551وتار

گرانیی بەنزین وەک بیانووی خۆپیشاندانەکانی ئێران

11/16/2019 11:45:00 PM
هەردی مەهدی میکە

دەمێکە خەڵک ناڕازییە و تەنها لە ساڵێکدا، هەزار خۆپیشاندانێک و گردبوونەوەی ناڕەزایی چین و توێژەکان، لە خاوەن پارەکانی بانکەکان، خوێندکاران، مامۆستایان و کرێکاران ڕویانداوە(بەدانپیانانی ڕەحمان فەزڵی وەزیری ناوخۆ) بەڵام ڕوماڵ، میدیای ئێران و بێسەرکردەیی ناڕەزایەتییەکان خامۆشی کردوونەتەوە. دۆخی ئابووریی ئەوە هەر باس ناکرێت و چوونەدەرەوەی پارەی ئێران بۆ سوریا، لوبنان و یەمەنیش با بوەستێت.
بەڵام یەکێک لە کێشە هەرە قوڵەکانی ئێران ، کە قەیرانێکە و لە 2009ەوە درێژەی هەیە، ئەوەیە هەڵبژاردن و هەڵبژێردراوەکانی ناو پرۆسەکە و زمامدارانی ئومور، ناتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی دەنگدەران بن(بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوشێوەی عێراق و گومان لە هەڵبژاردنی و تەوزیعی کورسییەکان)، لەبەر دوو هۆی سەرەکی:
۱. شورای نیگەهبان (ئەنجومەنی پاراستنی دەستور) مافی ئەوەی هەیە هەموو کاندیدەکان پاڵفتە بکات، بۆیە چەند هەڵبژاردنی دوایی ڕێژەی کاندیدی ڕەتکراوەی سەرۆکایەتی و شارەوانی و پەرلەمان چەند بەرامبەری ڕێگەپێدراوان بوون. بەمەش دەستی یەکی کاندیدی خەڵک ڕەتکرانەوە و ناچار خەڵک لەنێوان خراپ و خراپتردا هەڵیان دەبژارد. خودی ڕۆحانی ئیسڵاحی نەبوو، بەڵام لە بێکەسیدا خاتەمی کردییە کاندیدی خۆی.
۲. لە دوای 2009ەوە دەوڵەت و نیزام بە خەستی خەریکی لادان و کۆتکردن و دەسگیرکردنی نەیارە ناوخۆییەکانێتی، شۆڕش لەم ساڵانەدا زۆر سەرقاڵی خواردنی کوڕەکانی خۆی بوو.
۳. جیا لەمانەش خودی دەستور شیعەمیحوەری دوانزە ئیمامییە و ویلایەتی فەقیهیش لەسەروو ئەوەوە، هەر کاندیدێک دەبێت وەلای بۆ ئەو بنەمایە هەبێت نەک تەنها شیعەبێت ئەبێت ئینقلابیی و ئیسلامییش بێت. ئەمە ئۆتۆماتیک کاندیدە غەیرە لایەنگرەکانی ئەم بۆچوونە ڕەتکدەکاتەوە و مافی بەشدارییان پێنادات.
٤. ئیتر با جیاکارییە نەتەوەیی و زمانیی و ئاینیی و ئاینزاییەکانی دیکەش بووەستێت.
ئەمانە و فشارە دەرەکییەکان شەرعییەت و نوێنەرایەتی لاوازکردووە و هیچ دەزگایەک ناتوانێ بە هەڵبژاردنەوە شانازی بکات، چونکە لە بنچینەدا کاندید و بەرپرسانی ئێستای حکومەت و پەرلەمان نوێنەری نوخبەی حاکم و خامەنەیین نەک نوێنەری پلەیەکی خەڵک.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن