هەناردەکردنى مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکانى هەرێم بۆ شارەکانى عێراق دەستپێدەکاتەوە
07:33 - 10/02/2025
زەمەن - کوردستانى
بەرپرسێک لە وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە سبەینێوە هەناردەکردنى مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ شارەکانى عێراق دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دواى ئەوە دبێت کە ماوەى چەند مانگێکە بە بیانووى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى عێراق ریگەى لە هەناردەکردنى گرتبوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، رۆژی چواری ئەم مانگە شاندێکی کشتوکاڵی عێراق هاتن بۆ هەولێر و خۆیان چوونە کێڵگە پەلەوەرییەکان و سامپڵیان لە پەلەوەرەکان وەرگرت بۆ دڵنیابوونەوەیان لە تەندروستبوونی مریشکەکان، ئەمڕۆ پشکنینەکانمان لە بەغدا بۆ گەڕایەوە کە پاک و بێ کێشەبوون، سبەی هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە.
ساڵانە هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.