18وتار

نەتەنیاهۆ: من کورد نیم، مێشکتان ئەپژێنم

4/12/2025 1:36:00 PM
‌سەردار محەمەد

ئەوەی نەتانیاهۆو ئیسرائیل بەحزبوڵڵا و حەماسیان کرد، مەگەر لەفیلمی خەیاڵیدا روویاندابێت

ئیسرائیل لەرۆژێکدا، ئێوارەکەی گەورەترین فەرماندەی مەیدانی حزبوڵای لەبەیروت کوشت‌‌ و نیوەشەویش ١٥٠٠ کیلۆمەتر دوور لەبەیروت، ئیسماعیل هەنیەی سەرکردەی حەماسی لەتاران کوشت.

رۆژێکیشیان لەماوەی تەنها چرکەیەکدا، زیاتر لە چوار هەزار جەنگاوەری حزبوڵای شەل‌و کوێر‌ و کەڕ و کاس کرد.

ماشێنی جەنگی ئیسرائیل زیاتر لەساڵێکە وچان نادات، هەموو سەرکردە سیاسی‌و فەرماندە مەیدانییەکانی ریزی یەکەم‌و دووەمی حزبوڵاو حەماسی یەک بەیەک کوشت‌.

بەکوشتنی حەسەن نەسروڵاو یەحیا سەنواریش، نەک هەر حزبوڵاو حەماسی بێ سەر کرد، بەڵکو محوەری مقاوەمەشی بەجارێ لەپەل‌و پۆ خست‌‌، ئەمەش رێگەی بۆ کەوتنی بەشار ئەسەدو پاشەکشەی ئێران هەموار کرد. 

ئیسرائیل کە نوێترین تەکنیک‌و تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد لەجەنگدا بەکاردەهێنێت، هەمیشە بیر لەچۆنیەتی دروستکردنی ئایندەی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە کە لەڕووی زانستییەوە بەسەر ئەو چواردەورە عەرەبی‌و ئیسلامییەیدا باڵادەست بێت کە هێشتا لەحیکایەتەکانی معاویەو حەسەن‌و حسێن‌و سەلاحەدینی ئەیوبی‌و خوێندنەوەی "خورشیدو خاوەر"ی رابردوویاندا گیریان خواردووەو "پاشای خەون‌و خەیاڵن".

نەتانیاهۆ، کە لەپەیمانگای تەکنەلۆجیای ماساشوستس (MIT) خوێندویەتی‌، لەو جۆرە کەسانەی جیهانی عەرەبی‌و ئیسلامی نییە کە هەر چەنە ئەدەن‌و هیچ ناکەن، هیچ سەرکردەیەک نییە لەمێژووی ئیسرائیلدا وەکو ئەم دوژمنەکانی هاڕی بێت‌و هەموو رێساکانی جەنگ‌و ململانێی بەشێوەیەکی ریشەیی گۆڕی بێت. 

لەدیدی نەتانیاهۆوە وەک لەکتێبەکەیدا "شوێنێک لەبەر خۆرەتاو"دا ئاماژەی پێدەکات، تەنها شتێک کە رێگە لەشەڕەنگێزیی شۆڤێنیزمی عەرەبی‌و ئیسلامی توندڕەو بگرێت، "نیشاندانی هێزە"، بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، لەبەرامبەر کوشتنی هەر جولەکەیەکدا، (بەژمارە) ١٠٠٠ فەلەستینی‌و عەرەبی کوشتووە، باکیشی نەبووە کە بەشێکیان ژن‌و منداڵ‌و خەڵکی مەدەنی بوون‌و کوشتنیان دەچێتە خانەی تاوانەوە.

بەبۆچوونی نەتانیاهۆ لەم رۆژهەڵاتە پڕ لەتوندوتیژیی‌و شەڕەنگێزەدا، کاری دیبلۆماسی بەتەنها دادیان نادات، دەبێت جولەکە سەدان ساڵ ئامادەی شەڕکردن بن لەپێناو پاراستنی مافەکانیان، کە دوای هۆڵۆکۆستی ٦ ملیۆن جولەکەو دوای ٦ جەنگ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، هێشتا هەوڵی لەناوبردنی ئەو جولەکانە دەدرێت پاشماوەی هۆڵۆکۆستن‌و لەسەر پارچە زەوییەکی بچوک کۆبونەتەوەو دەیانەوێ رایانماڵن‌و "بیانخەنە دەریاوە"! 

