1178 کوردستان

بەرپرسێك زانیاری نوێ لەسەر نرخی کارەبا 24 کاتژمێرییەکە ئاشکرا دەکات

11:09 - 10/04/2025

زەمەن - هەرێمی كوردستان

کامیل قەزاز لەبارەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەوە دەڵێت؛ بەو شێوازە پێشنیار کراوە غەدر لە هاوڵاتییان دەکرێت و هیچ ماڵێک لە 180 هەزار دینار کەمتری بۆ نایەتەوە.

كامیل قەزاز، بریكاری پێشوی وەزارەتی كارەبای هەرێم لە بەرنامەی ڕۆژەڤی کەی ئێن ئێندا، چەند زانیارییەکی لەسەر کارەبا 24 کاتژمێرییەکە ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە  ئەگەر دەستکاری نرخەکەی نەکرێت، هاوڵاتییان توانای بەکارهێنانی کارەبایان نابێت، حکومەت دەیەوێت تەواوی پارەی تێچوی کارەبا هاوڵاتییان خۆیان بیدەن.

قەزاز ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەنجومەنی وەزیران نرخی كارەبای 24 كاتژمێری دادەنێت و هیچ پرسێکیان بە وەزارەتی پلاندانان نەکردوە لەم بابەتەدا، ئاماژەی بەوەشداوە؛ تێچوی بەرهەمهێنانی هەر كیلۆ واتێك 156 دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت، ویستی حکومەت وایە تەواوی پارەکە هاوڵاتییان خۆیان بیدەن، ئەم بڕەش زۆرە بۆ هاوڵاتییان.

لەبارەی بڕی بەکارهێنانەوەوە بۆ هەرماڵێک، بریکارەکەی پێشوی وەزاراتی کارەبا وتویەتی؛ هەرماڵێك لە هەرێم مانگانە 1000 بۆ 1200 وەحدەی كارەبا بەكاردەهێنێت، بەمەش لە كارەبا 24 كاتژمێرییەكەدا هیچ ماڵێك مانگانە لە 180 هەزار دینار كەمتری بۆ نایەتەوە..
دەشڵێت؛ بۆ دیاریکردنی نرخی هەر کیلۆ واتێک، لەسەر پیشنیازی وەزیری کارەبا بوە کە 156 دینار دیاریبکرێت, ناوبراو باسی لەوەشکرودە ئەو نرخە زۆر زۆرە  و پێشی وایە کەمدەکرێتەوە و بۆ هەر کیلۆ واتێک 40 دینار لەسەر هاوڵاتیان بکەویت، ئەگەر ئەوە بکرێت، ئەوا بۆ هاوڵاتییانیش بارگرانی نابێت و  نرخەکەی گونجاوە.

لەبارەی فرۆشتنی کارەباوە لەلایەن هەرێمەوە وتویەتی؛ لە ئێستادا حكومەتی هەرێم نزیكەی 1000مێگاوات كارەبا دەفرۆشرێت بە حكومەتی عێراقی، بەڵام پلانەک وایە لەدوای جێبەجێ كردنی كارەبا 24 كاتژمێرییەكە ئەو 1000 مێگاوات وەردەگیرێتەوە لە عێراق و پێیان نافرۆشرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن