زانیارى لەبارەى بردنى پارەى مزگەوتێکى سلێمانى لەلایەن ئاسایشەوە
07:29 - 19/04/2025
زەمەن - کوردستانى
ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە، ئاسایشى سلێمانى پارەى خێرى مزگەوتێکى بردووە، سەرچاوەیەک لە ئاسایشى سلێمانى دەڵێت، ئەو هەواڵە ئەسڵى نییە و بەلاڕیدا براوە.
سەرچاوەکەى ئاسایش رایگەیاند، دوو رۆژ پێش جەژنى رەمەزان لە مزگەوتى شێخ عەبدولڕەحامى عازەبانى کە ناسراوە بە "مزگەوتى هەلاجەکان" لەناو بازاڕى شارى سلێمانى، مامۆستاى مزگەوتەکە بانگەوازى کردووە گوتوویەتى، موسوڵمانان بەرماڵێک رادەخەین پارە کۆدەکەینەوە کەلوپەل و پێداویستى مزگەوتى پێدەکڕین، پیاوێکى دەستکورتیش هەیە هاوکارى ئەویشى پێدەکەین.
سارچاوەکە گوتیشى، دواى ئەوەى زانیارییەکەیان بەدەستگەیشتووە، پارەکەیان بردووە و مەلاى مزگەوتەکەشیان بانگهێشت کردووە، لەبەرئەوەى ئەو کارەى کردوویەتى لە دەرەوەى رێنماییەکانى وەزارەتى ئەوقافە و رێگەپێدارو نییە بەوشێوەیە بانگەواز بۆ پارەکۆکردنەوە بکرێت.
هەروەها راشیگەیاند، پارەکەیان داوە بە نەخۆشخانەى هیوا و وەسڵیشیان هەیە کە هەموو پارەکەیان داونەتێ.