133 کوردستان

هۆشیار زێباری: ئەگەر بڵێم قاچاخچێتی نەوت نییە، ڕاست ناکەم

01:41 - 09/02/2025

زەمەن - هەرێمی كوردستان

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “عەهد” دانی نا بەوەی قاچاخچێتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و وتی: “بە هۆی سروشتی ناوچەکەوە، قاچاخچێتی نەوت هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەگەر بڵێم نییە، ڕاست ناکەم، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە باس دەکرێت”.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتیش هۆشیار زێباری وتی: “لە گفتوگۆی چڕداین بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەو گفتوگۆیەش هەموو لایەنە براوەکانی گرتووەتەوە”.

ڕاشیگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشی پارتییە لە بنیادنانی هەرێمی کوردستان و “نامانەوێت هیچ لایەنێک لە پێکهێنانی حکومەت دووربخەینەوە”. ئەوەشی خستەڕوو کە بە پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ یەکێتیدا دەبنە زۆرینە.

هۆشیار زێباری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی ناوخۆی پارتی کرد و ڕەتیکردەوە کە باڵ باڵێن هەبێت و ڕایگەیاند، “ناکۆکیمان لەسەر سەرۆکایەتی پارتی نییە و مەسعود بارزانی مەرجەعمانە، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرکردایەتی حزبی هەموویان پابەندن بە یەک ئاڕاستەوە، باڵ باڵێن نییە، ڕکابەریی هەیە، بەڵام ناکۆکی نییە”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن