ئومێد حۆشناو: تا مانگی تەمووز گرفتی ئاوی گەرەكەكانی هەولێر چارەسەر دەبێت
01:36 - 27/04/2025
زەمەن _ هەولێر
پارێزگارهەولێر ئاشکرایکرد: هێڵی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر، سەرەتای مانگی تەمووز تەواو دەبێت و کێشەی ئاوی گەڕەکەکانی هەولێر چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ، بۆ سەرەتای مانگی تەممووز (٧)، هێڵی یەکەمی تەواو دەبێت، کە هێڵەکە لە توڕەقەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سەرکارێز، قەتەوی، ڕۆشنبیریی، فەرمانبەران و گەڕەکی ژیان، کە ئەو گەڕەکانە لەسەدا ٧٠ـی کێشەی ئاوی هەولێر لەخۆ دەگرن، بەڵام بۆ کۆتایی ساڵ ئەو پرۆژەیە تەواو دەبێت و سەرجەم ئەو شوێنانەی لەهەولێر کێشەی ئاویان هەیە گرفتەکەیان چارە دەبێت، ئەو پرۆژەیە دوو هێندەی هەموو ئەوپرۆژانەی ئاوە کە لە مێژووی شارەکەدا هەبووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ باران لەساڵانی پێشتر زۆر کەمتر باریوە؛ پار، تا ئەم کاتانە ٥٥٠ ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تاکوو ئێستا ١٤٠ ملم باران باریوە، کە بەدڵنیاییەوە هاوینێکی سەختمان لەڕووی ئاوییەوە دەبێت.
پارێزگاری هەولێر وتیشی: گرفتێکی دیکەی ئاو، بابەتی کارەبای بەردەوامە، ئەگەر کارەبای بەردەوامی نیشتیمانی هەبێت، بیری گەڕەکەکان بەرەدەوام تۆڕەکانیان پڕ ئاو دەبێت و گرفتەکان چارە دەبێت، لەدوێنێ شەممە دەستمان پێ کردووە بەشێک لەو بیرانە لەڕێگەی مووەلیدەی گەڕەکەکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین دەکرێت.
ئومێد خۆسناو باسی لەوەشکرد، بەپێی ئەو پلانەی هەیە، لە ٢٠ی ٦ تاوەکوو ١ی ٧، ئەو گەڕەکانەی دەکەونە ناو بازنەی ١٢٠ مەتری هەولێر کارەبای ٢٤ کاتژمێریان بەتەواوی بۆ دابین دەکرێت، هەروەها بۆ کۆتایی ساڵ هەموو ناوەندی شاری هەولێر لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەند دەبێت. ئێستا ئیدارەی قەیرانەکە دەدەین تاوەکوو پێویستمان بە تانکەری ئاو نەبێت، لەبەر سەلامەتیی هاووڵاتیان ڕێگە پێدراو نییە هەر کەس بە ئازادی خۆی بێت ئاو دابەش بکات.