بەمەرجێک نیشتمانی عەرەبی ٥٠٠ ئەوەندەی روبەری ئیسرائیل گەورەترە. ئەم هەموو رقە بەرامبەر بەئیسرائیل‌و جولەکە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

لەو روبەرەدا کە لەزەریای ئەتلەنتیک‌و باکوری ئەفەریقاوە درێژ دەبێتەوە تا ناوچەی کەنداو، عەرەب سوورن لەسەر ئەوەی ئەم روبەرە تەنهاو تەنها نیشتیمانی عەرەبییە، هەرچەندە چەندین گروپی ئیتنی‌و ئایینی جیاوازی ناعەرەب‌و ناموسڵمانی تیا دەژین کە دانیشتوانی رەسەنەکەن، لەئەمازیغی‌و قبتییەکانەوە بگرە تا دەگات بەمارۆنیەکان‌و جولەکەو دروزو کورد، ئەم کەمایەتیانە بەردەوام ملکەچ‌و سەرکوتکراون‌و روبەڕووی کوشتارو قڕکردن بوونەتەوەو سەروەری عەرەبیان بەسەردا سەپێنراوە. 

تاکە کەمینەیەک لەناو کەمایەتییەکانی جیهانی عەرەبیدا سەرکەوتوو بوە لەزاڵبون بەسەر ئەم سەرکوتکردنەداو سەربەخۆیی خۆی بەدیهێناوەو نەیویستووە کەمینە بێت لەژێردەستی زۆرینەی عەرەبدا، جولەکەکانن. 

جولەکەکان توانیویانە لەڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە "شوێنێک لەبەر خۆرەتاو"دا بۆ خۆیان بنیاتبنێنن‌و کۆتایی بەتراژیدیای دەربەدەریی‌و کوشتارو پەرتەوازەیی هەزاران ساڵەی خۆیان بهێنن‌.

رق‌و دوژمنایەتی عەرەب، لێرەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەوان دان بەبوون‌و سەربەخۆیی ئیسرائیل‌و هیچ گەلێکی دیکەی ئەم ناوچەیەدا نانێن‌و بوونی هەر سەروەرییەکی تر ڕەتدەکەنەوە.

سەبارەت بەوەی عەرەب‌و فەلەستینیەکانیش دەڵێن سەدان ساڵە لەو خاکەدا دەژین‌و جولەکە خاکی فەلەستینی داگیر کردوە، نەتانیاهۆ پێیوایە ئەو قسانە هیچ بنەمایەکی مێژووییان نییە، ئەو حاڵەتی ئیسپانیا بەنمونە دەهێنێتەوە، کە حوکمی سەدان ساڵەی عەرەب لەئیسپانیا (٨٠٠ ساڵی خایاندو مەسیحییەکان لەئەندەلوس بوون بەکەمینە)، ئەمە رێگر نەبوو لەبەردەم ئیسپانیەکاندا (کە تەنها پارچە زەوییەکی بچوکی شاخاوییان بەدەستەوە مابوو لەباکوردا)، بۆ ئەوەی بەرەنگاری دەسەڵاتی داگیرکاریی عەرەب ببنەوەو بەشەڕ لەئیسپانیا دەریانپەڕێنن‌و سەرلەنوێ دەوڵەتی خۆیان بنیاتبنێنەوە.

ئەوەی بۆ ئیسپانیەکان رەوایە، بۆ جولەکەش بەهەمانشێوە، ئیسپانەکان بەئاگرو خوێن کردیان‌و جولەکەکان لەڕێگەی جولەکەنشینەکانەوە. 

ئەوەی ئیسپانەکان دوای ٨٠٠ ساڵ بەدەستیانهێنایەوە، جولەکەکان دوای ١٢٠٠ ساڵ.

بەبڕوای نەتانیاهۆ، لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە هەزاران ساڵە پێکهاتەکانی خەریکی کوشتاری یەکترن، میانڕەویی جێی نابێتەوە، ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنهاو تەنها لەڕێگەی هێزو توانای بەرپەرچدانەوە بەدیدێت، تەنها کاتێک دەتوانی رێگە لەدەستدرێژیی دوژمنەکانت بگریت، کە بزانن شەڕ هەڵگیرسێت دەدۆڕێن‌.

بەو ئەندازەیە بەهێز نەبیت، نەدەتوانی ئاشتی‌ بەدەستبهێنێت‌و نەئاسایش دەستەبەر بکەیت.

نەتانیاهۆ بەدوژمنەکانی ئیسرائیل دەڵێت "ئێمە ئەمازیغی‌و قبتی‌و مارۆنی‌و دروز نین سەرکوت‌و ملکەچ بکرێین‌، کوردیش نین ئەنفال بکرێین، ئەوەی دەستمان بۆ درێژ بکات، روحی دەردەهێنین‌و مێشکی دەپژێنین".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن