کتێب لە جەنگی بەرگریدا لە خۆی
4/13/2025 12:38:00 PM
بەختیار عەلی
یەکێک لە پرسیارە گەورەکانی ئەم سەردەمەی ئێستامان ئەوەیە: ئایا دەتوانین بێئەوەی پەیوەندییەکی قووڵ و ڕاستەقینەمان بە دونیای کتێبەوە هەبێت ڕۆشنبیر بین؟ گومان لەوەدا نییە، لە هیچ سەردەمێکدا وەک ئێستا مرۆڤ ئەلتەرناتیڤی بۆ کتێب دروست نەکردوە. لایەنیکەم لە ئێستادا هەندێک گرفتی ترسناک و گەورە ڕووبەڕووی دونیای کتێب دەبێتەوە، کە هەوڵدەدەم بە جۆرێکی زۆر کورت لە سێ خاڵدا چڕیانبکەمەوە.
یەکەم: بەرفراوانبوونی ترسناک و بەهێزبوونی لە ئەندازە بەدەری سەکۆ جیاوازەکانی سۆسیال میدیا، یەکێکە لە باوترین بابەتەکان و ناسراوترین هەڕەشە ڕاستەوخۆکان بۆ سەر جیهانی کتێب. بە گشتی من کێشەکە لە بڵاوبوونەوەی خودی تۆڕەکانی پەیوەندیدا نابینم، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە، سۆسیال میدیا جۆرە ڕۆشنبیرییەکی ڕووکەشکار، بێقووڵایی بەرهەمدەهێنێت، کە وەک هێڵێکی تەریب بە ڕۆشنبیریی ڕاستەقینەی ناو کتێب و دژ بەو ڕۆشنبیرییە کاردەکات. سۆسیال میدیا خۆی بەرهەمهێنی جۆرە ڕۆشنبیرێکە، بە ناوەڕۆک و چۆنایەتی جودایە لەگەڵ ڕۆشنبیری بەرهەمهێن بۆ کتێبدا. لە بیست ساڵی ڕابوردوودا سەکۆکانی وەک یوتوب و فەیسبوک و چەندانی تر، هەر تەنیا سروشتێکی تایبەتی و سەتحییان بەسەر گووتارە ڕۆشنبیرییەکاندا نەسەپاندووە، بەڵکو عەقڵییەتێکی تایبەتیشیان بەرهەمهێناوە کە سروشتی ڕوانین و داڕشتنی نوسەرەکانی گەلێک جودایە لە سروشت و ڕوانینی کەسانێک کتێب کەرەستەی پەیوەندییانە بە جیهانەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ مەنتالیتەیتی "کتێبنوس" لەگەڵ مەنتالیتەیتی ئەوانەدا کە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنوسن لە یەک دووردەکەوێتەوە. کێشەکە هەر ئەوە نییە سۆسیال میدیا پێویستی بە پەرچەکرداری خێرا و تێکستی کورت و زمانی ڕوون هەیە، بەڵکو کێشەکە لەوێدایە نوسەران بەرەنگاری هێزێکی نادیار دەبنەوە کە هێزی بەرپاکردنی جەنگی زانستی نییە. فەزای سۆسیال میدیا فەزای جەنگی دینی و ئەخلاقی و سیاسییە، نەوەک فەزای دیالۆگی زانستی، لەوێدا حوکمە پێشوەختەکان باڵادەستن، نەوەک تێڕوانین و دیدی ڕەخنەگرانە. لەم فەزایەدا نوسەران ناچارن لە عەقڵی کتێب نوسین و قووڵبوونەوەی فیکرییەوە دابەزن بۆ ناو پێکدادانی ئەخلاقی و دینی لەگەڵ کەسانێکی نامۆدا بە فیکر و داهێنان. نیگا و میتۆدی "کتێبنوس" لە سنووری «سەرەنج» «کۆمێنت» «پەرچەکردار» «هەڵوێست» «تێبینی» دا نامێنێتەوە، داهێنان و زانست هەردووکیان زۆر دوورتر و قووڵتر لەوانە دەڕۆن. ئەو کەسانەی سۆسیال میدیا تاکە سەرچاوەی فێربوونیانە، زۆرجار دیدێکی کورتبڕ و خێڕا و ڕووکەشگیریان هەیە، بەڵام هێزی ئەوەیان هەیە یاساکانی خۆیان بۆ دیالۆگ بەسەر هەموو ئەوانەدا بسەپێنن کە دێنە ئەو مەیدانە، بە جۆرێک لەوێدا ئەرگومێنتسازیی عەوامگەرا دەستی باڵای دەبێت و دەخوێنرێتەوە و قەبووڵدەکرێت، نەوەک ئەرگومێنتی زانستی کە لەو ڕووبەرە نامۆ و بەرتەسک و بێ گوێگرانەدا شانسی دەرکەوتن و سەرکەوتنی زۆر بچوکە. ئەوەی هەندێک لە نوسەران بە ئاگا یاخود بێئاگا تێزەکانی خۆیان فڕێدەدەنە ئەو جەنگەڵەوە، لە مەودای دووردا زیانێکی ترسناک بە وێنەی ڕۆشنبیران دەگەێنێت. زاڵبوونی دیدی سۆسیال میدیایی بەسەر ڕۆشنبیراندا، بە لاوازبوونی ڕوانگەی "کتێبنوس" بۆ دونیا دوایی دێت. مەترسی هەرە گەورەش لەوەدایە ئەو تەپۆتۆزەی بەردەوام لە سۆسیال میدیاوە هەڵدەستێت، دونیای کتێب دەکات بە ژێرەوە، سەرنج لە کتێبەکان و ناوەڕۆکیانەوە دەگوازێتەوە بۆ هەندێک ڕۆڵی لاوەکی نوسەر کە زۆرجار پەیوەندی بە جەوهەری کار و تێڕوانینیانەوە نییە.
بەوەدا ئێستا ژیانێکی فیکری و سیاسی پەیدابووە کە گۆڕەپانەکەی ناو سۆسیال میدیایە نەوەک کتێب، ئەوە خەیاڵ و وەژارەی ئەوەی سەوزکردوە کە نوقمبوون لەو تەپوتۆزەدا، نوقمبوونیشە لە فیکردا. زۆر لە نوسەران ئەوە دەکەنە بەهانە، گوایە سۆسیال میدیا زەمینەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان نوسەر و خوێنەردا دروستدەکات، بەڵام ئەوەی سەرنجبدات دەبینیت ئەمە پەیوەندییەکی وەهمییە و ئەوەندەی پێداویستییە سایکۆلۆژییەکانی نوسەر و خوێنەر تێردەکات، عەقڵ و دید و تێڕوانین دەوڵەمەند ناکات. ئەوەی لەبەرامبەر ئەو شەپۆلە دڕندەیەدا دەبێت پێداگری لێ بکەین ئەوەیە: هەرگیز سەکۆکانی سۆسیال میدیا ناتوانن جێگرەوەی کتێب بن. فیکر و داهێنانی قووڵ لە یەک جێگادا دەژی «ناو کتێب»، قووڵایی کتێبیش ئەو جێگایەیە نیمچە خوێندەوار و ئەوانەی تەنیا خۆیان بە فیکر و بیرکردنەوەدا هەڵواسیوە نایگەنێ. بوونی نوسەر یان خوێنەر لە ناو سۆسیال میدیادا، بەبێ بوونی لە ناو کتێبدا، بوونە لە شوێنێکدا بە دەگمەن فیکر و داهێنان بتوانن هەناسەی قووڵی تیا هەڵبکێشن. ئەزموونی بیست ساڵی ڕابوردوو لەگەڵ سۆسیال میدیادا پێمان دەڵێت کتێب تاکە سەرچاوەی ڕۆشنبیری و فیکرە، سۆسیال میدیا زۆرجار تەنیا ساڵۆنێکی مکیاژکردنی ڕۆژانەی ئیگۆیە و هیچی تر. سەوزکردنی ئەو خەیاڵ و وەژارەیەی دەتوانیت بەبێ کتێب و لە ڕێگای سۆسیال میدیاوە نوسەرێک، کتێبێک، فەلسەفەیەک، تێزێک...هتد بناسیت، خۆفریودانێکی گەورەیە کە نیمچە خوێندەوارەکان بەرەو نەزانینی زۆرتر و زۆرتر دەبات. مەیدانی ڕاستەقینەی فیکر و دیالۆگی قووڵ ناو کتێبەکانە، هەرگیزیش ناپەڕێتەوە بۆ ناو پۆستی تێپەڕ و لابەلایی سەر سەکۆ جیاوازەکانی ئینتەرنێت.
2. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، جەهل بە جۆرێکی سیستماتیک بەرهەمدەهێنرێت. جەهل چیتر نەخوێندەواری و بێئاگایی نییە، ئەوەی کەسانێکی هەژار بە هەر هۆیەک بێت، دەستیان بە خوێندندا نەگەیشتووە، ئەوانە لە کەم زیانترین جۆری نەخوێندەوارەکانی ئەم سەردەمەن. نەخوێندەوارە ترسناکەکانی ئەم سەردەمە زۆر باش دەتوانن بخوێننەوە و بنوسن، لە ناو دەوڵەت و زانکۆ و میدیاکاندا باڵاترین پلە و پۆست وەردەگرن. نەزانین، دواکەوتوویی، بەرگری لە نەرێتی کۆنەپەرستانە، بە پێچەوانەی هەموو سەردەمەکانی ترەوە، لەم سەردەمەی ئێمەدا ئاسان توانیویانە ببنە هێزێکی ڕێکخراو و پەلاماردەر و تێکشکێنەر. ئەم هێزە لە هەموو کونج و گۆشەیەکی خۆرهەڵاتدا کار لەسەر داڕشتنی یاساکان دەکات، نەرێت و نۆرمی دواکەوتوو دەسەپێنێت، شێوازە جیاوازەکانی ژیان بۆ یەک بەرگ و بۆ یەک ڕەنگ کورتدەکاتەوە. ئەم شێوازە لە جەهلی مۆدێرن، لەشکرێک فەرمانبەری لە دەوڵەت و میدیا و زانکۆکاندا هەیە و سروشتێکی یاسایی و دەزگاییان بە نەزانین بەخشیوە. ئیشی ئەم جۆرە جەهلە ئەوە نییە، نەهێڵێت بخوێنین یان ببین بە هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ، بەڵکو کاری لە قاڵبدانی عەقڵی زانستی و سنووردانانە بۆ داهێنان و بیرکردنەوە، بە جۆرێک سنووری تێڕوانینەکان لە بەرهەمهێنانەوە یان سەر لە نوێ ڕیزبەندکردن و پۆڵینکردنەوەی زانیارییە زانراوەکان تێنەپەڕێت. لای ئەوان فیکر دەستکاریی بیروڕاکان نییە، گۆڕینی تێڕوانینەکان و گۆشە نیگاکان نییە، بەڵکو پاراستنی ئەو چوارچێوە دانراوانەی دید و دونیابینییە کە هەمان دۆخی ئێستا و هەمان سیستمی بیروڕای چەقیو و بنجبەستوو بەرهەمدەهێننەوە.
مەترسی ئەم هێزە بۆ سەر کتێب لەوەدایە، هێزێکی ئێجگار گەورەیە، چەند بەشێکی گرنگی کۆمەڵگا دەخاتە سەر ئەو کەڵکەڵەیەی بەسەر بیروڕا و بۆچوونە مردووەکانی خۆیاندا بخەون و ترسیان لە هەر بایەکی مەعریفی و فیکری هەبێت کە بە ناو ژیان و کایەکاندا هەڵبکات. لێرەوە بە لێشاو "کتێبی دژە کتێب" بەرهەم دەهێنێت، هەموو هەوڵیشی ئەوەیە جیاوازیی لە نێوان کتێبی گرنگ و کتێبی لاوەکی و ناگرنگدا ونببێت. بۆ نمونە، ئەم عەقڵییەتە پتر تێکستی فێربوون و ئامۆژگاریی بەرهەمدەهێنێت نەوەک کتێبی داهێنەرانە، ئەوەندەی ئەو کتێبانە دەخاتە بازاڕەوە کە هەمان جیهانبینی و گۆشەنیگا تەقلیدییەکان دووبارەدەکەنەوە، ئەو تێکست و کتێبانە بە هەند ناگرێت کە تێڕوانین و جیهانبینیمان دەستکاری دەکەن. کتێبی ڕاستەقینە هەمیشە گوزارشتە لە خواستی عەقڵی تاک بۆ سەلماندنی تاکبوونەوەی خۆی، بۆ دەرخستنی هێزی خۆی لەسەر دەربازبوون لە نۆرمە گشتییەکان، کەرەستەی یاخیبوونی عەقڵی تاکە دژ بە بەها باو و تێڕوانینە گشتی و نەگۆڕەکان، مانیفێستی گەشتی ئەو عەقڵەیە لە سەر زەمینی دۆزینەوە و داهێناندا. کتێب کەرەستەیەکە دەیسەلمێنێت، عەقڵ و خەیاڵ هیچ قاڵبێک قەبووڵ ناکەن، هەر کتێبێک خاڵی بێت لەو مۆرە و لەو نیشانەیە لە هەر بوار و کایەیەکدا بێت، دەشێت لە شێوەدا کتێب بێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دژە کتێبە. هەتا لە زانستە سروشتییەکاندا، کە لەوێدا ڕەچاوکردنی یاسا و سەلماندن و فۆرمە نەگۆڕەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە فێربوون و ئیشکردن و بەرهەمهێناندا دەبینن، داهێنانی ڕاستەقینە لەو ساتەدا دەدرەوشێتەوە، کاتێک زاناکان دەچنە جێگایەکەوە، لەوێدا یاسا زانراوەکان ناتوانن دیاردەکان ڕوونبکەنەوە و ئیدی لەوێوە هەرێمی نوێ و یاسای نوێ سەرهەڵدەدەن.
مەترسی ئەم جۆرە لە نەزانین ئەوەیە، دونیا پڕدەکات لە کتێبی پەراوێزیی و دووبارەگۆ، لەو کتێبانەی ئاسۆی ڕوانین تەسکدەکەنەوە نەوەک گەورە و فراوانیبکەن. ئەم لێشاوە وادەکات خوێنەرانێکی زۆر دروستببن، نەوەک هەر کتێبی گرنگ و ناگرنگ لە یەکدی جیانەکەنەوە، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە ڕوو لەو جۆرە کتێبانە دەکەن کە بیروڕا چەسپیوەکانی خۆیان بۆ دەچەسپێنێتەوە و پێیان دەڵێت «بەسەر بیروڕاکانتاندا بخەون و تکایە گومان لە هیچ مەکەن».
سێهەم: یەکێکی دی لە مەترسییە گەورەکان بۆ سەر کتێب لە ناو خودی گەشەی زانستەکانەوە دێت. زانستەکان تا دێت وردتر وردتر دەبنەوە، بە جۆرێک سنووری نوسین و بایەخدانیان لە ڕووبەری هێند بچوکدا گیردەخوات، تەنیا سەرنجی ژمارەیەکی زۆر کەم لە پسپۆڕان ڕادەکێشێت. ئەم وردبوونەوانە زۆرجار خاڵیین لە ڕوانینێکی پانۆرامی بۆ زانست و جیهان، لە دوا دەرەنجامیشدا جۆرێک لە کتێب بەرهەمدەهێنن، تەنیا بۆ ئیلیتێکی زۆر بچوک و تایبەت لە پسپۆڕان نوسراون. ئەم جۆرە کتێبانە دەشێت لە ئاستی میکرۆسکۆبی کایە و زانستەکاندا بایەخدار و گرنگ بن، بەڵام بە دیوێکی تردا ترس و کەنارەگیری لای هەندێک خوێنەر دروستدەکەن و لە جیهانی خوێندنەوە دووریاندەخەنەوە. چارەی ڕاستەقینە ئەوە نییە زانستەکان خۆیان لە پسپۆڕی و وردبوونەوە بپارێزن، بە پێچەوانەوە چارەکە ئەوەیە پشکنینی بەشە وردەکاندا هەمیشە هاوشان بێت بە پاراستنی نیگایەکی فەلسەفی و کۆگیر بۆ دیاردەکان. کتێبی ڕاستەقینە تەنیا نوقمی نێو کێشە وردەکانمان ناکات، بەڵکو وادەکات دوای هەموو زانیارییەک سەر بڵندبکەینەوە و شتەکان بە جۆرێکی دی ببینین.
کتێب لەم سەردەمەماندا لە بەردەم گەلێک دژەبای بەهێزدایە، بەڵام ئەو دیدەی کتێب تەنیا شێوازی بڵاوکردنەوەی زانین و پاراستن و گەشەپێدانێتی، ڕاستییەکە لەم سەدەیەشدا وەک هەموو سەدەکانی دی، جێگیر و نەگۆڕ و بێ ئەلتەرناتیڤە. یەک ڕاستی گەورەش هەیە، دەبێت هەمیشە لە بەرچاومان بێت، لە هەر شوێنێکدا کتێبی داهێنەرانە و سنووربڕ لە مەترسیدا بێت، لەوێدا مرۆڤ و پاشەڕۆژیش لە مەترسیدان