108وتار

نامەکانی بەڕێز ئوجئالال چیان تێدایە؟

3/1/2025 11:28:00 AM
مەلا فەرمان محەمەد

کاتێ قسە لەسەر پرسی نەتەوەیەک دەکرێت، نەتەوەیەک زیاتر لە ١٠٠ ساڵە نکۆڵی لە بونی دەکرێت، لەم دەمەشدا خوێندن بە زمانەکەی قەدەغەیە، حیزبی نەتەوەی سەردەستیش پێیوایە لە تورکیا کێشە و پرسێک نیە بە ناوی کێشەی کورد. سەرۆکی گەورەترین حیزبی کوردی لە باکور ٢٥ ساڵە لە زیندان دایە. بۆیە بەر لەهەر هەنگاونانێک و قسە لەسەرکردنێک پێویستە:

یەکەم: بەڕێزان  ئۆجئالان و دەمیرتاش  دەستبەجێ ئازاد بکرێن، چونکە ناکرێت لە ژورێکی قفڵکراودا بانگەواز بۆ پرۆسەیەکی وا گرنگ بکرێت.
دوەم : قسەکردن لەسەر پێداچونەوە بە مادەکانی دەستوری تورکیا بە تایبەتی مادەکانی:
دیباجە: ئومەی تورکی پەیمانی خۆشەویستی نیشتمان و ئەو ئومەیەی داوە کە لە دڵی کوڕان و کچانی ئەو تورکانە هاتوە کە شەیدای دیموکراسین.
مادەی دو: سۆز بۆ بیری نەتەوەیی ئەتاتورک.
مادەی ٣ : زمانی دەوڵەت تورکیە
مادەی ٤: حوکمەکانی مادەکانی ١،٢ و ٣ دەستکاری ناکرێت.
مادەی ٤٢ : فێربون بە پێی بنەماکانی ئەتاتورک و چاکسازیەکانێەتی، نابێت هاوڵاتیانی تورک جگە لە زمانی دایک بەهیچ زمانیکی تر بخوێنن لە دامەزاوە پەروەردەییەکاندا.
مادەی ٥٩ : دەوڵەت بۆ گەشەسەندنی جەستەیی و هزری  هەر هاوڵاتیەکی تورک و لە هەمو تەمەنەکان هەمو پێداویستیەک دابین دەکات..................هتد
جەنابی ئۆجئالان بە شاندێکی پایەبەرز لە ئەندامانی دەم پارتی سێ نامەی ناردوە بۆ:  قەندیل، کاک مەسعود بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانی. ناوەڕۆکی ئەم نامانە لە رای گشتی و شەقامی کوردیەوە رون نیە و نازاندرێ چیان تێدایە. خەڵکیش بونە بە دو بەشی یار و نەیار.

لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە جگە لە دەستبردنەکەی باغچەلی و رێگەدان بە چونی شاندەکە بۆ لای عبدوڵا ئۆجئالان نەک هەنگاوی ئەرێنی نەنراوە بەڵکە یەک قسەی باشیش لەم  بارەوە نەکراوە. چەندین سەرۆکشارەوانی لابراون، زۆرێک لە لایەنگرانی پکک زێندانیکراون، رێگەیان نەدا تەنانەت ئۆجئالان بە ڤیدیۆ پەیامەکەی بخوێنێتەوە، تورکیا بەردەوامە لە هێرشکردن و دژایەتی پرسی کورد لە رۆژئاوا. تورکیا تەنها دو رستە دەڵێتەوە " تورکیایەکی بی تیرۆر، پێویستە گروپە تیرۆرستەکان لە سوریا و باکوری عێراق چەکەکانیان دانین و خۆیان هەڵوەشێننەوە"، دەربارەی ئەو قەوارە دەستورییەی لە باشور هەیە نەک تا ئێستا تورکیا دانی پێدانەناوە، بەڵکە زۆر پەشیمانە کە رێگەی بە دروستبونی دا. ئێستاش زۆر دەترسێ قەوارەیەکی هاوشێوە لە سوریا دروستبێت.
لە لایەکی ترەوە پێناچێت ئەم پەیامە لە ئەنجامی جۆرێک لە ریکەوتنبێت لە نێوان تورکیا و ئۆجئالان، چونکە هیچ نەخشە رێگایەکی پێشوەختە دیارنیە، دوای پەیامەکە چ هەنگاوێک دەنرێت، بەڵکە زیاتر لە دەستپێشکەری خاوەن پەیام دەچێت و بەس. چونکە تورکیا بە رونی دەڵێ " ئۆجئالان تەنها پەیامی بۆ قەندیل هەیە".

