بەپەلە.. دژ بە گرانکردنی کارەبا ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێست وەردەگرن
09:52 - 12/03/2025
زەمەن - کوردستانى
ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى لەبارەى گرانکردنى نرخى کارەبا، راگەیەندراوێکیان یڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، قوبوڵى ناکەین و هەڵوێست وەردەگرین.
دەقى راگەیەندراوەکەى مامۆستایانى ناڕازى:
بەناوی خوای گەورە
هۆشدارییەک لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە
وەکو ئاگادارن زیاتر لە 30 ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم داهاتی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن و گەلی کوردستان بێ مووچە و برسی دەکەن.
بەتایبەتی لەدوای ئابوری بەناو سەربەخۆوە وە لەو ڕوژەوە ئەم دەسەڵاتە نەزانە بڕیاریدا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشی، بێ مووچەیی و هەژاری دواکەوتنی مووچە دەستی پێکرد.
دەسەڵاتدارە بێ ویژدانەکە لەجیاتی قەرەبوکردنەوەی ئەو دۆخە سەختەی ژیانی هاوڵاتیان و مووچەخۆران بەردەوام بە بڕیاری ستەمکارانە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان سەختر دەکەن و گرانی و نەبوونی زیاتر دەکەن.
لەم چوارچێوەشدا بە بیانوی دابیکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەیانەوێ نرخی کارەبا بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی گران بکەن و تەواوی هاووڵاتیان بکەنە کرێچی کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانیان.
ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ هەستکردنمان بەم پیلانە ستەمکارانە و مەترسیدارە وە بۆ خستنە بەردەم بەرپرسیاریەتی و دروستکردنی کۆدەنگی جەماوەری دژی ئەم دزی و تاڵانییە لە گیرفانی هاوڵاتیان لە چەند ڕۆژی ڕابوردوو ژمارەیەک کۆبونەوە و دیدارمان ئەنجامدا لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات.
بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:
ئەرکی هەموو هاوڵاتیان و زانایانی ئاینی و حیزب و ڕێکخراوەکانە پێش ئەوەی ببین بە کرێجی کۆمپانیاکانی حیزب و بنەماڵە حکومڕانەکان، بەگژ ئەم پیلانە بێ ویژدانانە و ستەمکارانانەدا بچینەوە و هەڵویستی جدی وبەردەواممان هەبێت.
له کۆتاییدا ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە لە ئاست ئەم گیرفانبڕینە و هەر ستەمێکی تری بنەماڵە حکومڕانەکانی هەرێم بێدەنگ نابین، ئەگەر ڕانەگیرێن لە ئایندەدا بەهاوکاری سەرجەم چین و توێژەکانی تر هەڵوێستی بەرفراوانمان دەبێت .