پارێزگای هەڵەبجە
3/29/2025 1:54:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
روداوی بون بە پارێزگای هەڵەبجە ئاسایی نیە، زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان. قەوارەی هەرێم سێ پارێزگایە، بە هەڵەبجەوە دەبێتە چوار، لە عێراقیش لەمەودوا چوار پارێزگای كوردە؟. لەروی بودجەو پارەو پڕۆژە دەبێت پشكی هەڵەبجە زیاد بكرێت و رێكبخرێت، ئەمەش بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان گرنگەو رەنگدانەوەی لەسەر ئابوری كوردستان دەبێت نەك هەر پارێزگای هەڵەبجە، لەروی دەستوری عێراقەوە بابەتەكە بایەخدارە، چونكە بەپێی دەستور ماددەی ( 142 ) بڕگەی چوارەم، سێ پارێزگا دەتوانن پێكەوە بڕیارێكی حكومەت و دەوڵەت رەتبكەنەوە، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە قوڵایی سیاسی دەداتە یەكێتی.
بۆ نمونە یەكێتی دەتوانێت بە دەنگی سێ پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، كەركوك، كە هەر سێ پارێزگارەكەی یەكێتیەو پشكی یەكێتیە وەك دەنگ! كێشە بۆ بڕیارەكانی حكومەتی عێراق دروست بكات كە دەستور ئەم هێزەی پێداوە. لەروی هاوسەنگی هێزی ناوەوەی هەرێمیش، زۆنی زەرد دوو پارێزگای هەبوو، زۆنی سەوز بەس سلێمانی، ئێستا دەبن بە دوو بەدوو(هەرچەندە من دوو هەرێمی رەت دەكەمەوەو دژم، لای من كوردستان یەك هەرێمە، بەڵام باسی واقع دەكەم!). سەبارەت بە رووە بازرگانی و ئابوری وسیاسی و ئیداریش كاریگەری لەسەر ئێران و هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە لەمەودوا پارێزگایەكی كوردی دراوسێی ئێرانە، ئەمەش لێكەوتەی زۆری دەبێت كە باسمان كرد. لەروی كورسی پەرلەمانی وەكو بازنەیەك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و ئەمەش ژمارەی نوێنەرانی كورد زیاتر دەكات یان بڵێین بەهێزتر دەكات، لەروی دانانی ئەنجومەنی پارێزگا بەهەمان شێوە، دەبێت هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام بدرێت. بۆیە بڕیاری بوون بە پارێزگای هەڵەبجە، دەستكەوتێكی گەورەو گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و خودی شارەكەو پێویستە وەكو كورد هەمومان پشتیوانی بین. هەڵەبجە شكۆی قوربانیدانی ئێمەی كوردە.