بە درێژایی جل ساڵی رابردو تورکیا بەدەست شەڕی پکک گیری خواردوە، ئابوریەکەی داتەپیوە، پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا لە پاشەکشەدایە، پوتین و ترامپ لە سعودیە کۆدەبنەوە، پرسی کورد لە رۆژئاوا بەرەوپێش چوە، بۆیە پەیامێکی لەم شێوەیە بۆ تورکیا لەم کاتەدا پەیامێکی فریاد رەسە. بۆیە جێی پرسیارە، ئایا لایەنی سێیەم لەم پەیامە پێشوەخت ئاگادارە؟. لام رون نیە.!

بۆیە پەیامەکە لێکدانەوەی جیاجیا هەڵدەگرێ: خۆبەدەستەوەدان، ئاشبەتاڵ، ئاشتیخوازی و برایەتی، بەسەرچونی سەردەمی خەباتی چەکداری و سەرەتای خەباتی دیموکراتی، یان ماندوبون و وەڕەسبون کە ببێتە هۆی سواربونی شەمەندەفەرێکی هەڵە. خۆ دەشبێت دیارنەبونی ناوەڕۆکی نامەکان دورنیە وابکات بەشی زۆری ئەم لێکدانەوانە زیاتر رەمڵلێدانبێت.

ناوەرۆکی پەیامەکە
پەیامەکە داوای ئاشتی و تەبایی و برایەتی دەکات، چارەسەری پرسی ویموکراتی، ئازادی و بونی گەلی کورد دەکات لە تورکیا، بەڵام ئەوەی زەق و دیارە ، تەواوی راگەیاندن و چاودێرانی کورد و بێگانە باسی دەکەن بریتیە لە:
١- چەک داماڵین
٢- خۆهەڵوەشاندوەی پکک.

لە پەیامەکە لە پاڵ ئەم دو خاڵە جگە لە ئاماژە بە بەستنی کۆنگرە هیچ ئاماژەیەک بە بنەماکانی ئەنجامدانی ئەم دو هەنگاوە نەدراوە، یان باسی چارەنوسی ئەو هەزاران گەرێلا،ئەندام و لایەنگر وکەس وکاری شەهیدان نەکراوە. لە کاتێکدا تورکیا لە بەر بریندارکردنی هەستی کەسوکاری سەربازە کوژراوەکانی رێگەی بە دەرکەوتنی ئۆجئالان نەدا لە کەناڵەکانی راگەیاندن. پاشان چۆڵکردنی قەندیل بۆ کێ؟ چونکە قەندیل هیچ کاتێ بێ هێزی چەکدار نەبوە، دورنیە گەر پکک خۆی هەڵوەشێنێتەوە گروپە چەکدارەکەی داهاتوی قەندیل تیرۆرستانبێت، هێزێک هەڕەشە لە تەواوی کوردان دەکات.

 ئەوەی زیاتر جێی سەرنجە سەرۆکی حیزبە پەرتەوازە و لێکترازاوەکانی باشور بەگشتی پێشوازی لە پەیامەکە دەکەن، هەندێکیان لە ئەردۆگان ئاکاپە ترن، بێشەرمانە داوای چەکداماڵینی هەسەدەش دەکەن لە رۆژئاوا. سەرۆک و حیزبگەلێک زیانی زۆریان بە تەواوی بزوتنەوەی نیشتمانی کوردستان گەیاندوە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پەیامی سەرۆک ئۆجئالان نەک هەر پێشوازی گەرمی لێدەکرێ بەڵکە بە هەنگاوێک دایدەنێن کە ئاشتی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەی لێدەگرێ. ئەوەی جێی سەرنجە سەڕەڕای بەگرنگ زانینی پەیامەکە، هیچکام لەو دەوڵەتانە وەک لایەنی سێیەم ئاگادار لە پرۆسەکە خۆیان  نایەننە بەرچاو. ئەمە و لێدوانەکانی ئاک پارتی زیاتر گومان لە پرۆسەکە لای کورد دروست دەکەن، تۆ بڵێی حەسەن خەیری زیندو نەبوبێتەوە!.
بە هیوای نیەتپاکی ئەردۆگان و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و ئازادی بۆ تەواوی گەلان.


کەرکوک،٢٨/٢/٢٠٢٥

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن