دانوستانی تورکیا و (pkk) و خەڵاتی (نۆبڵ بۆ ئاشتی)
3/9/2025 9:10:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
بە گوێرەی زانیاریەکان پرۆسەی ئاشتی نێۆان تورکیا و (pkk) ئەمجارە ویستێکی هاوبەشی (دەوڵەتی قوڵ لە تورکیا) و (pkk) یە، بەتایبەت خواستێکی کەسی (ئەردۆغان) و (ئۆجەلان) ی لەسەرە:
١- لەسەر ئاستی (دەوڵەتی قوڵ لە تورکیا) و (pkk):
لەلایەکەوە (دەوڵەتی قوڵ) لە تورکیا درک بەو مەترسییانە دەکەن کە ڕووبەڕوی تورکیا دەبێتەوە هەر لە گرفتی ئابووری و ململانێی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ بەتایبەت کێشەی (کورد و ڕەوتی خزمەت) و لێکەوتەکانی لەسەر ناجێگیربوونی کۆمەڵگای تورکیا هەتا کاریگەری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کە ئەگەر هەیە پریشک بەر تورکیا بکەوێت، جگە لەوەی تورکیا لەمێژە ئاوات دەخوازێت بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، هەڵوێستەکانی (دەوڵەت باخچەلی) ئەم دواییە ڕەنگدانەوەی ڕوونی ئەو مەترسیانەیە.
لەبەڕامبەردا پارتی کرێکارانی کورستان (pkk) کەوتۆتە ئەو بڕوایەی توانای سەربازی و پێگەی بەهێزی تورکیا وەک هاوپەیمانی ئسرائیل و ئەندامی ناتۆ، هەروەها لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆجیا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە ململانێکاندا وادەکات کە مەحاڵە لە ڕێگای خەباتی چەکداریەوە بگەنە ئامانج.
کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) کەوتۆتە ئەو بڕوایەی قۆناغەکە پێویستی بە پێداچونەوەیەکی گشتییە لە هەموو ڕوویەکی سیاسی، سەربازی، ڕێکخراوەیی تەنانەت بیر و باوەڕی چەپیش. ئەم بڕوایەش دەرەنجامی نامە گۆڕینەوە و ئاڵوگۆڕی ڕا و بۆچونی چەندین ساڵەی نێوان (KCK) و (عهبدوڵڵا ئۆجهلان)ە " قەندیل و ئیمڕالی".
٢- لەسەر ئاستی کەسیش هەریەک لە (رەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆک کۆماری تورکیا و (عهبدوڵڵا ئۆجهلان) سەرۆکی زیندانیکراوی (pkk) خواستیان هەیە بگەنە ڕێکەوتنێک لە مێژودا بە سەروەری بۆیان تۆمار بکرێت، زانیاری ئەوەش هەیە یەکتریان بینیبێت و ڕاستەوخۆ وتووێژیان کردبێت:
(ئەردۆغان) لەپاڵ ئەوەی پێشتر سێ خول سەرۆک وەزیران بوو و توانی دەستوری تورکیا بگۆڕێت و سیستەمی سەرۆکایەتی بچەسپێنێ و ماوەی سێ خولە سەرۆک کۆمارە، خوازیارە ببێت بەخاوەنی خەڵاتی (نۆبڵ بۆ ئاشتی) تا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێۆدەوڵەتیش پارێزبەندی و ناوبانگ و سەروەرییەکی دیکە تۆمار بکات.
هەر بۆیە سەرەتا بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ (عهبدوڵڵا ئۆجهلان) سەرۆکی زیندانیکراوی (pkk) دەست پێدەکات، دواتر هەوڵی کردنەوەی دەرگایەک دەدات بۆ لێکتێگەیشتن و ئاشتەوایی لەگەڵ (ڕەوتی خزمەت).
لەبەرامبەردا (عهبدوڵڵا ئۆجهلان) دەیەوێت بەزیندویی هاوشێوەی (نێلسۆن ماندێلا) لە زیندان بێتە دەرەوە و لە مێژوودا بە نەمری بمێنێتەوە، سەروەرییەک تۆمار بکات و وەک کەسایەتی سەدە بناسرێت.
بە هەمان شێوەی بەخشینی خەڵاتی (نۆبڵ بۆ ئاشتی) ساڵی ١٩٩٤ بە هەر یەک لە سەرۆکی حکومەتی ئسرائیل (ئیسحاق ڕابین) و وەزیری دەرەوەی ئسرائیل (شێمون پێرێز) و سەرکردەی فەلەستینی (یاسر عەرەفات) لەپای ئەو هەوڵانەی پێشکەشیان کرد لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان (ئسرائیل) و (منظمة التحرير الفلسطينية) و ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی (ئۆسلۆ) بۆ ئاشتی، گەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بچێتە سەر ڕێچکەی خۆی و بەئەنجام بگات پێشبینی دەکرێت هەریەک لە (رەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆک کۆماری تورکیا و (دەوڵەت باخچەلی) سەرۆکی (MHP) و (عهبدوڵڵا ئۆجهلان) سەرۆکی زیندانیکراوی (pkk) خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەدەست بهێنن.