77 کوردستان

بەپەلە.. کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوا کۆتایی هات و ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

03:24 - 26/04/2025

زەمەن _ کوردستانی

 

 کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوا کۆتایی هات و ڕایانگەیاند: شاندێکی کوردیی هاوبەش بۆ دانوستاندن [لەگەڵ دیمەشق] پێکدەهێندرێت.

ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥، فەوزا یوسف، بەرپرسی راگەیاندنی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆنفرانسەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: : "400 ئەندام بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. شاندێکی کوردیی هاوبەش بۆ دانوستاندن [لەگەڵ دیمەشق] پێکدەهێندرێت و پەیوەندی بە هەموو لایەکەوە بکرێت بۆ جێبەجێکردنی."

ئاماژەی بەوەشدا: "دەبێت پارێزگاری لە ماف و ئازادییەکان بکرێت و دەبێت هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بن، تێڕوانینێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی پرسی سووریا هاتە ئاراوە."

 

دەقی راگەیێندراوەکە:

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان لە 26ی نیسانی 2025 لە شاری قامشلۆ، دوای گفتوگۆی درێژخایەن و هەوڵی جێگەی سوپاسی هەڤاڵان و برایان، بە بەشداریی پارتە کوردییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەی ژنان، رێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی سەربەخۆی کۆمەڵگەی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە سووریا، بە ئامانجی پەسندکردنی دیدگایەکی یەکگرتووی کوردی، سەبارەت بە بنیادنانی سووریایەکی نوێ و بەشداریکردن لە داڕشتنەوەی داهاتووی و چارەسەرکردنی پرسی کورد، لەم قۆناخە گرنگەی مێژووی سووریادا، دوای رووخانی رژێمی ستەمکار لە دیمەشق لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەو رژێمەی ئازادی و کەرامەتی گەلی سووریای بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیەوە پێشێل کرد و، وڵاتی لە سەرتاسەری جوگرافیای سووریادا وێران کرد، ملیۆنان کەسی لە گەلەکەی کوشت و ئاوارە و پەنابەر کرد. هەرچەندە گەلی سووریا بۆ رووخاندنی ئەو رژێمە و کۆتاییهێنان بە ستەمکارییەکەی و بەدەستهێنانی ئازادی و کەرامەتی خۆی قوربانیی دا، گەلی کوردیش لە سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو رژێمەدا قوربانیی زۆر و گەورەی دا و هەزاران شەهیدی لەو پێناوە دا. گەلی کورد بە دەیان ساڵ تێکۆشا بۆئەوەی ستەمی نەتەوەیی لەسەر خۆی لاببات و مافە نەتەوەییەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، هەمیشە تێکۆشانی نەتەوەیی خۆی بە تێکۆشانی نیشتمانییەوە گرێداوە بۆ بنیادنانی سیستمێکی دیموکراسیی فرەیی لە سووریا.
 
لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی مێژوویی و وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی قۆناخی ئێستا، دیدگایەکی سیاسیی هاوبەشی کوردی داڕێژرا، کە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ و پڕۆژەیەکی راستەقینە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد لە سووریا وەکو دەوڵەتێکی دیموکراتی و لامەرکەزی نیشان دەدات.
 
بەشداربووان ئەو دیدگا هاوبەشە کوردییەی کە پێشکێش بە کۆنفرانس کرا، وەکو بەڵگەنامەیەکی دامەزرێنەر کە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ دەردەخات و رێبازێکی راستەقینەیە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ پرسی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا، بە ناسنامە فرە ئیتنیکی، فرە ئایینی، فرە کولتووری و فرە نەتەوەییەکەیەوە، کە دەستوورەکەی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد مسۆگەر دەکات، پابەندە بە پەیمان و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ئازادی و مافەکانی ژنان دەپارێزێت و رێگە خۆش دەکات کە [ژنان] بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە هەموو دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکاندا بکەن، پەسندیان کرد.
 
بە پەسندکردنی ئەم دیدگا هاوبەشە کوردییە، کۆنفرانس داوای پەسندکردنی دەکات وەکو بنەمایەک بۆ دیالۆگی نیشتمانی، چ لەنێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان خۆیاندا بێت، یان لەنێوان ئەوان و ئیدارە نوێیەکەی دیمەشق و هەموو هێزە نیشتمانییەکانی دیکەی سووریادا بێت. ئەم دیدگایە بەشدارە لە بنیادنانی سووریایەکی نوێ، کە هەموو گەلانی خۆی لەخۆبگرێت، بەبێ پەراوێزخستن یان پشتگوێخستنی هیچکام لە پێکهاتەکانی، دوور لە زیهنیەتی تاکڕەوی لە بیرکردنەوە و کرداردا، و کەرامەت و مافەکانیان بەپێی دەستوور بپارێزێت بەبێ هیچ جۆرە جیاکارییەک، سووریا رێز لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بگرێت و ببێتە فاکتەری سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.
 
لە کۆتاییدا، کۆنفرانس بڕیاری دا لە زووترین کاتدا شاندێکی هاوبەشی کوردی پێکبهێندرێت بۆئەوەی لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی ئەم دیدگایە کار بکات بۆ کردنی بە واقیعێکی سیاسی، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دانوستاندن و گفتوگۆ بکات بە مەبەستی گەیشتن بە ناوەڕۆکەکەی و مسۆگەرکردنی.
 
کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی
لە رۆژئاوای کوردستان
قامشلۆ - 26ی نیسانی 2025

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن