ئــــورهـــــــان پـــــــامـــــوک
3/30/2025 8:09:00 PM
گۆران مهریوانی
ئورهان پاموک، براوەی خەڵاتی نۆبێڵ، 2006- بواری ئەدەب، لەمەڕ ڕووداوەکانی ئەو دواییەی تورکیا دێتە دەنگ.
بۆ کەسەناێک لە نزیکەوە ئاگاداری سیاسەتی تورکیان، ئەم پێشهاتانەی دوایی، شتێکی سەرسوڕهێنەر نین.
"ئۆردۆگان پاکتاوی ئەو نەختە دیموکراسییەی لە تورکیا ماوە دەکات" و هەروەها
"دەشێ ئۆردوگان بە دەستگیرکردنی ڕکابەرە سیاسییەکەی خۆی، زیاتر نێوبانگ دەربکات." ئەوجاش:
حاڵیحازر بۆ هیچ کەسێک ناکرێت پێشبینی دواتر چی دەگوزەرێت بکات.
پێشتر، لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ڕکابەری سەرەکی سیاسی سەرۆکۆمار، ئۆردۆگان، ئەکرێم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبۆڵ، بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر کە بە ئاشکرا دیاربوو ساختەیە، دەستگیرکرا. لەو دەمەوە مەیدانی تەقسیم کە گەورەترین شوێنی کۆبوونەوەی گەشتیاران و ناوەندی ناڕەزایەتی و مانیفێستە سیاسییەکانی شارە، چۆڵ بووە و لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراوە. بە درێژایی ئەو پەنجا ساڵەی من لە ئیستەنبۆڵ ژیاوم، ئەوەندە هێزیی ئاسایشم نەدیووە وەک لە چەند ڕۆژانی ڕابوردودا، کە گۆیێ بۆ پاراستن دانراون.
وێستگەی میترۆی تەقسیم و چەندین وێستگەی تری پڕ-قەرەباڵغی شار، داخراون. دەسەڵاتدارانی هەرێمی ئیستانبۆڵ هاتووچۆی تڕۆمبێل و پاسیان بۆ شار، سنوردارکردوە. پۆلیس پشکنینی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکات کە دەگەنە شار و هەرکەسێک گومانی سەفەری لێبکرێ بە نیازێ بەشداری لە مانیفێست و ناڕەزایی دەربڕین بکات، لە شار وەدەردەنرێ. تێڤێ چ لێرە و چ لە سەرانسەری وڵاتدا هەمیشە هەڵکراوە تا بکرێ بەردەوام خەڵک ئاگاداری دوا هەواڵی تۆقێنەرەی ڕەوشی سیاسی وڵات بن.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردودا شارداری ئیستانبۆڵ مانیفێستی گشتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی سیاسی قەدەغە کرد – بەمەرجێک مافگەلێکن کە دەستوری وڵات پاراستونی. وێڕای ئەوانەش هێشتا مانیفێستی خۆڕسکی و بێ مۆڵەت و ڕووبەڕوبونەوە لەهەمبەر پۆلیسدا ئیدامەی هەیە و بە هیچ کلۆجێک لە هێز و گوڕیان کەمنەبۆتەوە. ئەوجاش ئینتەرنێت سنوردارکراوە وەک هەوڵێک بۆ ڕێگرتن لە کۆبوونەوە و مانیفێستە گشتییەکان. پۆلیس بێ بەزەییانە گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنێت و خەڵکێکی بێشوماری دەستگیرکردووە.
فرەن ئەوانەی وەک ئێمە دەپرسن چۆن دەکرێ شتگەلێکی قێزاوی ئاوها لە وڵاتێکدا بێتەگۆڕێ کە ئەندامی ناتۆیە و ڕەنجیش دەدات تا ببێتە ئەندامی یەکێتی ئاوروپا. دەمێک جیهان سەرقاڵی ترامپ، شەڕی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، هەروەها ئۆکرانیا و ڕووسیایە، ئەو تۆزە نەختە دیموکراسییەی لە وڵاتدا ماوەتەوە، خەباتی مانونەمانی خۆی دەکات.
بە زیندانیکردنی ڕکابەری سەرەکی ئۆردۆگان – سیاسەتمەدارێکە توانای کۆکردنەوەی پشتیوانیی بەرفراوانی هەیە– دەسەڵاتی توندڕەوت و خۆسەپێنانەی ئۆردۆگان دەباتە ئاستێک کە پێشتر نەمانبینیوە. دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو تەنها چەند ڕۆژێک پێش ئەوە بوو کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە فەرمی ئەوی بۆ سەرۆکایەتی وەک کاندیدی خۆی ڕاگەیاند. بێ گوێدان بەوەی لەگەڵ یان دژی حکومەت بیت، ئێستا زۆربەی خەڵک لەسەر یەک شت کۆکن، ئەویش ئۆردۆگان ئیمامئۆغڵو بە هەڕەشەیەکی سیاسی دەزانێت و دەیەوێت لە دەستی قورتاری بێت.
ئیمامئۆغڵو لە سێ هەڵبژاردنی دواییندا بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئاستێنبوڵ، لە پارتەکەی خودی
سەرۆکۆمار، ئێردۆگانی، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دەنگی زیاتر بەدەستهێنا. دەمێ ئیمام ئۆغڵو لە هەڵبژاردنی ئاپڕیڵی 2019-دا لە کاندیدی پارتەکەی ئێردۆگانی بردەوە، بە بیانوی ناڕێکوپێکی تەکنیکی، ئێردوگان هاتو ئەنجامەکەی پووچەڵکردەوە. هەڵبژاردنی نوێ دوای دوو مانگ بەڕێوەچوو. ئیمامئۆغڵو جارێکی تر سەرکەوت. تەنانەت خۆی بەهێزتر کرد. دواتر، لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی، 2024, دوای پێنج ساڵ حوکمڕانی، ئیمامئۆغڵو جارێکی دیکە شکستی بە کاندیدی پارتەکەی ئێردۆگان هێنا و بۆ جاری سێیەم بە سەرۆکی شارەوانی ئاستەنبوڵ هەڵبژێردرا. سەرکەوتنی ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردن و پەرەسەندنی نێوبانگی وایکرد ببێتە کاندیدی پێشەنگی ئۆپۆزسیۆن، بۆیێ دەشێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاشدا سەرکەوتوو بێت و ببێتە ئاڵنگاری ئێردۆگان.
لایەنێکی تری کۆی کێشەکە پێدەچێت ئێردۆگان، خۆی بێت، هەمان ئەو تاکتیکانە ڕکابەرەکەی دژی خودی ئەم 27 ساڵ پێش خستیانەکار، ئێستا خۆی خەریکی هەمان کارە. لە 1998 تەیب ئێردۆگان سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراوی ئاستەنبۆڵ و کەسایەتییەکی خاوەن جەماوەر بوو. دەسەڵاتی عەلمانی و سەربازی شێوە ئیسلامی سیاسی، لەویان بە مەترسی دەڕوانی. ئیدی وەزیندانیان ناو ، پاشان دادگایی کرا (بە تۆمەتی دۆسیەی هاندانی ڕکو کینەی ئایینی چوون شیعرێکی سیاسی لە میتینگێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا خوێندبۆوە). ئێردۆگان لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی دوورخرایەوە و سزای چوار مانگ زیندانی درا.
لێ زیندانیکردنی و، ئەوجاش ملنەدان، پاشان دژوەستان و ڕەتکردنەوەی هاوکاری دەگەڵ دەسەڵتدارانی ئەودەم و خۆنەچەماندنەوە بۆ ستەمکارەکانی سوپا، زیاتر کۆمەکێ بوو بۆ بەهێزکردنی پڕۆفایلی و پێگەی سیاسی ئەو. وەک هەندێک لە شرۆڤەکار ئاماژەیان پێداوە، زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو بەوەی ئەمیش تۆمەتەکانی ڕەتکردۆتەوە و بەڵێنی داوە "خۆ-نەچەمێنێتەوە"، لە ڕاستیدا دەشێت هەمان دەرئەنجامی نەخوازراوی هەبێت. ئەم دژایەتی کردنە زۆر چاک دەتوانێت یارمەتیدەر بێت تا نێوبانگی سەرۆکی شارەوانی زیاتر برەو پێبدات.
وێڕای ئەوانەش دۆخەکە وەک یەک نین. ئیمامئۆغڵو لەبەردەم هەوڵێکی بە ئەنقەست و پلانڕێژدایە تا نەکرێت خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کاندید بکات. ڕۆژێک پێش ئەوەی پۆلیس بۆ ماڵەوە بنێردرێتە سەر ئەو ، ڕۆژنامەوانی متمانەداری ئێردۆگان و، ئەوجاش سەرۆکی زانکۆی ئاستەنبۆڵ، کە ئێردۆگان بۆ خۆی دایناوە ، بڕوانامەی ئاکادیمی ئیمامئۆغڵۆ، دەرچووی زانکۆی ئەهلییە، بە نادروست و بڕواپێنەکراو لە قەڵەمدا. چوون لە تورکیا تەنیا کەسانێک کە بڕوانامەی زانکۆیان هەیە دەکرێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەمەش ئیمامئۆغڵو لەو پۆستە بێبەری دەکات، ئەویش ڕایگەیاند بە نیازن بە ناڕەزایەتی بەرپەرچی ئەو بڕیارە بدەنەوە. سەرباری گشت ئەمانەش تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆریان خستە ئەستۆ.
بە "تیرۆریست" نێودێرکردن نەیارانی سیاسی، مەیلێکە ئێردۆگان دوای کودەتا سەربازییە شکستخواردوەکەی 2016 گەشەی پێداوە، ئەودەم بەشێکی سوپای تورکیا هەوڵیاندا دەسەڵاتی حوکومەت بگرن. کە نووسەری ئۆتریش پیتەر هاندکێ ڕەخنەباران کرا چوون پشتگیری خۆی بۆ سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ، سەرۆکی پێشووی سربیا، ڕاگەیاند، بەڵام 2019, خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبی پێبەخشرا، ئێردۆگان نەیارێکی سەرسەختی ئەو بڕیارە بوو. لەو ساتوئانەدا بێ ئامادەکاری، بەبێ تێلێ-پرۆمپتەر*، هاواری دەکرد: “دەی ئاوەها هەمان خەڵاتیان بە تیڕۆڕیستێکی تورکیاش بەخشی!” {مەبەست پاموک خۆیەتی-وەر.} لە ڕاستیدا بڕیار بوو ئەو ڕۆژە لە نیویۆرکەوە بە فڕۆکە بگەڕێمەوە ئاستەنبوڵ، خەریک بوو سەفەرم ڕاگرم، بەڵام گۆتەبێژی سەرۆک هات و ڕایگەیاند، ئەوەی سەرۆک ئاماژەی پێداوە، من نیم.
دادگایەکی کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن ئێردۆگانەوە، ئێستا ئیمامئۆغلوی بە تۆمەتی گەندەڵی لە زیندانناوە، لێ بێ بەکارهێنانی تۆمەتی “تیرۆر”. تۆمەتێکی لەو شێوەیە ڕێگەی بە سەرۆک ئێردۆگان دەدا کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکی شارەوانی ئاستەنبۆڵ دیاریبکات – پۆستێکە پارتەکەی لە سێ هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەکدا نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت. هەندێک ترسیان لەوەیە ئێردۆگان ئیدی باجوخەراج و داهاتی بەردەوامی ئاستەنبۆڵ بخاتە خزمەتی پەیوەندیەکانی، پڕوپاگاندە و پێئێڕی پارتەکەی خۆی.
ئێردۆگان، بە زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو نەک هەر ڕکابەرێکی خەڵکدۆست دەنێو دەبات؛ بگرە هەوڵدەدات سەروەت و سامانی دەوڵەمەندی ئاستەنبوڵ بخاتە ژێر مستی، کە ماوەی حەوت ساڵە نەیتوانیوە دەستی پێڕابگات. بێت و سەربکەوێت، ئیدی تەنیا ڕوخساری ئێردۆگان و کاندیدی دڵخوازی خۆی لەبان دیواری شار و تابلۆ و شاشەی زانیاریدان دەبینین.
ئەمانە بۆ کەسانێک لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ سیاسەتی تورکیا کردبێت، جێگەی سەرسوڕمان نین. تورکیا، لە دەیەی گوزەرکردودا دیموکراسییەکی ڕاستەقینە نەبووە – تاقە دیموکراسییەک هەبووبێ بۆ هەڵبژاردنی سیاسی بووە، ئەویش دەکرێت دەنگ بە کاندیدێک بدەیت کە پێت باشە، وەلێ بێ ئازادی ئاخافتن و بیروڕا. بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی داوە تا خەڵک ناچاری ملکەچی بکات. تەنانەت کەس باسێ لەو فرەگەلە ڕۆژنامەنووس و فەرمانبەرانە ناکات کە تەنیا لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بە هەڕەمەکی لە زیندان نراون، یان هەوڵدانێکە تا متمانە و بڕوا بدەن بەو تۆمەتە گەندەڵیانەی ئیمامئۆغڵوی ناردۆتە کونجی زیندان، یانشە گریمانێکە گۆیێ خەڵکی لە خۆڕا ناگیرێت، ئەوەتا فرەگەلێک ڕووبەڕووی هەمان تۆمەت بوونەتەوە.
ئێستا دوای گرتنی خەڵکدۆسترین سیاسەتمەداری وڵات، کاندیدێک کە دەبا لە خولی داهاتووی هەڵبژاردنی وڵاتدا زۆرینەی دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو فۆڕمە دیموکراسییە تەسکەش کۆتایی دێت. ئیدی قابیلی قەبوڵ نییە، تا بڵێیت شوێن نیگەرانی، توڕەیی و جاڕسییە، بۆیێ خەڵکێکی لە ژمارە بەدەر بەشداری ناڕەزایەتیەکان دەکەن.
بۆ هیچ کەسێک ناکرێت حاڵیحازر پێشبینی دواتر چی دەگوزەرێت بکات.
وەر.: گۆران مەریوانی
تێبینی وەرگێڕ
*تێلێ-پڕۆمپتەر: شاشەیەکە دەمێ کەسێ، سیاسییەک یان هەواڵدەرێ نووسینێ دەخوێنێتەوە، لە شاشەیەکدا بەرامبەری نووسینەکە دەردەکەوێ و ئەویش دەیخوێنێتەوە.
*سەرچاوە، ڕۆژنامەی داگس نیوهێتەر، چاپی Publice