بڕیارى کۆتایى بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەرچوو
08:15 - 10/04/2025
زەمەن - کوردستانى
لە چەند رۆژى رابردوودا، هێمن میرانى بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان مەرجى توندوتۆڵییان تێدانییە و بەکەڵکى ئەوە نایەن ژمارەیان پێبدرێت، باشترین چارەسەر بۆیان پارچە پارچەکردنیانە و فرۆشتنیانە بەشێوەى پارچەى یەدەگ.
زەمەن زانیویەتى، وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە هاتووچۆى ئەو ئۆتۆمبێلانە لەنێوان شارەکان سنووردار بکات، بەهیچ شێوەیەک رێگەیان پێنادرێت ئەو ئۆتۆمبێلانە بچنە سنوورى هەولێر، لە سنوورى سلێمانیش هاتووچۆیان لەنێوان شار و شارۆچکەکان سنووردار دەکرێت و کڕین و فرۆشتن پێیانەوە قەدەغە دەکرێت.
هەروەها بڕیار دراوە، بەهیچ شێوەیەک ژمارە نەدرێت بەو ئۆتۆمبێلانە، ئەو لیژنەیەش کە بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان پێکیهێنابوو هەڵوەشێنراوەتەوە و بڕیارى وەزارەتى ناوخۆ وەکو خۆى جێبەجێ دەکرێت.