مامۆستایەک بە پێنج ساڵ زیندانی سزادرا
01:25 - 19/04/2025
زەمەن _ کوردستانی
مامۆستایەکی کورد لەسەر وتنەوەی زمانی کوردی لە سنە، بە پێنج ساڵ زیندانی سزا درا.
ئەمڕۆ شەممە، ١٩ی نیسانی ٢٠٢٥، سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی ڕایگەیاند: "ئێمە چوار کەس بووین و لە دوای شۆڕشی ژیناوە بە تۆمەتی پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی دەستگیرکراین، بەڵام لە راستیدا کاری ئێمە تەنیا فێرکردنی زمانی کوردی بووە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە."
وتیشی: "دوو هاوڕێمان لەلایەن دادگای پارێزگای سنەوە بێبەریبوونیان راگەیێندرا و ئازادکران، بەڵام من و ئیدریس مینبەری سزادراین. سەرەتا سزاکەی من ١٠ ساڵ بوو، دواتر لە دادگەی تێهەڵچوونەوە بۆ ٥ ساڵ کەمکرایەوە، بەڵام سزاکەی ئیدریس مینبەری دوو ساڵە و ئێستا لە دادگەی تێهەڵچوونەوەیە. لە هەموو دانیشتنەکانی دادگادا خۆم و پارێزەرەکەم ئامادەبووین."
بەپێی قسەکانی خۆی، لەمڕۆوە سزاکە دەستپێدەکات و زیندانی دەکرێت.
سروە پوورمحەممەدی، خەڵکی پارێزگای سنەیە و کارمەندی رێکخراوی نۆژینە کە کاری ئەو ڕێکخراوە، فێرکردنی زمانی کوردی و بەدواداچوونە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە.
بەگوێرەی مادەی 15ی دەستووری ئێران، خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکانی ئێران رێگەپێدراوە، بەڵام ئەو مادەیەی دەستوور تاوەکو ئێستا لە لایەن حکومەتەوە جێبەجێ نەکراوە.