لەیەکشەممەوە لیستی مووچە حازرئەبێ بۆ بەغدا بنێردرێت
04:48 - 19/04/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بڕیارە سبەی لیستی مووچەی مانگی چوار ڕەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بکرێت و دواتر لیستەکە دەبردرێتە بەغداد.
ئەمڕۆ شەممە، ١٩ی نیسانی ٢٠٢٥، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ''زەمەن'' کەوتووە، لیستی مووچەی مانگی چوار کە بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەکراوە سبەینێ یەکشەممە لەلایەن گەنجینەکانەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێم دوو بۆ سێ رۆژی پێویستە بۆ وردبینی لە لیستەکە و دەرکردنی خەرجی و داهاتی مانگی سێ و ئامادەکردنی "میزان موراجەعە"(تەرازوی پێداچونەوە).
هاوکات، چاوەڕواندەکرێت رۆژی سێشەممە لیژنەی تەکنیکی لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی هەرێم بچێتە بەغداد و لەگەڵ رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار، خەرجی و داهاتی مانگی سێ رادەستی بەغداد بکات.
بڕیاریشە، لەدوای ٢٥ـی ئەم مانگە و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵ پارە بخاتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و دەستبەدابەشکردنی مووچە بکرێت.