سەرنجگەلێکی ڕەوتەنی لەبارەی پێڤاژۆی (پڕۆسە)ـی ئاشتییەوە لە تورکیا
3/1/2025 11:49:00 AM
فارس نەورۆڵی
کێشەی کورد لە
تورکیا برینێکە دووسەد ساڵ ڕۆچوەتە ناو ئایدۆلۆجیاوە یانی درێژخایەنە و دەبێ دیدی
ئایدیۆلۆجیای تورک بگۆڕدرێ، بۆیە بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕیووەو، هەندێک کات نکۆڵیکیردن
لەم نەتەوە کڵۆڵە هەتا ئەو ڕادەیە هەڵکشاوە کە ئەگەر کەسێک بە زوانی کوردی بدوابا، لەبری زیندان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرونییان دەکرد،
هەڵبەت ئەمە تەشقی (ئەوج) بێڕێزییە بە کەرامەت
و شکۆی مرۆڤ.
دەسەڵاتی تورک، هەرگیز ددانی بە بوونی
کورددا نەناوە، بەڵکو بە تورکی شاخی کوردی ناودێر کردووە. تراژیدیای کورد سەدان
شاکارە ڕۆمانی وەک داگیرکردنی تاریکی نووسەری دیاری کورد (بەختیار عەلی) دەوێت،
کورد لەباکور بە ئاسانی نەگەیشتووەتە ئەم قۆناغە، ئێستا کە دەتوانین بێژین پێڤاژۆی
چارەسەریی لەسەر ئاگرە و وردە وردە دەکوڵێت. پێدەچێ ئەم پەیامەی ئۆجەلان کوڵاندنەکە
خێراتربکات. ئێستا گۆڕانکاری ڕادیکاڵ لە ناوچەکەدا بەڕێوەیە. هیوادارم تورک پێڤاژۆی
ئاشتی بۆ سەرقاڵکردن و بەلاڕێدابردنی بەکارنەهێنێت.
ئێستا کورد دەتوانێ سود لە پرۆسەی ئاشتی وەربگرێت،
و باوەڕیشم وایە کورد تەنیا لە ئاشتیدا دەتوانێ دۆزەکەی بەرەو پێش ببات.
پێڤاژۆی ئاشتی لە
تورکیا تولانی دەبێت و پشوو درێژی دەوێ و، لە خۆڕاش ناڵێم تولانی دەبێت، ئاخر دەبێ
دەستووری تورکیا هەموار بکرێ، میدیا ئەو دیدە دوژمناکاریانەی تورک بەرامبەر کورد
بگۆڕێ و هتد، جەمی(کۆی) قسەکانم ئەوەیە پێڤاژۆی چارەسەر و سەرکەوتنی ئاشتی، لەم خاڵانەدا
خۆی دەبینێتەوە:-
١- فەراهەمکردنی ژینگەیەکی
لەبار و لواو بۆ بەرەو پێشەوە چوونی پێڤاژۆکە و گفتوگۆی کراوە لەناوپەرلەمانی تورکیا
لەسەر چارەسەری دۆزی کورد.
٢- گۆرین یان هەمواری
دەستوور کە لە ڕاژەی چارەسەریدا بێت.
٣- کارکردنی میدیا و ڕۆشنبیرانی کورد و تورک بۆ کاڵکردنەوە و سڕینەوەی ئەو
ئایدۆلۆجیا دوژمنکارانەی تورک و کورد بەرانبەر یەکتر هەیانە.
٤- دەکرێ پەکەکە چەکدانێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لە ژێر ناو و ناونیشانی
دیکەدا بەشداری لە پێڤاژۆی سیاسی لە تورکیادا بکات، هەڵبەت چەکدانانیش کاتی دەوێ،
بەڕای بەندە نزیکەی چەند ساڵێک دەخایەنێ.
٥- دەکرێ ئەو سەرکردانەی پەکەکە کە نایانەوێ بچنەوە تورکیا، بە گەرەنتی
بچنە وڵاتی سێهەم.
٦- باش وایە پەکەکە پەیامەکەی ئۆجەلان هەڵبگرێتەوە، چونکە دەرفەتی خەباتی
چەکداری بۆ گەلان نەماوە، باشترین ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی مافەکان، بەشداری و خەباتی
سیاسییە.
٧. پرۆسەی ئاشتی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا هەیە، بۆیە
هەم دەسەڵات و لەلایەک ئۆپۆزسیۆن گرەو لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکەن.
ئەوەی گرنگە پێشوازی
نێودەوڵەتی و عێراقی و کوردستانی لە پەیامەکەی ئۆجەلان ئەرێنی بوو، باچاوەڕێ بین
بزانین ئایندە چیمان پێ دەڵێ.