112 کوردستان

وەزارەتی دارایی: 700 هەزار مووچەخۆر «هەژماری من»یان کردووە

08:02 - 22/12/2024

زەمەن - کوردستانى

 

وەزارەتى دارایى و ئابوورى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆبووەتەوە، دەشڵێت، تاکو ئێستا 700 هەزار مووچەخۆر هەژمارى منیان کردووە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتى دارایى، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە سەر دواین بەرەو پێشچوونەکانی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان کراوە و بەپێی دواین ئامارەکان تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێگای هەشت بانکەوە خۆیان تۆمار کردووە.

 

وەزارەتى دارایى دەڵێت، زیاتر لە 318 هەزار کارتی بانکی دابەشراوە و 306 ئامێری ڕاکێشانی پارە بەردەستە و بۆ مانگی تشرینی دووەم نزیکەی 221 هەزار مووچەخۆر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن، هەروەها، بۆ مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.

 

ئەوەش هاتووە، لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تیشک خرایە سەر ئامادەکاریەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و لەو ڕوەوە چەندین کارئاسانیان بۆ دەکرێت و بڕیاریشە لەساڵی داهاتودا هەنگاو بە هەنگاو پڕۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە گشتاندنی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرا، کە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی کردووە و نوسخەشی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردووە و حکومەتی هەرێمی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی و تیایدا هاتووە، سەبارەت بەبەرەوپێشبردنی ژینگەی کارەکان و پتەوکردنی توانای بانکەکانی عێراق لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی و بانکی زیاتر، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەت و کۆمپانیاکانی ڕاسپاردووە بە پتەوکردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بانکە ئەهلیەکان، بەتایبەت لەبواری کردنەوەی هەژماری بانکی و پێدانی سلفەو قەرزی بەڵگەنامەیی و وەهەروەها هاوکاری کردن بۆ بەرەو پێشبردنی پارەدانی ئەلکترۆنی و توطین کردنی مووچەی فەرمانبەران.

 

باسى لەوەش کردووە، بەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سود لەسەرجەم ئەو بانکە ئەهلیانە وەربگرێت کەلەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.
تێبینی؛ هەر کەس و لایەنێک پێویستی بەوەرگرتنی زانیاری دروست هەیە لە سەر ناوەڕۆک و سەرجەم وردەکاریەکانی پڕۆژەی هەژماری من دەتوانێت سود پێگە فەرمیەکانی پڕۆژەی هەژماری من و پێگەکانی وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم و سەنتەری پەیوەندییەکانی پڕۆژەی هەژماری من وەربگرێت بە ژمارە تەلەفۆنی ( 1991).
هاوپێچ؛ نووسراوی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە بەرنامەی حکومی بۆ چاکسازی لەکەرتی دارایی و بانکی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن