لە نێوان زڕمام و مامی بچووکدا
6/24/2020 2:59:00 PM
هەردی مەهدی میکە
کورت و پوخت، ئەو هەوراز و نشێوەی ئەم سێ ڕۆژە ئەدەبیات و ئادابی سیاسیی یەکێتی و دەزگاباڵاکانی یەکێتی بە خۆیەوە دی، زۆر ڕاستی شاراوە و شەڕی دیدگاکانی نێو یەکێتی تەجەللا کرد، یەکێتی و دەزگاکانی دەیانتوانی لەبری لەتکردنی ئیرادەی بڕیار هەنگاوی دیکەی بیرلێکراوەی هەڵگرتایە:
۱. تویتەکەی هاوسەرۆک گەر ڕاستگۆیانە، دەیەویست بیسەلمێنێت بڕیارێکی پۆپۆلیستانە و تەنها دژی قوباد تاڵەبانی نییە، بەڵکو بە بڕواوە دژی بڕیاری بڕینی
%۲۱ی مووچەیە، ئەوا دەیتوانی هەم سەری تیمی یەکێتی بەرز ڕابگرێت و هەم پارتی و سەرۆکی حکومەت ئیحراج بکات؛ ئەویش بەوەی نیوەی ئەو بیستویەک لەسەدەی ئەم مانگەی بخستایەتە ئەستۆی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حزبەکەیی و ئەوسا بیووتایە ئێمە دژی بڕینین و فەرموو پارتی و حکومەت نیوەکەی دیکەی بخەنەسەر، چونکە ئەرگیومێنتی لایەنگرانی بڕین لە کابینەی حکومەت و خودی قوباد تاڵەبانی ئەوەیە کە دووسەد ملیارێک داهاتی هەرێم کورتی هێناوە یان دەبێت نەوەد ڕۆژجارێک مووچە بدرێت یان دەبێت بە کورتهێنانی بیستویەک لەسەدا دابەش بکرێت و چی دیکە مووچە دوانەخرێت، لەمە زیاتر هەیە؟ ئەمە چەسپاندنی وەلا و دڵسۆزی ڕاستەقینەشە بۆ مووچەخۆرانی بێمووچە و مافخوراو.
۲.ڕوونیش بوویەوە دوو دیدگا لە یەکێتیدا لە کاردایە یەکێک دەیەوێت دەزگایی و لە چوارچێوەی ئادابی سیاسەتدا بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرێت، دیدی دووەمیش بارگاوی بەو کولتوورەی ڕابردووی ناوچەی نفوزی خۆی، فرسەتخواز و پۆپۆلیستانە هەم لەسەر سفرەی مەعاویە بێت و هەم لە پشتەسەری عەلیشەوە نوێژ دابەستێت. کە دیارە دیدگای یەکەمیان ساڵانێکە هەم لای پارتی و هەم لای دیدگای دووەم لە نێو یەکێتیدا بەردەوام دەبێتە قوربانی، کە بە زیانی خەڵک و هەم بەزیانی دامەزراوەییکردنی دەزگاکان دەشکێتەوە.
۳. دەرکەوت دەزگای هاوسەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتی نییە و نیوسەرۆکییە، گەرنا چ مانایەک دەبەخشێت هاوسەرۆکێک لەگەڵ تیمی حکومەتی یەکێتیدا بێت و نیوەکەی دیکە ڕەتکەرەوەی هەموو شتێک بە بڕیاری شەش وەزیرەکەشییەوە. لانیکەم با ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیی و تیمە حکومییەکەی هەردوو هاوسەرۆک لە تویتێکی هاوبەشدا بیانوەشاندایە نەک "نیوسەرۆکیانە".
دواجار بەم تویتە دژە مەکتەب سیاسیەی هاوسەرۆک، دەرکەوت "زڕمام" تەنها لە ئایندەی خۆی نیگەرانە و تەنها لەگەڵ "هاوسەرۆکەکەی دیکە" و "مامی بچووک"دا لە ململانێی شاراوەدایە و نەک ململانێ دەرکیە ڕووخسارییەکانی و بگرە ئەوانیشی لە خزمەتی دژبەری ڕکابەرە ناوخۆییەکانێتی، نەک پارتی، چونکە بەم تویتەی سەباحی ساڵحانی ئەمڕۆ دەرکەوت، تەنها مامی بچوک و تیمەکەی لە نێو حکومەت و جەماوەردا ئیحراج کراوە، گەرنا بەم تووشکردنەی یەکێتی بەم دژیەکییەی لێدوانەکان، هەم پارتی و هەم مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی لە لۆمە و تەڵەزگە و توڕەییەکانی مووچەخۆران دەرباز کرد.
سیاسەت و سەرۆکایەتی وا نابێت.