1083وتار

دەربارەی مەعريفەو دەسەڵات لە خۆرهەڵات

1/16/2020 6:42:00 PM
بەختیار عەلی


 لەم تێکستە کورتەدا تەنیا قسە لەو جیاوازییە گەورانە دەکەم کە پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات لە خۆرهەڵات جیادەکاتەوە لە هاوشێوەکەی لە خۆرئاوا. شتێکی نوێ نییە گەر بڵێین پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات لە یۆنانەوە تا ئەمڕۆ پەیوەندییەکی ئۆرگانییە، پەیوەندییەکە تێیدا مەعریفە و دەسەڵات لێک ناترازێن، مەعریفە خۆی دەسەڵاتە و پیادەکردن و پراکتیزەکردنی دەسەڵاتیش بێ مەعریفەت نامومکینە. ئەوەی لێرەدا گومانی دەخەمەسەر، کۆپیکردنی ئەم پەیوەندییەیە بۆ خوێندنەوەی پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات لە خۆرهەڵاتدا. 
مەعریفە و دەسەڵات لە خۆرئاوا کەمتازۆر لە هاوجووتییەکی هەمیشەییدان، بەو مانایەی کە هەمیشە قووڵایی مەعریفە ئاماژەیەکی تێدایە بۆ قووڵایی دەسەڵات، وە قووڵایی دەسەڵات ئاماژەیەکی هەمیشەیی تێدایە بۆ مەعریفەت، ئەم دوو کایەیە لە ئاماژەگۆڕێکێیەکی ڕۆژانەدان، لەخزمەتکردنێکی بەردەوامی یەکدان، یەک شێوە بەوی دی دەدەن، یەک لە دیاریکردنی مانا و وەزیفەی یەکدا بەشدارن، بەڵام ئەم پەیوەندییە بە بڕوای من نە پەیوەندییەکی هەمیشەیی و نە یونیفرسالە. مێژووی خۆرهەڵات  لە دوای هاتنی مۆدێرنەوە بەوە دەناسرێتەوە کە پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات بە کۆمەڵێک جیاوازی بنەڕەتی لەگەڵ خۆرئاوادا، جیادەبێتەوە. کۆی سەرنجەکانم بە کورتی لەم چەند خاڵەدا کۆدەکەمەوە. 
• پەیوەندی مەعریفەو دەسەڵات لە خۆرئاوا کاتێک سەرهەڵدەدات کە کۆنترۆڵی مرۆڤ، تێگەیشتن لێی، پۆڵینکردنی، پشکنینی لە ڕووی جەستەیی و عەقڵی و بایۆلۆژییەوە دەبێت بە بەشێک لە خولیا گەورەکانی مۆدێرنەی ئەوروپی. مۆدێرنە بەجۆرێک لە جۆرەکان هێرشێکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤ، بۆ توێکاریکردن و شیکردنەوە و لێک ترازاندنی. بۆ تێکشکاندنی ئەو یەکێتییە دینی و میتافیزیکییەی کە دونیای کلاسیک بۆ مرۆڤی کێشابوو. پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات سەرەتا بە ناو جەستەی مرۆڤدا تێدەپەڕێت، تەوەرێکی گرنگی گرێدراوی کێشەی بایۆپۆلەتیکە. ئەوەی مەعریفە و دەسەڵات کۆدەکاتەوە بەر لە هەر شت تێگەیشتن و کۆنترۆڵکردن و دەستکاریکردنی مرۆڤە. ئەم بناغە سەرەتاییە لە خۆرهەڵات تەواو غائیبە. زانست لە خۆرهەڵات کایەیەک نییە لەسەر مرۆڤ ئیشبکات، واتە زانستێک نییە لە ژێر جەبرێکی ڕاستەقینەدا ڕووی لە پشکنینی مرۆڤ کردبێت. نائامادەگی و ناگرنگی ئینسان لە ناو پارادیمی مەعریفی خۆرهەڵاتدا، یەکێکە لە نیشانە گرنگ و جیاکەرەوەکانی ئەم کایەیە، خۆرئاوا لەسەر دروستکردنی چەمکی جیاواز جیاواز بۆ ئینسان ئیشدەکات و خۆرهەڵات لەسەر چەپاندنی تەواوەتی و بیربردنەوەی مرۆڤ .
• پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات لە خۆرئاوادا لە ئامێزی سەنترالیزەبوونی لۆگۆسدا پەروەردە دەبێت و لەو سەنترالیزەیە دوور ناکەوێتەوە، جۆری پەیوەندییەکە پابەندی ئەوەیە کە دەسەڵات تا رادەیەکی زۆر لە خۆرئاوا دەیەوێت شەرعییەت و بنەمای عەقڵی بۆ هەموو شتێک هەبێت. هەتا نازیزم و ستالینیزم کە دوو بەریانی زۆر ناعەقڵانی مێژووی خۆرئاوان، ریشەی قووڵیان لە زانست و فەلسەفە و هونەرو ئەدەبدا هەیە. هەوڵی دەسەڵات کە ئیشەکانی زانستی و عەقڵانی و شەرعی بن، ملکەچی یاسا و دەرەنجامی سەد دەر سەد و پێشوەخت زانراو بن، نەوەک ئالودەی رێکەوت و بێ پلانی، بەرەو نزیکییەکی بەردەوامی دەبات لە زانست. نەبوونی ئەو ژێرخانە عەقلانییە، نەبوونی ئەو رەهەندە کە عەقلانییەت و زانست پێکەوە گرێدەدات وادەکات پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات لێرە جۆرە مێژوویەکی جیاواز تۆماربکەن، کە کارێکی بە وردی و عەقڵانییەتی زانستییەوە نەبێت.
• مەعریفەت و دەسەڵات لە خۆرئاوادا لە سەرەتاوە لە پێداویستییەکانی تەکنۆلۆژیای جەنگەوە هاتە مەیدان. دروستکردنی ماشێن و کەرەستەکانی شەڕ، تۆوی هەرە سەرەتای دامەزرێنەری ئەم پەیوەندییە بوون، بەر لەوەی کەشتییەکانی خۆرئاوا بۆ بازرگانی بەسەر زەویدا بکەونە گەشت، بۆ جەنگ دەریاکانی جیهانیان تەیدەکرد. گەشتەکانی ماجەلان و کۆلۆمبس تێکەڵەیەکی گرنگ بوون لە گەشتی زانستی و جەنگاوەرانەش، کەشتییەکان هەم جەنگاوەری بەهێز و هەم پیاوانی زانایان لەسەر بوو. ئەم قۆناغە، یان ئەم ژێرخانە یەکەمینە لە خۆرهەڵات زۆر کورت و خورافی و بێبایەخ بوو. پامۆک لە ڕۆمانی «قەڵای سپی» دا  بە جۆرێکی سەرەنج ڕاکێش جیاوازی ئەو دوو پەیوەندییە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا وێنادەکات. هەوڵی خۆرهەڵات بۆ لاساییکردنەوەی خۆرئاوا، بۆ پەیوەندی بەستن لە نێوان تەکنیکی نوێ‌و جەنگدا بەجۆرێکی کۆمیدی بەر دیواری خورافەت و نەبوونی ژێرخانی عەقڵی زانستی دەکەوێت. دواتریش کە مۆدێرنە دێت، خۆی چەکەکانی خۆی بە دیاری بۆ هەموو نەتەوەو دەوڵەت و هێزەکان دەهێنێت، بێئەوەی قۆناغی «ماشێنداری» لە دوای مۆدێرنەوە کارێکی بە هیچ ژێرخانێکی مەعریفییەوە بێت. قۆناغی «ماشێنداریی» لە خۆرهەڵاتدا، بەهیچ شۆڕشێکی پیشەسازی و تەکنیکی و مەعریفیدا تێناپەڕێت، مۆدێرنە پەکخستنی ئەو پەیوەندییە پێویستەیە کە دەبوو لە نێوان «کۆمەڵگای ماشێندار» و «کۆمەڵگای تەکنیکدار» دا دروستبێت. مۆدێرنە لەسەرەتای هاتنییەوە لەسەدەی نۆزدەدا بۆ خۆرهەڵات وادەکات، مەعریفەت لەخۆرهەڵاتدا وەک لکێکی پاشکۆی دەوڵەت دەربکەوێت و هەموو بنەمایەکی ئۆرگانی و گرنگی خۆی لە دەست بدات.
