22 ئابوری

وەزارەتی دارایی 48 ملیاری داهاتی دا بەبەغدا و لیستی مووچەشی رادەستكرد

12:52 - 22/04/2025

زەمەن – هەرێمی كوردستان

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەممە، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆران لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.

وەزارەتەکە دەشڵێت، ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی یەکشەممە 20ی نیسان، راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئادار و راپۆرتی کۆتایی ساڵی 2024 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە.
هەروەها وەزارەتی دارایی هەرێمی هەر ئەمڕۆ، بڕی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دیناری لە داهاتی نانەوتیی مانگی ئادار بۆ بەغدا ناردووە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ سێشەممە دەڵێت، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

دەشڵێت، پارەکە بەشێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن