سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سکاڵاى لەسەر سودانى و تەیف سامى تۆمارکرد
07:05 - 09/02/2025
زەمەن - کوردستانى
سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سکاڵای یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیران و تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردووە.
ئێوارەى ئەمڕۆ هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، سکاڵاکە لە رۆژی 20-01-2025، تۆمار کراوە، 19 رۆژ بەسەر سکاڵاکەیان تێپەڕبووە، بەڵام لەو ماوەیەدا چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بوون.
هاوڕێ تۆفیق راشیگەیاند، لە سکاڵاکەدا داوامان کردووە دادگای فیدراڵی فەرمانی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ دواکەوتن. بابەتە هونەرییەکان نەبنە هۆکاری دواخستنی مووچە.
ئەم سکاڵایەى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق لەکاتێکدایە، لەتیف رەشید، ماوەى نزیکەى چوار ساڵە سەرۆککۆمارى عێراقە و ئەمە یەکەمجارێتى سکاڵا دژى ئەو پرسە تۆماردەکات، لەکاتێکدا بە درێژایى مانگى رابردوو، هەردوو شاندى وەزارەتى دارایى عێراق و هەرێمى کوردستان ماوەى دوو هەفتە لە کۆبوونەوەدابوون بۆئەوەى کێشەى مووچەى ئەمساڵ چارەسەر بکەن، لە دوایین لێدوانیشدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى هەرێم رایگەیاند، کێشەى مووچەیان لەگەڵ عێراق چارەسەر کردووە.