• شا کایەیەک مەعریفەو دەسەڵات لە خۆرئاوادا پێکەوە گرێدەدات ئابوورییە. گەشەی کەپیتالیزم لە هەموو چرکەیەکدا پێویستی بە نوێکردنەوە و داڕشتنەوە و ئاڕاستەکردنەوە پەیوەندی دەسەڵات و مەعریفە هەیە. ئامێری گەورەی کەپیتالیزم لە خۆرئاوادا لەسەر ئەو پەیوەندییە دروستبووە، کەپیتالیزم چەندە لە هەناوی کەڵەکەبوونی سەرمایە و جیاکاری لە نێوان کار و سەرمایەدا پێڕەوکەبووە، هێندە لە هەناوی پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵاتەوە هاتۆتە دەرێ. تەکنیک هیچ نییە جگە لە برسێتی هاوبەشی مەعریفە و کەپیتالیزم، هەم بۆ قازانج و هەم بۆ زانین و دۆزینەوە و داهێنان. دۆزینەوە و داهێنان و دەستکاریکردن کە لە هەناوی پڕۆژەی مەعریفیدان، لە جەوهەری خواستەکانی کەپیتالیزمیشدان. وەک ژیژیک دەڵێت کەپیتالیزم دەردەئاماژەی ئەو ئارەزووەیە کە هیچ کات ناگاتە کۆتایی، ئەم ئارەزووەش چەندە ئارەزووی بازاڕێکی چاوبرسییە، بە هەمان پلەش ئارەزووی مەعریفەتێکە کە سنوور و کۆتایی بۆ نییە. مەعریفە و دەسەڵات لە خۆرئاوادا هەردووکیان بە ئاڕاستەی ناکۆتا کاردەکەن. لەناو گینگڵ و مۆتەکەی گەڕانەوەی بەردەوامی ڕیاڵی لاکاندا دەژین بۆ سەنتەر. بەڵام مەعریفە و دەسەڵات لە خۆرهەڵاتدا، لەسەر ژێرخانی پەیوەندی زانکۆ بە کارخانەوە، داهێنان بە بەرهەمهێنانەوە، پشکنین بە فرۆشتنەوە دانەمەزراوە، لەبەرئەوەی خۆرهەڵات خۆی بازاڕی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو بازاڕی فرۆشتنە. کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی جۆرە کەپیتالیزمێکی دابڕاوە لە تەکنیک و دۆزینەوە. کەپیتالیزمی پیشەسازی نییە، کەپیتالیزمی گۆڕینی مرۆڤ نییە بۆ کرێکار. بەڵکو بە رەوتێک و مێژوویەکی جیاوازدا لە کەپیتالیزمی خۆرئاوایی گەورەبووە. کەڵەکەبوونی سەرمایە و سروشتی بە گەرکەوتن و سوڕانی سەرمایە بە میکانیزمگەلێکی دی دەچەرخێن. ئەوە وایکردوە کایەی ئابووری لە خۆرهەڵات، پێویستی بە دامەزراندنی هیچ ژێرخانێکی مەعریفی نەبێت بۆ برەودان و گەشەدان، بە پێچەوانەوە جگە لە کۆمەڵێک فەرمانبەر و پسپۆڕی دەوڵەتی، ئەم سەرمایەیە لەسەر نەفامکردنی تەواوەتی بەشی هەرە زۆری چینە کۆمەڵایەتییەکان دەژی، لەوانە خودی چینی کەپیتالیستیش. لە ئێستا دا گلۆبالیزەبوونی کەپیتالیزم کارێکیکردوە، مەعریفەت لە جێگایەک بێت و دەستی کار لە جێگایەکی تر، بەڵام بازاڕ و کڕیاریش لە شوێنێک و کونجێکی دیکەی دونیا. ئەم لێکترازانە وادەکات کەپیتالیزم لە هەموو جیهاندا ئیشبکات و بازاڕدار بێت، بێئەوەی پێویستی بەوە بێت سەنتەرە گەورەکانی خۆی و میکانیزمە پێویستەکانی گەشە ببەخشێت بە دەرەوەی خۆرئاوا، هەموو کەس لە سیستمی گلۆبالیزمدا دەتوانێت خاوەنی مەعریفەت بێت، بەڵام گرێدانەوەی ئەم مەعریفەتە بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و کاڵاسازییەوە تەنیا لە دەسەڵاتی هەندێک هێزی بچوکی جیهانیدایە. مەعریفەیەک کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بژی، جۆرە مەعریفەیەکی ئۆرگانیک نییە پابەند بێت بە ئەکتیڤکردنی کایە زانستییەکانی وەک فیزیک و ئینفۆرماتیک و کیمیا و بایۆلۆژیا وە، کەپیتالیستەکانی دەرەوەی خۆرئاوا گەر شتێک بەرهەمبهێنن سوود لە زانست و زانکۆ ناوخۆییەکان نابینن، بەڵکو سوود لە پسپۆرەکان دەبینن کە کەپیتالیزمی خۆرئاوایی بە نرخی خەیاڵی دەیانفرۆشێتە دەرەوە. ئەوەی لە نێوان سەنتەر و پەراوێزەکانی کەپیتالیزمی جیهانیدا دەسوڕێتەوە و ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت زانستەکان نین، بەڵکو کاڵاکانن و هیحی تر، لەوانە خودی عەقڵی مرۆڤیش یەکێکە لە کاڵا گەورەکان. 
