بەڵێن ساڵح برای کەس نەبوو!
4/1/2025 3:45:00 PM
کاوە شێخ عەبدوڵڵا
بەڵێن ساڵح ــی رۆژنامەنووس کاتێک کە مرد بۆمان دەرکەوت تەنیا برای د. بەرهەم ساڵح و کوڕی ڕووناک خان نەبوو؛ بەڵکو بەڵێن لەڕووی ویژدان و ئەخلاقەوە برای زۆربەی هەرەزۆرمان بووە.
من وامدەزانی تەنیا ماسنجەرەکەی منە کە پڕیەتی لە نامەی تێبینی و سەرنجی ورد و هاندان و نیشاندانی خۆشەویستیی کاک بەڵێن. کەچی دوای مردنە کتوپڕەکەی بۆم دەرکەوت کاک بەڵێن بۆ زۆربەی کچ و کوڕە ڕۆژنامەوانە گەنجەکانیش وابووە.
جارێک لە نامەیەکدا بۆم نووسی: کاک بەڵێن پێمخۆشە سەرنج و تێبینییەکانت لەسەر هەڵە و پەڵەی نووسینەکانم، لە کۆمێنت بۆم دابنێی تا ئەو هاوڕێیانەی نووسینەکەیان خوێندووەتەوەو سەیری کۆمێنتەکانیش دەکەن بزانن لەکوێدا هەڵەنووسین هەیە. ببێتە دەرسێکیش بۆ ڕێکنووسینی ئەوانیتر؛ کەچی جوابەکەی زۆر سەرنجڕاکێش بوو بۆم نووسیبووی: برای جواننووسم کاکە کاوەگیان، شەرم دەکەم خەڵک وابزانێ من لە تۆ شارەزاتر و جوانتر دەنووسم کاتێک بمەوێ پێشنیازت بۆ بکەم ئاوا باشترە بینووسیت!
ئەو ساڵەی من لەدایک دەبم، کاک بەڵێن تەمەنی بیست ساڵی رێکە، واتا جیاوازی تەمەنمان بیست ساڵ بوو. جیاوازی ئەزموونی رۆژنامەوانیمان تەقریبەن پانزەساڵ ئەو لە پێشتربوو؛ لەڕووی ئاستە کۆمەڵایەتییەکەشەوە سەر بە دوو دنیای زۆر جیاوازبووین؛ کەچی بەلایەوە نەنگی نەبوو خۆی وانیشان بدات من لەو زاناتر و جواننووسترم!
لە دۆستایەتیدا جیاوازیی حزبایەتیی نەدەکرد، جیاوازی جنێودەرو ڕەخنەگری نەدەکرد تەنانەت ئەگەر رەخنەکەش لە خودی د. بەرهەمی برای بوایە. ئەزموونی حزبایەتیی و سیاسیی و ڕۆژنامەوانییەکانی خۆی نەدەفرۆشتەوە بە خەڵک. باوک و دایکی بەڵێن ساڵح لە سەردەم و قۆناغی خۆیاندا ئینسانی گرنگ و بڕیاربەدەست و ناوداربوون؛ بەڵام کاک بەڵێن وا خۆی نیشان نەدەدا کە کوڕی ئەوان و برای د. بەرهەمە، بەڵکو بەڵێن ساڵحێکی سادە و بێناونیشانە!
جێگای چۆڵبووی کاک بەڵێن بەئاسانیی پڕ نابێتەوە، بەڵام ئەزموونێکی درەوشاوەو جوانی پیاوێکە کە لەو شەست ساڵەی ژیا، دنیایەک یادگاری و ئامۆژگاری و ڕێنمایی و ئیرادەی هاندانی لای زۆربەی هاوپیشەکانی خۆی جێهێشت. بەڵێن ساڵح برای کەس نەبوو بەڵکو هەمووانی بە خوشک و برای خۆی دەزانی تا دووربین لە هەڵە و نەخۆشیی و ناخۆشیی!
ڕۆحی پاکی بەڵێن ساڵح شادبێ و ناو و یادگارییەکانی بە بەرزیی و جوانیی بمێننەوە.