تەماتە بووە بە ٢٥٠ دینار و پەتاتەش گرانبوو
02:13 - 20/04/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
نرخی تەماتە بەشیوەیەکی بەرچاو دابەزی و ئێستا لە عەلوە کیلۆی بە ٢٥٠ دینارە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٥، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ڕایگەیاند: "تەماتە هێندە هەرزان بووە بە زۆر کرێی هاوردەکردنەکەی دەکاتەوە، ئەمڕۆ کیلۆی تەماتەمان بە ٢٦٥ دینار فرۆشتووە".
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکەوە ئاماژە بەوەدراوە، "لە دوای ئەوەی قەدەغەی هاوردەکردن لەسەر تەماتە هەڵگیرا، بەردەوام نرخەکەی دادەبەزێت"
هاوکات دەشڵێن، ئەو تەماتەیەی ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، ئێستا لە زۆرینەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کیلۆیەک تەماتە بە ٥٠٠ دینار.
لەپاڵ هەرزانبوونی تەماتەدا هاوکات، پەتاتە گرانبووە و ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەکی لە عەلوە بە نزیکەی هەزار دینار فرۆشراوە.
هەروەها، ئەو پەتاتەیەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لە سووریا و پاکستانەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئەوەی سووریا خواستی زیاتری لەسەرە.