• ئەم بۆچوونانەی سەرەوە بەو مانایە نییە کە دەسەڵات لە خۆرهەڵات هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە مەعریفەتەوە نییە. بەڵکو بەو مانایەیە کە سروشتی پەیوەندی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا جیاوازە.  شتێک لە خۆرهەڵات پێیدەڵێین مەعریفەت، هەمان ئەو کایەبەندی و لق و دابەشبوونە وردانە نییە کە لە خۆرئاوا هەیە. واتە ئەوەی لە خۆرهەڵات غائیبە، مەسەلەی مەعریفەی زانستییە، ئەو مەعریفانەی ژێرخانێکی عەقڵیان هەیە و لە مەعریفەی دینی ترازاون. 
• لە خۆرهەڵات دەبێت سێ جۆر لە مەعریفەت لە یەکتر جیابکەینەوە، مەعریفەیەک کە هەیە و وەک ترادسیۆن و نۆرمی لێهاتووە ـ مەعریفەی دینی، لەگەڵ مەعریفەتێکی خۆرئاوایی کە مەسرەفدەکرێت، مەعریفەیەک لەدەرەوە دێت و لە ئیدارە و زانکۆ و شوێنە گرنگەکاندا بۆ بەکارهێنانی راستەوخۆ پێویستە، مەعریفەتێکە دەوڵەتی پێدەبرێت ڕێوە ـ مەعریفەی مۆدێرن ـ. بەرامبەر بە شێوەیەکی سێهەمی مەعریفەت، مەعریفەتێک دەبێت لێرە بەرهەمبێت و ئیشی بەرهەمهێنانی گووتارەکانە بۆ دونیای ئێمە، زادەی تێفکرینی رەخنەگرانەی لۆکاڵ و ناوخۆیە. ئەمجۆرە لە مەعریفەی سێهەم،  مەعریفەی دینی و ترادسیۆنی دووبارەناکاتەوە، ئیشیشی تەنیا مەسرەفکردنی زانستە ئامادەکانی خۆرئاوا نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا لەسەر مانایەکی تازە بۆ مەعریفەت ئیشدەکات. ئەمجۆرە مەعریفەیە بەپێچەوانەوەو تەواو دژ بە مەعریفەی مۆدێرن، ناودەنێم مەعریفەی تازەگەر یان مەعریفەی رادیکال. مەعریفەیەک لەو ڕۆحە پراکتیکی و پراگماتییەی مەعریفەی مۆدێرن دووردەکەوێتەوە بۆ داڕشتنی بنەمایەکی فیکری و تیۆریی بۆ خوێندنەوەی دونیا و ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەرونی لە ڕوانگەیەکەوە ناچێتە ناو قاڵبە ئامادەکان و ڕوانگە دووبارەکان، ئەم بەشە لە مەعریفەت وەک ئەدۆنیس دەڵێت لە «پەیمانێکی نهێنی» دا لەگەڵ ئەو ڕۆحە یۆنیفرسال و شۆڕشگێر و رەخنەگرەی ناو عەقڵی ئەوروپیدا ئیشدەکات کە دوو سەدەیە لە جەنگێکی رادیکالدایە دژ بە تۆتالیتاریزم و لیبرالیزم.
• لە خۆرهەڵات پەیوەندی دەسەڵات بە مەعریفەی دینی و هەندێک بەشی مەعریفەی خۆرئاواییەوە کە تەنیا سروشتێکی ئیجرایی و پراگماتی و پۆزەتیڤیستیان هەیە نە پچڕاوە، بەڵام پەیوەندی نێوان مەعریفەی تازەگەر یان رادیکال، لەگەڵ دەسەڵاتدا غائیبە. جەوهەری دەسەڵات لە خۆرهەڵاتدا ئەوەیە واقع بشارێتەوە، واقع هەم بە مانا مارکسییەکەی، هەم بە مانا لاکانییەکەی، واتە ئەو بەشە لە دونیا کە هۆشمەندی درۆزن لای مارکس ونیدەکات یان ئەو سیستمە ڕەمزییەی کەلێنی قووڵی ناو ڕوانینمان لای لاکان دەشارێتەوە. 
• ئەو گووتارانەی دەسەڵاتەکانی خۆرهەڵات لە رێگایەوە لە مرۆڤ وەک کەرەستەیەکی فیداکاریی دەڕوانن، قووڵ لە ناو ڕوانینی دینیدان، زۆرینەی تێڕوانینەکان بۆ مرۆڤ،  خۆشەویستی، وەفا، خیانەت، نیشتیمان پەروەری، سەرۆک، هێز، پاشەڕۆژ ... هتد. کە زاراوە سەنتراڵ و گرنگەکانی دونیای قودرەتن، لە مەعریفەی دینی و کلاسیکییەوە دێن. بۆ پشکنینی سروشتی ئەو گووتارانەی  لە بنەوەڕا فۆرمی دەسەڵاتی لەسەر بەندە، بە پلەی یەک دەبێت پەیوەندی ئەم دەسەڵاتانە بە مەعریفەی کلاسیکی و دینییەوە بپشکنین.  بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بزانین کە دەسەڵات تەنیا لە ڕووی ئایدۆلۆژی، یان لە ئاستی «نەستی مەعریفی»دا ریشە دینییەکانی کارایە، مەعریفەی دینی لەوە لاوازترە چیتر بە تەنیا حوکمڕانییەکی بەهێز دابڕێژێت، یان سیستمێکی ناوەکی پتەو ڕابگرێت. زۆرینەی دەسەڵاتە خۆرهەڵاتییەکان، وەک دەسەڵاتێکی ئیجرایی، دەسەڵاتی مۆدێرنن. واتە پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات لە خۆرهەڵاتدا، جۆرە سەنتێزێکە کە تێیدا سروشتی ئایدۆلۆژیکی مەعریفەی دینی بە مەعریفەی پراگماتیکی و پراکتیکی خۆرئاوایی تێکەڵ دەبێت. 
• زانستە خۆرئاواییەکانی وەک «پزیشکی، دادوەری، زانستە عەسکەرییەکان، زانستەکانی ئیدارە، کۆلیژەکانی پۆلیس، پیشەسازییە عەسکەرییەکان... هتد» لەم دەوڵەتانەدا بەجۆرێکی بەربڵاو چالاک دەبن. ئەم زانستانە سەرتاپا دەچنە خزمەت دامەزراندنی هەیکەلییەتی دەوڵەتەوە، ئەو دابڕانە فاشیستییە قووڵدەکەنەوە کە لە نێوان دەوڵەت و دەرە دەوڵەتدا هەیە. کۆی زانستە ئیجراییەکان، ئیدی لە زانستە ئیدارییەکانەوە تا زانستە پزیشکییەکان تا دەگاتە سیستمە گەورە و زەبەلاحەکانی پیشەسازی عەسکەری کە لە عێراق و ئێراندا دەگەنە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەتۆمی، پەیوەندییەکیان بە گەشەی توانای زانستی و مەعریفی ناو خودی کۆمەڵگاوە نییە. بەڵکو ئەو زانستانەن کە دەسەڵاتی دەوڵەتی خۆرهەڵاتی مۆدێرن بەرامبەر کۆمەڵگا بەهێزدەکەن. پێکرا کەرەستەی پراکتیکی و ئامێری بە گەڕخستنی دەزگا ئۆرگانییەکانی کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ و کۆمەڵگان. 
