قەوما. ئەو پێی وایە نابێ ترەمپ رێککەوتن بکا و دەبێ پشتگیری لە ئیسرائیل بکات بۆ لێدان لە ئێران و کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە گەلی ئێرانیش بۆ رووخاندنی ئەو ڕژێمەی حوکمیان دەکا. لەبەرئەوەی لەئێستادا ئێران خاوەنی مووشەکگەلێکە هەڵگری ئەتۆمن و دەتوانن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و تەنانەت خاکی ئەمریکاش. 

حەوت: لە وێنە بەرچاوەکەدا، ئەمریکا نایەوێ پێی بخزێتە نێو جەنگێکی لەتاقەتبەدەرەوە. وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە راگەیەندراوی سەبارەت بە "دانوستان"ـەکەی عومان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ: ناردراوی تایبەت ویتکۆف بە د. عێراقچی گوتووە ڕێنمایی لە سەرۆک ترەمپەوە پێیە بۆ چارەی ناکۆکییەکانی هەردوو دەوڵەتەکەمان لەڕێی دایەلۆگ و دیپلۆماسییەوە".

هەشت: سەبارەت بە ئێران، ئەمڕۆکە بەرنامە ئەتۆمییەکەی زۆر پێشکەوتووترە لە هیی ساڵی 2013. ئێران لەسەدا شەست یۆرانیۆمی ئەمبار کردووە. هەر رێکەوتنێک پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە بێت، نەک تەنها بەرنامەکە رابگرێ، بەڵکوو پلەپلە کەمبکرێتەوە.

نۆ: رێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە دەبێت لەسەر چەند ئاستێک بێت، وەک مافی دەستوەردان، گەڕانەوەی رەقیبانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆسەر کارەکانیان لە ئێران، سنووردارکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، کەمکردنەوەی یۆرانیۆمی ئەمبارکراو و سەرپەرشتی و چاودێریی تەواوەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکە و دەزگاکانی.

دە: هەندێک لەم رێکارانە چەقی دانوستانی بەرجام - "JCPOA" بوون، ئەوەی ئێستا جیاوازییەکەی دروستکردووە ئەوەیە ئێران ئەو سنوورانەی بەزیادیشەوە تێپەڕاندووە لەو بەرجامدا بۆی دیاری کرابوو، هەروەتر نزیکە لەوەی ببێتە خودان چەک و کڵاوەی ئەتۆمی. 

یانزدە: بۆ ئەوەی دانوستان و رێککەوتن سەر بگرێ، دەبێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێ و بە رێژەی سێ پۆینت شەستوحەوت یۆرانیۆمی هەبێ بۆ کاروباری مرۆیی، یانیش بە رێژەی خوار لەسەدا بیست بۆ کاروباری توێژینەوە. 

دوانزدە: ئێران حاڵی حازر 7000 کیلۆگرام یۆرانیۆمی ئەمبارکراوی هەیە، لەکاتێکدا بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام ڕێگەی پێ درابوو 300 کیلۆگرامی هەبێ. واتە لە رێژەی لەسەدا سێ پۆینت شەستوحەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوەوە گەیشتووەتە لەسەدا شەست. 

سیازدە: ئێران لە شوباتی 2021ـەوە نەیهێشتووە دەستی چاودێڕان و پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگا. هەر ڕێککەوتنێکی نوێ، پێویستە ڕێگە بۆ ئاژانسی وزەی ئەتۆم خۆش بکا بۆ چاودێریکردنی یۆرانیۆمی ئەمبارکراو لەگەڵ چالاکییەکانی پەیوەست بە چەکسازی. 

چواردە: "دانوستان"ـەکانی عومان ڕێگەی دیپلۆماسی کردووەتەوە، بەڵام تاهەتایە کراوە نابێ. ئەمریکا و ئێران هەلی رێککەوتنیان هەیە. هەردوو ئالیش چەند جارێک گوتوویانە گەرەکیانە خۆ لە شەڕ ببوێرن، بەڵام لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن، ئامادەی وەڵام و وەڵامکاریی یەکدین، هیی سەربازی!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن