115 کوردستان

وەزارەتی تەندروستی: ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە مۆڵەتی رێگەپێدانی نییە

06:26 - 24/04/2025

زەمەن - کوردستانی

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پزیشکەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بۆ نەخۆشێک کرد، مۆڵەتی رێگەپێدانی کارکردنی نییە.

وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندووە، لە پەراوێزی گیان لەدەستدانی ئافرەتێک دوای نەشتەرگەری جوانکاری لەشاری سلێمانی، نەخۆشخانەکە و پزیشکەکە سەرپێچی یاسا و ڕێنماییەکانیان کردووە.

هەروەها دەڵێت، نەخۆشخانەکە کاری بەو پزیشکە کردووە بەبێ وەرگرتنی ڕێگەپێدانی کارکردنی ئەو پزیشکە لە لیستی میلاکی نەخۆشخانە.

دەشڵێت، پزیشکەکە دوو جار و بە دوو شێواز  سەرپێچیکارە:

یەکەم:
هیچ ڕێگەپێدان و مۆڵەتی کارکردنی نیە لەو نەخۆشخانەیە.

دووەم:
دوور لە پسپۆڕی خۆی کاری جوانکاری کردووە لەکاتێکدا خۆی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاری نیە.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، بەوهۆیەوە پزیشکەکە لەکاری پزیشکی ڕاگیرا و ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کرا بۆ وەرگرتنەوەی پلەی پزیشکی پسپۆڕی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن