ئەنفال تاوانێکی لەبیرکراو و تاوانبارانی سزا نەدراو
4/14/2025 3:38:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
علی عزت بیگۆڤیچ "Alija Izetbegović" دەڵێت:
"هەرگیز جینۆسایدەکان لەبیرمەکەن، بە لەبیرکردنیان دوبارە دەبنەوە".
ئەنفال بریتییە لە زنجیرەیەک پرۆسەی پێشێلکاری سامناکی مافەکانی مرۆڤ، تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و جینۆساید دژ بە کورد، کە بە تاوانێکی نێودەوڵەتی ئەژماردەکرێت.
تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و جینۆساید بەو پێیەی لێکەوتەکانی تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگرێتەوە و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچن (تقادم) ناکەن، تاوانی ئەنفال بە تاوانی سیاسی ئەژمار ناکرێت و بکەرانی ئەم تاوانە ناتوانن مافی پەنابەری سیاسی وەربگرن، ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە بەرپرسیارێتی لەسەر ئەنجامدەرانی تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و جینۆساید لابەرێت و لێخۆشبونیان بۆ دەرکات.
بڕیاری لێخۆشبوون لە "جاشەکان" و سزا نەدانی تاوانبارانی ئەنفال پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە و پێشێلکردنی بنەماکانیەتی زیانی گەورەی گەیاندووە بە ڕەوایەتی کەیسی ئەنفال و مافی قوربانیەکانی.
هەربۆیە دادگایی کردنی تاوانبارانی ئەنفال و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی قوربانیانی ئەو تاوانە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ گەورەترین خزمەت بە کەیسی ئەنفال و ڕۆحی پاکی قوربانیانی ئەنفال و مافی ڕەوای کەس وکاریان دەکات.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی لەدوای دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ھەوڵی بەردەوامی داوە بۆ ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی لەڕێگای چەندین پەیماننامە و ڕێکەوتننامە و بڕیاری نێودەوڵەتییەوە ، گرنگترینیان :
١- بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ١٩٤٦ تایبەت بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی پاکتاوی نەژادی تاوانی نێودەوڵەتییە.
٢- پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاوانەکانی پاکتاوی نەژادی ساڵی ١٩٤٨ (عێراق واژوی لەسەر کردووە).
٣- ھەر چوار ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٤٩ لە جنێڤ (عێراق واژوی لەسەر کردووە)، بەپێی ڕێکەوتننامەکانی جنێڤی ساڵی ١٩٤٩ و ھەردوو پرۆتۆکۆڵە ھاوپێچەکەی بۆ ساڵی ١٩٧٧ تاوانە گەورەکان پۆلێن کراوە بۆ:
١- تاوانەکانی دژ بە ئاشتی war against peace
٢- تاوانەکانی جەنگ war crimes
٣- تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی crimes against humanity
٤- پلاندانان بۆ ئەنجامدانی یەکێک لەو تاوانانە plot to commit these crimes
پاشان لە ساڵی ١٩٤٧ لیژنەی یاسای نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێکھێنرا و هەستا بە داڕشتنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی کە لە پەیماننامەی دادگای نۆرێمبێرگ جێگیرکرابوو لەساڵی ١٩٥٠، ئەو بنەمایانەش بریتیبوون لە :
بنەمای یەکەم - ھەرکەسێک تاوانێکی نێودەوڵەتی ئەنجام بدات بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ و پێویستە سزا وەربگرێت.
بنەمای دووەم- ئەگەر یاسای نیشتمانی ھیچ سزایەکی نەسەپان لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکە، تاوانبار بەرپرسیارێتی لەسەر لاناچێت بە پێی یاسای نێودەوڵەتی.
بنەمای سێیەم- ھەرکەسێک تاوانێکی نێودەوڵەتی ئەنجام بدات بە سیفەتی سەرۆکی وڵات یان بەرپرسێکی حکومی فەرمی بەرپرسیارێتی لەسەر لاناچێت بە پێی یاسای نێودەوڵەتی.
بنەمای چوارەم- ھەرکەسێک تاوانێکی نێودەوڵەتی ئەنجام بدات بە پێی فەرمانێک کەلە حکومەتەوە دەرچوبێت یان لە سەروو خۆیەوە بەرپرسیارێتی لەسەر لاناچێت بە پێی یاسای نێودەوڵەتی بەمەرجێک بژاردەیەکی تری لەبەر دەما بێت.
بنەمای پێنجەم- ھەرکەسێک تاوانبارکرا بە ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی ھەیە بە گوێرەی یاسا.
بنەمای شەشەم- باس لە تاوانە نێودەوڵتییەکان دەکات کە بریتییە لە (تاوانی دژ بە ئاشتی ، تاوانی جەنگ ، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی).
بنەمای حەوتەم- رێخۆشکردن یان بەشداریکردن لە تاوانەکانی (دژ بە ئاشتی ، جەنگ ، دژ بە مرۆڤایەتی) بەتاوان ئەژمار دەکرێت بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی.
دواتر لیژنەی شارەزایانی ناحکومی لەساڵی ١٩٩٠ پرۆژەی پەیڕەوی سەرەکی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان " International Criminal Court " ئامادەکرد و پرۆژکە لەلایەن لیژنەی یاسای نێودەوڵەتی وەرگیرا و کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاسپارد بە بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە پرۆژەی پەیڕەوی سەرەکی و مۆرکردنی ڕێکەوتننامەی تایبەت بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کەلە ساڵی ١٩٩٨ لە ایتالیا گرێدرا و لە ٢٠٠٢/٧/١ چووە بواری جێبەجێکردنەوە (عێراق واژوی لەسەر پەیڕەوی سەرەکی دادگاکە نەکردووە). ئەم دادگایەش تایبەتە بە تاوانەکانی (جینۆساید ، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ، تاوانەکانی جەنگ).