• گرنگی ئەم زانستانە بۆ دەوڵەت لەوەوە نایەت وەک خۆرئاوا هاوشانی هەمان بنەما و ژێرخانی عەقڵی و فەلسەفی بن کە خودی زانستەکان لە چوارچێوەی فیکری غەربیدا لەسەری ڕادەوەستن، بەڵکو تەنیا لە دیوە پراکتیکی و رەهەندە ئیجراییەکەیاندایە. کەرەستەی ڕێکخستنی ئیدارەکان و هێزە ئۆرگانیزەکراوەکانی دەسەڵاتن بەرامبەر دەرەوەی خۆی. لێرەوە مەعریفەی خۆرئاوایی لە زانکۆکان و ئیدارەکاندا، هێندەی ئامڕاز و کەرەستەی سیاسی دەسەڵاتن، بەشێک نین لە سیستمی بەرهەمهێنانی زانست و خودبینین و خوێندنەوەی کۆمەڵگا بۆ خۆی. مەعریفەی بەکارهێنانن، نەوەک مەعریفەی تێڕامان، مەعریفەی ئیش پێکردنن نەوەک مەعریفەی بیرکردنەوە. لێرەوە پەیوەندی ئەم زانستانە بە کۆمەڵگاوە لە نزمترین ئاستدایە، وەزیفەشیان تەنیا دروستکردنی کادێر و پسپۆڕە بۆ دەزگا ئیدارییەکان. لێرەوە زۆر ئەستەمە لە پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات بەتەواوی تێبگەین، گەر تەواو لەو دوو جیاکارییە قووڵە  تێنەگەین کە بەسەرێک لە نێوان «دەوڵەت / دەرە دەوڵەت» دا هەیە، لەگەڵ ئەو جیاوازییەی لەگەڵ «مەعریفەی ئیجرایی/ مەعریفەی تازەگەر یان رادیکال»دا هەیە.
• مەعریفەی رادیکاڵ ئەو جۆرە تێگەیشتن و تەفسیرو تیۆرەو بۆچوونانەیە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی کۆنترۆڵ و بەکارهێنانی پراگماتیکی بۆ دەسەڵات، هەمیشە لە خۆ دزینەوە و خۆراپسکانێکی بەردەوامدایە لەوەی بخرێتە چوارچێوەی وەستا و قاڵب و ماترێکسی نەگۆرەوە، ئەو جۆرە مەعریفەیە لەسەر دیوە نادیار و دەرنەکەوتوو و شاردراوەکانی سیستم ئیشدەکات، دەبێت بە بەشێک لەو هوشیارییەی کە کۆمەڵگا و مرۆڤەکان بۆ تێگەیشتنی خۆیان پێویستیان پێیەتی، نەوەک بە بەشێک لەو مەعریفە پراکتیکی و پۆزەتیفیستەی حیزبەکان و دەوڵەتەکان و دەزگاکان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەهێزبوون و ئاراستەکردن، پێویستیان پێیەتی. ئەم مەعریفەیە ئەگەر ڕیشەی ئەکادیمیشی هەبێت، بەڵام لە ناو ئەکادیمییەکان خۆیدا گەورە نابێت و لەوێشدا پراکتیک ناکرێتەوە. مەعریفەی رادیکال هەمیشە بریتییە لە نوێنەری ئەو دیوەی دونیا کە سیستم بە ئاسان بۆی ناخرێتە چوارچێوەی رەمزییەوە. مەعریفەتێکە پتر دابڕانی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا بەرجەستەدەکاتەوە، نەوەک ببێتە نوێنەری هەیمەنەی دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگادا. ئەو خاڵەیە کە ئاماژەیەکی هەمیشەییە بۆ دەرەوەی بیرکردنەوە باڵادەستەکان. مەعریفەی رادیکال لە جەوهەردا هەوڵێکە بۆ تێپەراندنی ئەو سنتێزەی مەعریفەی ترادسیۆنی و مۆدێرن پێکەوە بۆ بەڕێوەبردنی سیستم دروستیدەکەن. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن