36وتار

بنکۆڵیەکی سەرپێی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پەیامەکەی ئۆجەلان لە ٢٧ی ٢ی ٢٠١٥

3/1/2025 11:41:00 AM
فازڵ کوردی


ئەو پرۆسە سیاسیە دەستی پێکرد لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەو کاتەی ‌حەماس پەلاماری ئیسرائیلی دا، تورکیا ژیرانە تر لە هەموو گەلەکانی ناوچەکە هەستیان بە لێکەوتەکانی ئەو پەلامارە کرد، زانیان چی ڕودەدا لە کاردانەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بەرامبەر هێرشی حەماس، لەبەر ئەوەی زانیاریەکان لەبەردەستن کە نزیکەی ٥٠ ساڵە بەبەردەوامی ئیسرائیل وئەمریکا هاوپەیمانی یەکترن لە خەباتی نهێنی و ئاشکرا و بازرگانی و پەیوەندی و مانوەڕی سەربازی. تورکەکان ئەو ڕاستیەیان لا ڕوون بوو کە ئیسرائیل و ئەمریکا دوانەیەکن لەیەکتر جیاناکرێنەوە، لەوانەیە (شل و پەیتیەک) بەدی دەکرێ لە نێوان دیموکراتەکان و کۆماریەکان بەڵام ئەو ستراتیجە لە هاوکاری یەکتری تۆکمەیە. لە هەمان کات تورک پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە لێکەوتەکان چی دەبن و چۆن بە هەردوولا وەڵامی هێرشەکەی حەماس دەدەنەوە و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ناوچەکە، وەڵام دانەوەکەش بە تەنها لە غەززە نابێ بەڵکو کاریگەریەکە ناوچەکە بەگشتی دەگرێتەوە بە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە و بەهێزکردن و پاڵپشتی ئەکتەرەکانی تر دەدەن کە عەرەب نین، کورد بەشێکن لە هاوکێشەی ناوچەکە کە ئیسرائیل و ئەمریکا پاش ئەو ڕوداوە بەهێزیان دەکەن.

یەکسەر تورکەکان هەستیان بەو مەترسیە کرد و کەوتنە جموجۆڵی سیاسی و جولەی خەباتی پەرلەمانی لە پەرلەمانی تورکیا بە ئامانجی ئەوەی کە ئۆجەلان ئەو پەیامەی دوێنێ ڕابگەێنێ! هەتا ئێرە و بەس، کاریان بە وردەکاری ناوەرۆکەکە نیە! ئەوەی گرنگە لای ئەوان بە کۆمەڵگەی نێودەولەتی و ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپی بڵێن هامووتان پەیامەکەی ئۆجەلانتان بیست، ئێمە لەگەڵ کورد بە هاوکاری دەم پارتی لەسەروبەندی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی ناوخۆیین و پەیوەندی بەهیچ لایەنێکی دەرەکی نیە.

تورکیا چاوەڕێی ئەوە نیە کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چ لایەک دەکەوێ، بەهیچ جۆرێک پەلەی نیە پەکەکە یەکسەر چەک دابنێ و پرۆسەکە بەخێرایی بڕوا، لاریان نیە لە بەستنی بەیت و بالۆرەی کۆنگرە! بەڵکو ئەوەی لای ئەوان گرنگە خاوکردنەوە و درێژکردنەوەی پرۆسەکەیە، لە هەموش گرنگتر بەدەستهێنانی ئامانجە ستراتیجیەکەی خۆیانن لە دەرهێنانی دۆسیەکە لە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل و فەرەنسا (زمان کورتیان بکەن) بەوەی کە کێشەکە کێشەیەکی ناوخۆییە لە نێوان ئوجەلان لە ئیمراڵی و ئەردوغان و باخچەلی.

من دژی شەڕم، پشتگیری لە خەباتی دیموکراتی دەکەم بەو مەرجەی ئەو وڵاتە دیموکرات بێ و باوەڕی بە پایەکانی دیموکراتی هەبێ! بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم پایە دیموکراتیە نیە کە خەباتی مەدەنی لەسەر بنیات بندرێ.

تورکیا نیمچە دیموکراتیەکی فەراهەم کردوە بۆ تورک، ئەگەر ئەو نیمچە دیموکراتیە بە ڕەوا بزانێ بۆ کورد و گەلانی تر لە تورکیا، دەکرێ سود لە پرۆسەکە وەربگیرێ و بخرێتە سەر ڕێچکە ڕاستەکە.
(ئاو بینە دەست بشۆ)

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن