125 کوردستان

وەزیری ئاوەدانکردنەوە پڕۆژەی رێگایەکی کردەوە

07:51 - 27/04/2025

زەمەن- سلێمانی

 

دوای قیرتاوکردنی رێگای گوندی چاڵگە، دانیشتوانەکەی بەگوڵ پێشوازی لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەکەن.

 

رۆژی یەکشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە رێورەسمێکدا پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای گوندی چاڵگەی لە قەزای قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی کردەوە.

 

لە رێورەسمەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی سلێمانی، بەڕێوەبەر و بەرپرسان و ئەندازیارانی ژمارەیەک لە بەڕیوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەت لە سلێمانی و دانیشتوانی ناوچەکە ئامادەی بون.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە پڕۆژەیەکی تری وەزارەتیان بەئەنجام گەیشتوەو وتی؛ هەر لە سەرەتای دەستبەکاربونمان لە وەزارەت یەکێک لە ئامانجەکانمان ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و خزمەتکردنی دانیشتوانەکەی بوە، تەواوکردنی ئەم رێگایەش دەبێتە بەشێکی تر لەو پڕۆژانەی کە لە سەرجەم ناوچەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان تەواومان کردون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەکانی رابردودا توانیویانە رێگای ژمارەیەک لە گوندەکانی سنورەکە قیرتاو بکەن و ئەوەی لە توانایاندا بێت درێغی ناکەن، هاوکات بڕیار و رێنمایی پێویستی دەرکرد بۆ ژمارەیەک داواکاری و پێشنیاری دانیشتوانی سنورەکەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد.

 

رێگای گوندەکە زیاتر لە دو کیلۆمەترەو نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن دینار تێچوی پڕۆژەکە بوە، هەر ئەمڕۆش لەلایەن دانیشتوانی سنورەکە بە گوڵ پێشوازی لە وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کراو سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستە کرد لەپای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن