ئاری هەرسین:مافی مانگرتوان لای حکومەتی عێراقە
03:14 - 02/02/2025
زەمەن - سلێمانی
ئاری هەرسین رای گەیاند، مافی فەرمانبەران لای حكوومەتی عێراقە، هەموو كەسێك مافی خۆیەتی داوای مافی خۆی بكات و مووچەش مافی شەرعیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە.
ئەمڕۆ یەكشەمە، ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی رای گەیاند، هەموو كەسێك مافی خۆیەتی داوای مافی خۆی بكات و مووچەش مافی شەرعیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە، ئەوەی مووچەی راگرتووە و ناینێری حكوومەتی هەرێم نییە، وەزیری دارایی حكوومەتی بەغدایە.
دەشڵێت، لەبەرئەوەی پارتی واقیعبینە، پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكەی خۆیان بەشێكن لە مەكینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكە لەوەدایە ئەوانەی بەشێكن لە حكوومەتەكە، دەچن بۆ ناو مانگرتووەكان و دەبن بە دەمڕاست و پارێزەری ئەوانەی مانیان گرتووە بۆ مووچەكانی خۆیان، بۆیە ئەگەر ئێمە وەك پارتی بەیاننامە دەربكەین، هیچ شتێك نییە جگە لە دووفاقی، ئەوەیش عەیبە لە سیاسەتدا.
روونی كردەوە كە داوای سەلامەتی بۆ مانگرتووەكان دەكەن، ئەوان مافیان لای حكوومەتی هەرێمی كودستان نییە و لای حكوومەتی عێراقە كە ناردنی مووچەی راگرتووە.